پێنج ساڵە هاوسەرۆکانی هەدەپە لە زینداندان

هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش ماوەی پێنج ساڵە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراون و سەرەڕای چەندین داواکاری ئەوروپا و هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ئازادکردنیان، تا ئێستا لە زینداندان.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ – بەرەبەیانی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر ماڵی هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و لەگەڵ زیاتر لە ١٠ پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە دەستگیری کردن، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و چالاکییەکانیان بۆ کۆبانێ ماوەی پێنج ساڵە لە زینداندان، دوای چەندین جار دانیشتنی دادگا بۆ کەیسەکانیان بڕیاری ئازادکردنیان نادرێت و هەرجارە و بە تۆمەتێکی نوێ سزایان بۆ زیاد دەکرێت.

 

لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا چەندین داواکاری بۆ ئازادکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە لەلایەن دادگای باڵای مافی مرۆڤی ئەوروپا، ڕێکخراو، پەرلەمانتارانی ئەوروپا و هیومان ڕایتس وۆچ پێشکەشکراوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بێگوێدانە داواکارییەکان لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە بەردەوامە.

 

لە ساڵی ٢٠١٧ داواکاری گشتی تورکیا دەربارەی ھەردوو ھاوسەرۆکانی ھەدەپە سکاڵانامەیەکی ئامادەکرد و داوای سزای ١٤٢ ساڵ زیندانی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و سزای  ٨٣ ساڵ زیندانی بۆ فیگەن یوکسەکداغ کرد.

 

 

سزاکانی فیگەن یوکسەکداغ

 بەهۆی بەشداریکردنی لە چالاکییەکدا لەسەر گۆڕی ئەندامێکی پارتی کۆمونیستی لێنینیستی تورکیا کەلە ساڵی ٢٠١٢دا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستی لە ئیستەنبوڵ گیانی لەدەستدا، داواکاری گشتیی ئەدەنە دۆسیەی لەسەر فیگەن یوکسەکداغ ئامادەکرد و دادگاش لە ٢٠١٦بە ١٠ مانگ زیندانی سزایدا.

 

هەروەها بەهۆی وتەیەکەیەوە کە دەڵێت: "ئێمە پشتیوانی لە یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە دەکەین"، تۆمەتی پڕۆپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی چەکداری و گروپی تیرۆریستی، داوای بەندکردنی کرا لە ٥-١٥ ساڵ.

لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، بە بیانووی "بێڕێزیکردن بەرامبەر سەرۆک کۆمار"   بەبڕی هەزار و ٧٤٠ لیرەی تورکی سزا درا.

سزاکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش

بەبیانووی ئەوەی رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١٣ لە وتارێکیدا لە جەژنی نەورۆز دەستەواژەی "شەهید"ی بۆ گەریلا بەکارهێناوە، لەلایەن دادگای ٢٦ی سزا قورسەکانی ئیستەنبوڵەوە سزای زیندانی چوارساڵ و ٨ مانگی بەسەرداسەپێندرا، ئەم سزایە رۆژی ٢٦ی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن دادگەی باڵای تورکیاوە پشتڕاستکرایەوە.

 

لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١  پڕۆسەی دادگاییكردنی دەمیرتاش، لەسەر كەیسی هەڕەشەكردن لە دادوەری دۆسییەكانی دژەتیرۆر بەڕێوەچوو، دەمیرتاش لەم كەیسەدا بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن سزادرا.

 

بەدەر لەوە، داواکاری گشتی تورکیا دەڵێت، ساڵی  ٢٠١٥ دەمیرتاش لە وتارێکیدا لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا کردووە، بەو هۆیەوە دادگای٤٦ی باکڕکۆی ئیستەنبوڵ لە دۆسیەی ''سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆماری تورکیا''دا سزای سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەر سەلاحەددین دەمیرتاش سەپاند.

 

تا ئێستا داواکاری‌ گشتیی‌ تورکیا  ٩٣سکاڵای لە دژی‌ دەمیرتاش تۆمارکردووە و جارێکیش داوایکردووە دەمیرتاش دووجار زیندانی‌ هەتاهەتایی‌ و ٦ ساڵ زیندانی‌ بکرێت و جارێکیتریش داوایکردووە، دەمیرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانی‌ بکرێت، تا ئێستاش سکاڵاکان و پرۆسەی‌ دادگایی‌ بەردەوامیی‌ هەیە.