نەرمین عوسمان: ئیتر بەس نییە قبوڵکردنی ئەم هەموو پێشێلکارییە!؟

نەرمین عوسمان، سەرۆکی ئەنجومەنی ئینیستویتی نالی بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، لە وتارێکیدا بە ناوی "شەڕی بڕینەوەی دار بەڕوو"، باس لە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا دەکات لە بڕینەوەی دارەکانی باشوری کوردستان، لە چەند خاڵێکیشدا گرنگی بەڕوو، وەک مۆرکی خۆراگری و هەبوونی کورد دەخارە ڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

نەرمین عوسمان دەنوسێت: بەداخەوە، وا دیارە تورکیا سڵ ناکاتەوە لە پیادەکردنی هەر جۆرە شێوازێکی نامرۆڤانەی شەڕ دژ بە کورد، کە دوایین شەڕ؛ شەڕی بڕینەوەی دارەکانى کوردستانە. زۆرینەى ئەو دارانەی کە دەیبڕنەوە، داربەڕوون، کە رۆژانە نزیکەی (٥٠٠) تەن دار دەبڕنەوە.

 

بە بڕینەوەی داربەڕوو؛ بەیەک تیر چەند نێچیرێک دەکوژێت، چونکە تورکیا بایەخی دار بەڕوو لە خۆمان باشتر دەزانێت و گوێش نادات بە هیچ جۆرە بەهایەک و یاسایەکی نێودەوڵەتی و بە بەرچاوی جیهانەوە ئەو جۆرە تاوانانە دژ بە کورد و سروشتی ناوچەکە دەکات.

 

بڕینەوەى دار، تەنها دژی ژینگە و سروشتی کوردستان نییە، بەڵکوو دژ بە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانە.

کوردستانى گەورە، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە بوونی جۆرەکانى رووەکدا یەکەمە، کە زیاتر لە (١٥) هەزار جۆر رووەکی هەیە، لە هەمووشیان گرنگتر؛ بەڕووە.

 

دەتوانین بڵێین بەڕوو باوانی رووەکەکانە و رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە دابینکردنی سیستمێکی گونجاوی ژینگەیی، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

١.رووەکێکی بنچینەیی و سەرەکیی پاراستنی سیستمی ژینگەیە لە شاخی زاگرۆس.

٢.زیاتر لە نۆ جۆر بەر دەدات، کە ئەم بەرانە رۆڵی سەرەکییان هەیە لە دابینکردنی خۆراک بۆ زیندەوەری جۆراوجۆر... لە هەمان کاتیشدا ماڵێکی ئارام و هێلانەیەکی گونجاوە بۆ زیندەوەری جۆراوجۆری ناوچەکە.

٣.بەکار دەهێنرێت بۆ چەندین جۆر پێداویستیی مرۆیی، لەوانە: دروستکردنی خانوو، دەفر، کەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستی رۆژانەی مرۆڤ، خۆراک و گەرمکردنەوە... تاد.

٤.لە رووی مێژووییەوە، بەڕوو خۆراکێکی سەرەکیی کورد بووە.

٥.رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت لە پاراستنی داڕمان و هەرەسی شاخەکان، چونکە لە هەندێ کاتدا رەگی زیاتر لە ٢٠م رۆدەچێتە ناو زەوییەوە.

٦.سیستمێکی داینەمیکیی بەهێزی هەیە، خوێندنەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییە خێراکان زۆر زیاترە لە هەموو رووەکەکانى تری ناوچەکە.

٧.لە سەرجەم شۆڕشە جیاوازەکانى کورددا، بەڕوو پشت و پەنای کورد بووە و هۆکارێک بووە بۆ هێشتنەوەی نەتەوەی کورد و رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی خۆراک و کۆمەڵایەتیی کورد، چونکە کورد بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سوودی لە بەڕوو بینیوە.

 

٨.بۆ پێشمەرگە و گەریلا، بەردەوام وەک پەناگە و چەتری سەریان بووە.

٩.هۆیەکە بۆ دەستەبەرکردنی نشینگەی ژینگەیی گونجاو بۆ زیندەوەرانی تر.

١٠.هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاریی لە ناوچەکەدا.

١١.لە قەدپاڵی شاخەکان، دارستانی بەڕوو، خاکی بەردەڵان لەسەر بەردی (لایمستۆن) و گڕکانەکان بە بەرزیی جیاواز کە لەنێوان (٦٠٠م – ٢٢٠٠م) دەڕوێن.

ئەمانە و دەیان سوودی تر... لە لایەکی تریشەوە، بەڕوو وەک هێمای سروشتی کوردستان وایە و تورکیا بەمەبەست دەیەوێت ئەو هێمایە لەناوببات.

 

سەرەڕای ئەم هەموو گرنگییە، کەچی کاردانەوە فەرمی و نافەرمی و ناوخۆیی و جیهانییەکان لاوازن و بڕینەوەی دارەکانیش بەردەوامیی هەیە... لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ ئایا تورکیا لە وڵاتەکەی خۆیدا دەهێڵێت بەبێ یاسا دار ببڕدرێتەوە؟ ئەی بۆ لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا بە ئارەزووی خۆی دار دەبڕێتەوە و زەوی کشتوکاڵیی وشک دەکات و باخە زیندووەکان دەبڕێتەوە و رێڕەوی ئاو دەگۆڕێت و رێژەی کەم دەکاتەوە... بۆ کەسێک نایەتەگۆ!؟ ئیتر بەس نییە قبوڵکردنی ئەم هەموو پێشێلکارییە!؟

 

ت.پ