نەرمین عوسمان: دەبێت هەموو ژنان بێنە دەنگ لە ئاست هێرشەکان
نەرمین عوسمان، دەڵێت دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی ڕژاک بێدەنگی لێکراوە، لە کاتێکدا دەبێت هەموو ژنان بێنەدەنگ، هەروەها ئەو ژنانە بۆ پشتیوانی ژنانی ئێزدی لە ساڵیادی فەرماندا چوبوونە شەنگال، چونکە ئەوەی بەسەر شەنگالدا هاتووە ئەنفالێکی دیکە بووە، ئەمەشی گەڕاندەووە بۆ ئەو بۆشاییە سیاسییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
تەرزە تەها
سلێمانی- لە ڕۆژی ٥ی ئابەوە سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکران لەکاتی گەڕانەوەیان لە شەنگال کە بۆ ساڵیادی فەرمانی ٢٠١٤ چووبوونە شەنگال، بەو هۆیەوە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستانەوە کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوەیان دژی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە دەستیپێکرا.
نەرمین عوسمان، ڕۆشنبیر و بەشداری کەمپەینە، لە لێدوانێکی تایبەت بە ژنهادا ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو ژنانە هیچ بەهانەیەکی نییە، چونکە ئەو ژنانە چوون تا پشتگیری لە ژنانی بەشێکی وڵات بکەن کە هێشتا بریندارە و پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە، تا ئێستا هیچ مافێکیان وەرنەگرتووە و زامی لەدەستدانی خێزان و کەسوکاریان هێشتا ساڕێژ نەبووە.
جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەوەی بەرامبەر شەنگال و ئێزدییەکان ئەنجام درا، جۆرێکی تر بوو لە ئەنفال کە بەسەر کوردی ئەو ناوچەیەدا هات، گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە ژنان دەفرۆشران.
ژنان دەتوانن دەنگیان بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بگەیەنن
ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، کە ئەم کەیسە بێدەنگی لێکراوە و وەک پێویست مافی خۆی لەسەر نەدراوەتێ، لە کاتێکدا دەکرێت لە ڕێگای ژنانەوە ئەم پرسە بە هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان بگەیەندرێت، ژنان بڵێن ئەگەر ئێوە ڕێکخراوەکان بۆ مافی مرۆڤ کاردەکەن، لە کوێی جیهاندا ژنانێک کە بۆ پاڵپشتی ژنانی دیکە چووبنە شووێنێکی دیکەی هەرێمەکەیان دەبێت دەستگیربکرێن.
هەروەها دەڵێت "مۆدێلێکی ناشرینە کە ئێستا لە کوردستانە، چالاکوان و قەڵەم بە دەستەکان دەگیرێن و دوای ماوەیەک بە بیانووی کەیسی سیخوڕی و بیانووی کەیسی لادان و جیاوازی فیکری ئەم کەسە بە تەواوی دەپوکێندرێتەوە و دەخرێتە ژێر لێپرسینەوەوە".
دەشڵێت "هیوادارم هەموو ژنێکی بوێر بێدەنگ نەبێت، لە چوار چێوەی چالاکییە لۆکاڵیەکاندا نەمێنینەوە، ئەم هەوڵانەشمان بخەینە چوارچێوەی هەوڵە نێودەڵەتییەکانەوە".
"شەنگال شوناسی مرۆڤ و کوردبوونە"
نەرمین عوسمان وەک کەسێکی ئاگادار لە ڕووداوەکان، ئەوەشدەخاتەڕوو کە هێستا شەنگال بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیانی تێدا نییە، تەنها لە یاد و مەراسیمەکاندا یادی دەکرێتەوە و فەرامۆشکراوە، لە کاتێکدا یەکێکە لە شوناسەکانی مرۆڤبوون و کوردبوون، بەڵام مافی نەدراوەتێ.
هۆکاری ئەم فەرامۆشکردنەشی گەڕاندەووە بۆ ئەوەی سیاسییەکان ئەوەندەی شەڕی پێگە و خەونە سیاسییەکان دەکەن، ئەوەندە شەڕ بۆ شوناس ناکەن، کاتیان بۆ بەرگری لە شوناس و مانەوەی کورد نییە، کاتیان بە بابەتە لاوەکیەکانەوە بەسەردەبەن، دەشڵێت "بەهۆی ئەو سیاسەتە ناکامڵەی کە هەیە، بۆشاییەک دروستبووە، دەسەڵاتی تورکی ئەم بۆشاییەی بۆ دەستوەردان بەکارهێناوە".
لە کۆتایشدا ئەوەدەخاتەڕوو، ئەگەر ئەو سامانە نەوتییەی کوردستان هەیەتی بەشێوەیەکی باش بەکاربهێندرێت، دەتوانرێت خۆ بەڕێوەببرێت، بەڵام دەسەڵاتی تورکیا یەکەم کەس دەستی بەسەر دۆسیەی نەوتدا گرتووە، چونکە دەزانێت ئەگەر ئەم ناوچەیە ئازادی تێدا بەرپا ببێت ئەوا پارچەکانی دیکەش کۆدەبنەوە.
لەبەر ئەوە دەوڵەتی هەرێمییەکانی دراوسێ بە تورکیاشەوە دان بە شوناسی کورددا نانێن، هەوڵ دەدەن ئەو بۆشاییەی لە سیاسەتدا هەیە بەکاریبهێنن و دەستوەردان ئەنجامبدەن.
ت.پ