پەرلەمان، بووە جێگەی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی پەرلەمانتار

لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ساڵیادی هەڵەبجە، توندوتیژی بەرامبەر ئەندامپەرلەمانێکی ژن کرا.


ناوەندی هەواڵ
 
لە ١٦ی ئازاردا پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی تایبەتی بۆ ساڵیادی ٣٣ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەنجامدا، کۆبونەوەکەی پەرلەمان بە بەشداری ژمارەیەک لە وەزیرەکانی هەرێم بەڕێوەچوو، سەرجەم بابەتی ناو کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کیمیابارانکردنی ساڵی ١٩٨٨ی هەڵەبجە، ئەندام پەرلەمانەکان بە گفتوگۆکردنی کراوە بەشداریان لە کۆبونەوەکەدا کرد، بەڵام لە کۆتایدا بە هۆی نەبوونی یەکسانی و دەنگی ئازاد لە پەرلەماندا، گرژی و ئاڵۆزی ڕوویدا و هێرش کرایەسەر پەرلەمانتار شیرین ئەمین، لەوکاتەی کۆمەڵێک بەڵگەی خستەڕوو.
 
شیرین ئەمین ئەندام پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئاژانسی ژنها دوا و  باسی لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کرد، هەروەها باس لەوە دەکات لەسەر وتنی ڕاستییەکان چۆن لەلایەن ئەندامپەرلەمانەکانی تری پیاوەوە هێرشی کراوەتە سەر.
 
لە کاتی قسەکانیدا لە کۆبوونەوەی ١٦ی ئازاری پەرلەمانی کوردستاندا، لە دەستپێکی ژیانی خۆیەوە دەستی بە قسەکردن کردووە، وەک ژنە ئەنفالێک کە لەلایەن جاش و موستەشارەکانەوە خێزانەکەی ئەنفال کراون و کەسوکارەکەی زیندە بەچاڵ کراون، بەڵام ئێستا ئەو جاش و موستەشارانە لە ڕیزی پێشەوەی حکومەتدان، دووبارە خەڵکی ئەنفال دەکەنەوە لەژێر ناوی تردا، ئاماژەش بەوە دەکات لە پێناوی وتنی هەق و ڕاستی خەڵکی تیرۆر دەکەن.
 
هۆکاری هێرشکردنە سەر شیرین چی بوو؟
لە دوای ئاشکراکردنی تاوانبارانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵێک بەڵگەی ڕاستی، لەلایەن شیرینەوە گرژی و ئاڵۆزی ڕوویدا لە قسەکانیدا شیرین باس لەوە دەکات "وتم فەرموو ئەمڕۆ وەڵامتان بۆ هەڵەبجە چییە؟ کێ بوو تاوانباران و پاڵەوانانی کیمیابارانی هەڵەبجەی لە ئاسایشی گشتی سلێمانی ئازاد کرد!" باس لەوەش دەکات قسەکانی بەبەڵگەوە لەبەردەستا بووە و بەرزی کردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەو تاوانبارەی لەلایەن بەرپرسەکانی یەنەکە-وە ئازادکراوە، خۆی دانی بەوەدا ناوە کە لەلایەن تاڵەبانییەوە ئازاد کراوە. لەگەڵ وتنی ڕاستییەکان ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنی یەکێتی هێرشیان کردە سەر شیرین ئەمین  بە تێگرتنی دەبە ئاو، هەروەها بە وتەی شیرین هەوڵدراوە لەلایەن ئەندام پەرلەمانە پیاوەکانەوە لێی بدرێت و توندوتیژی بەرامبەر بکرێت.
 
پێگەی حزبی کاری کردووەتە سەر بڕیارەکانی سەرۆکی پەرلەمان
شیرین ئاماژە بەوە دەکات، لەناو پەرلەماندا حیزب باڵادەستە و ناتوانرێت بێلایەنی بپارێزرێت، دەڵێت "سەرۆکی پەرلەمان بە هۆی بوونی پێگەی حیزبی نەیتوانی وەک سەرۆکێکی دامەزراوەی یاسا دانان ڕۆڵ بگێڕێت، نەیتوانی سزای ئەو  هێرشکارانەدا بدات کە هێرشیان کردە سەرم بەڵکوو بە شێوەیەکی نایاسایی سزای بەسەر مندا سەپاند بە ماددەی ٥٧ بڕگەی چوارەم، لەکاتێکدا بڕگەی ١،٢،٣ هەبوون، بەداخەوە پەرلەمان هەمیشە لەلایەن حیزبەکانەوە شکۆی شکێنراوە و ناشرین کراوە، تا ئێستا چەندین حاڵەتی ناشرین و بارگرانی دروست بووە، سەرۆکی پەرلەمان نەیتوانییەوە ڕێگری لە ئەندام پەرلەمانێک بکات بەڵام بۆ من بۆ ئەو بڕیارەی دەرکرد ئەمە جێگای پرسیارە؟"
 
لە پەرلەماندا وتنی ڕاستی نایاساییە و توندوتیژی کردن بەرامبەر بە ژنان ئاسایی بووە
شیرین دەڵێت یەکسانی بوونی نییە لەناو پەرلەماندا: "لە دوای ڕووداوەکە هێشتا من لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا بووم، سەرۆکی پەرلەمان ڕاستەوخۆ ئاماژەی دا کە قسەکانی من لە پرۆتۆکۆل دەسڕدرێتەوە". بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی کوردستان، پەرلەمانتار لە دەربڕینی ئاخاوتن لە چوارچێوەی دەستور و یاسا ئازادە لە دەربڕینی ڕاستی، بەڵام لە ڕووداوەکانەوە بۆمان دەردەکەوێت شتێک نییە بەناوی یەکسانی و ئازادی لەناو هۆڵەکانی پەرلەماندا"، شیرین دەڵێت" ئەوان تا ئەو کاتە ئازادییان لا پەسەندە کە نەدەیت لە پیرۆزیەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەوان"
 
مافی ژنان تا چ ئاستێکە لەلایەن حیزبەکان!
لە قسەکانیدا شیرین باس لە مافی ژنان دەکات: "حیزبەکان بەگشتی و بەشێک لە حیزبە باڵادەستەکان بە تایبەتی ئەوەندە لەگەڵ مافی ژناندان کەلە بەرژەوەندی خۆیاندابێت، ژن ببێتە کۆیلەو کۆیلایەتی بۆ حیزب بکات، دەنا دەربرینی ئازادی و ڕاستی قبوڵ ناکەن، بگەڕێینەوە بۆ حاڵەتی ڕەگەزی کە پێشێلکاری بەرامبەر ژنان بکرێت، دوو جار رێکخراوەکان، پەرلەمانی کوردستان، دامەزراوەکانی تایبەت بە داکۆکیکارانی مافی ژنان دەخاتە ژێر پرسیارەوە".
 
ت.پ