پەرلەمانتارانی عێراق: بەڵگەمان لەبەردەستدایە گوشار لە تورکیا بکەین

نەدا شاکر جەودەت پەرلەمانتاری عێراق، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەڵوێستەکانی دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بخاتەڕوو، هەروەها سەرۆکی کوتلەی بەدر، حەسەن شاکر ئاماژەی بەوەدا بەڵگەمان لەدەستدایە گوشار لەسەر تورکیا دروستبکەین.

 

غوفران ئەلڕادی

بەغدا- نەدا شاکر جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند، داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆی بخاتەروو، وتیشی: ئێمە لە بێدەنگی حکومەت خەمبارین، ئایا ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و تورکیادا هەیە لەسەر هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان؟، ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات مەترسیدارن و دەبێت دەسەڵاتداران بۆ ڕێگەگرتن لە مەترسی سەر کوردانی عێراق و ڕاوەستاندنی هێرش بۆ سەر هاوڵاتی مەدەنی خاوەن هەڵوێست و بەرپرسیار بن.

 

دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلکارییەکانی تورکیا ببینێت

نەدا باسی لەوەشکرد کە دەبێت داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت، تا پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ببینێت و سەروەری خاکی عێراق بپارێزێت، نەدا دڵنیایشی دا کە پێویستە بە خێرایی کاربکرێت بەتایبەت دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا سروشت و ژینگەی عێراقیان وێران کرد، وتیشی: "زەوی و گوندەکانی باکوری عێراق بە بلدۆزەر وێران دەکرێت و دارەکان دەبڕدرێنەوە".

 

سەرۆکی کوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق، حەسەن شاکر بە ئاژانسی ژنهای وت: لە بەغدا ڕێککەوتنی پەرلەمانتاران هەیە تا پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستێنن، هەر ناکۆکییەکیش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەو واتایە نییە دژی گەلی کوردین کە ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە، ئاماژەی بەوەشدا: کەس پێشێلکردنی سەروەری عێراق قبوڵ ناکات، بەداخەوە کە بە بیانوی جۆراوجۆر پێشێلکاری دەکرێت، چۆن عێراق ڕێز لە سنور و سەروەری وڵاتانی جیهان دەگرێت، پێویستە ڕێز لە سەروەری عێراقیش بگیردرێت.

 

حەسەن شاکر وتیشی ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی بۆ خاکی عێراق، لەناوبردنی ژینگەی عێراق، بڕینی دارەکان، وێرانکردنی ماڵان و کوشتنی هاوڵاتی مەدەنییە و ئەمانە هەموو بەڵگەن.

 

ئەو دارانەی تورکیا دەیبڕێتەوە دەبڕێنە ئەو وڵاتە و دەیفرۆشنەوە

دەربارەی گرتنی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا سەرۆکی پەرلەمانتارانی کوتلەی بەدر وتی: داواکارییەک بۆ دیالۆگ و دانوستان هەیە، چونکە زۆر بەڵگەی گرنگمان لەبەردەستدایە دەتوانین گوشار لەسەر تورکیا دروستبکەین پێی، دانوستانی بازرگانیشی تێدایە کە ساڵانە عێراق ١٦ ملیار ئاڵۆگۆر دەکات لەگەڵ تورکیادا.

 

دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانەکانی لەسەر خاڵە سنورییەکانی عێراق، پێنج گوندیش بەرەو چۆڵکردن دەچێت بەهۆی بۆردومانەکانەوە لەوانە کێستە، جلکی، مەسیحی، ئادەنە، دیشیش و گوندی سرۆ'ن، لەهەمان کاتدا تورکیا دارەکان دەبڕێتەوە و خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی هێرشەکانی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق محەمەد کەریم خەفاجی و وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بێگەرد تاڵەبانی ڕایانگەیاند کە ئەو دارانەی دەبڕدرێنەوە لە تورکیا دەفرۆشرێن.

 

ت.پ