"پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری قەیرانە جیهانییەکانە"

فاتمە لەکتۆ، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تیشکی خستەسەر سەختکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری قەیرانە جیهانییەکانە.

حەسنا محەمەد

 

قامیشلۆ-ماوەی ٢٦ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لەلایەن هێزە هەژموونییەکانەوە ڕادەستی تورکیا کرابوو، لە زیندانی ئیمرالی زیندانی کراوە، ڕۆژ بە ڕۆژ سیاسەتی چڕکردنەوەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە سێ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی نازاندرێت و کەسیش نازانێت بارودۆخی چۆنە، ئەو گۆشەگیرییەی کە لە ئیمرالی بەڕێوە دەچێت، گۆشەگیرییەکی سیاسییە کە دەیەوێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆمەڵگە لەیەکتر جیا بکاتەوە و سیاسەتی لەناوبردن لەسەر خەڵک جێبەجێ بکات.

 

 فاتمە لەکتۆ، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی گەلی عەفرین-شەهبا هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بە توندکردنەوەی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد و بارودۆخی سیاسی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

 

"بە ڕفاندنی ڕێبەر ئاپۆ، دەیانویست گورزێک لە دۆزی گەلی کورد بدەن"

لە سەرەتای قسەکانیدا فاتمە لەکتۆ گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو سزا دیسپلینییەی کە بەسەریدا سەپێندراوە شەرمەزار کرد و وتی: ئەو گۆشەگیرییە شەرمەزار دەکەین کە لەسەر کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت و هەرگیز قبووڵی ناکەین، زیادکردنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ درێژەی پیلانگێڕی دژی گەلی کوردە، ڕفاندنی ڕێبەر ئاپۆ و ئەنجامدانی پیلانێکی نێودەوڵەتی لە دژی مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن هەبوون و ئیرادە وەک ئەو بە مانای لەناوبردنی سیاسەتی جیهانی بە گشتی، سیاسەتی جیهانی و زلهێزە هەژمونیەکان نەیانتوانی کەسێکی خاوەن بیری ئازاد لەدژی خۆیان قبوڵ بکەن، ئەمەش بە مانای لاوازبوونی دۆخی سیاسی جیهان دێت، ڕفاندنی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو سزایەی کە بەسەریدا سەپێندرا، شیاو نەبوو، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ لە زیندانی ئیمرالیە تا ئەم ساتە بەردەوامە لە بەرخۆدان و خەباتی خۆی، ڕێبەر ئاپۆ بە بیرە ئازادەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهانی بەرەو ڕووناکی دەبرد، بەڵام هێزە هەژموونخوازەکان دەیانویست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە تاریکیدا بمێنێتەوە، بەتایبەتی کورد، دەیانەوێت دەستبەرداری دۆزی خۆیان بن.

 

"بیرە ئازاد و دیموکراتیکەکان هەرگیز ناچنە ژێر سنووردارکردنەوە"

 فاتمە لەکتۆ باسی لە بڵاوبوونەوەی بیری ئازادانەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆمەڵگەدا کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، ویستوویان بیری ئازاد لە کۆمەڵگەدا هەڵبوەشێننەوە، بەپێچەوانەی خواستی هێزە هەژمونیەکان، بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگەدا بڵاوبووەوە، ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و خوێندنەکانی لە زینداندا، جارێکی دیکە چەمکی مۆدێرنیتە دیموکراتیکەکەی بۆ کۆمەڵگە ڕاگەیاند، هەرچەندە لە زینداندا بوو، بەڵام لەدایک بوونێکی نوێی لە کۆمەڵگەدا خوڵقاند و ژیانی ئێمەی نوێکردەوە، ڕفاندن و گرتنی ڕێبەر ئاپۆ بووە هۆی جەنجاڵی سیاسی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە سیاسەتی گۆشەگیری لە ئیمرالی بەڕێوە دەچێت، ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێندراوە، گۆشەگیرییەکی سیاسیە، زیاتر لە سێ ساڵە هیچ زانیارییەکمان لە ڕێبەر ئاپۆ وەرنەگرتووە و بە ڕێگە نەدان بە پارێزەر و بنەماڵە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ سزای دیسپلینی بەسەردا دەسەپێنن، ئەوە ئەرکی سی پی تی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە چاودێری ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ له ئیمرالی بکەن وئێمەی لێ ئاگادار بکەنەوە.

 

"چارەسەری کێشەکان ڕێبەر ئاپۆیە

فاتمە لەکتۆ لە درێژەی قسەکانیدا، تیشکی خستەسەر ئەو پرۆسەیە کە ئێستا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕن و وتی: جیهان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە بە پرۆسەی سیاسی هەستیاردا تێدەپەڕێت لەگەڵ کۆتاییهاتنی لۆزان و دامەزراندنی ستراتیژێکی نوێی سەدەیەک، لە ئێستادا ململانێی دەوڵەتی لەسەر خاکی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بووەتە ناوچەیەک کە هەموو کەسێک دەیەوێت ئەم خاکە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، لە بەرامبەر ئەم ململانێ سیاسی و سەربازیانەدا، هێزی کوردی وەک خاوەنی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەکی ئازاد دەرکەوت و لەسەر پێوەرەکانی دیموکراتیک کاردەکات.

 

"سیاسەتی قڕکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن"

فاتمە لەکتۆ ڕایگەیاند، بارودۆخی سیاسی جیهان کاریگەری زۆری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەڵام لەم پرۆسەیەدا هێزی کورد دەبێتە بنەمای چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێستا مەیدانی سیاسی جیهان بەرەو داڕمان دەڕوات، دەبێت هێز و سیاسەتێکی نوێمان هەبێت بۆ سەدەی داهاتوو، ئێمەی گەلی کورد بێگومان بەشێکین لەم جیهانە و هەموو دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی دەوروبەرمان لە ناوەڕاستی شەڕ و ململانێدان و بازرگانی دەکرێت، بۆیە ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر ئێمەش هەیە، داوای نەخشەیەکی نوێ دەکەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە مافی هەموو مرۆڤ و گەلان لەخۆ بگرێت، پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکان و گەلی ئازادیخواز بوەستنەوە و دژی سیاسەتی قڕکردن بجەنگن، و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەن.