مەترسیەکانی سەر باشووری کوردستان کاریگەری لەسەر ژن جیدەهێڵێت
باشوری کوردستان ساڵانێکە بەهۆی ململانێ حزبیەکان وڕێکنەککەوتن لەسەر کورسی دەسەلاتداری لەمەترسیەکی ڕاستەقینەدایەو ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژنان دەبێت.

ئاڤان کەریم
ناوەندی هەواڵ- ژن هەمیشە زیانبەرکەوتووی یەکەم بووە لە هەموو کایەکانی سیاسی وکۆمەڵایەتی ونیشتمانیدا، بەهۆی گرنگی پێگەکەی کراوەتە ئامانج، لەهەر گۆڕانکاریەکی نەخوازراو خراپدا کەبەسەر ئەم گەل و نیشتمانەدا هاتبێت، کورد وەکو گەلێکی ژێردەستە هەمیشە لەشۆڕشدابوە بەرامبەر داگیرکەرەکانی و ژنیش لەوشۆڕشەدا بەردەوام ڕۆڵی گرنگی هەبووە وهەمیشە تێکۆشاوە بۆ ئازادی خاک وگەلەکەی چونکە ژن ئازادی خۆی بەئازادی گەل ونیشتمانەوە گرێ داوە .
ژن لەباشووری کوردستان زیانبەرکەوتووی سیستمی دەسەلاتدارییە
لەدوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١وە حزبەکانی دەسەڵات لەسەر کورسی حوکمڕانی و پێکنەهاتن شەڕی نەگریسی ناوخۆیان هەڵگیرساندو لەوشەڕەدا دایکان و ژنان و منداڵان بوونە قوربانی یەکەم، لەپاش کۆتایی هێنان بەشەڕی ناوخۆو دروست کردنی کابینەکانی حکومەت ئاهێک بەبەر خەڵک و دانیشتووانی باشووردا هاتەوە، لەناو ئەوانیشدا ژن وەکو تاکێکی قوربانیدەر خۆشحاڵ بوو بەو ئارامیە، بەڵام بەجۆرێکی ترو لەچەند ڕێگای جیاوازەوە ژنان دووبارە کەوتنە ژێر سێبەری دەسەڵاتی حوکمی پیاوسالاری حزب و بنەماڵەو خێڵ وهۆزەکانی ناو باشووری کوردستان کە دەسەڵاتی ئەوانە بەتەواوی پەلی کێشا بۆناو هەموو سێکتەرەکانی دەسەڵاتداریی، هەرلەدادگاوە بیگرە تاپەروەردەو فێرکردن، ئەوە جگە لەوەی دەسەڵات ڕێگای بۆ هەموو دوژمنێک دەکردەوە کەخۆی لەم بەشەی کوردستاندا پێبگەیەنێت وکولتوورەکەی خۆی بەسەر ئەوگەلەدا بسەپێنێت، ئیتر بەئاگایی خەڵک بێت یان بێ ئاگایی، ئالێرەدا ژن ئامانجی سەرەکی هەموو ئەوپلان وداگیرکاریە ناڕاستەوخۆیانە بوو ،چونکە هەرگەلێک ژنەکانی ئازادو هۆشیار نەبن ئەو گەلە هەمیشە لەقوڕاوی داگیرکاریدا دەمێنێتەوە.
مەترسیە هەنووکەییەکانی باشووری کوردستان
لەئێستادا و لەدوای سەدساڵ بەسەرتێپەرپوونی پەیماننامەی لۆزان وهەوڵدانی ووڵاتە هەژموونگەراکانی جیهان لەناوچەکە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی نوێ لەسەر ئاستی بەرژەوەندی خۆیان، ناوچەکەی ئێمەش وەک بەشێکی کوردستانی پارچە کراو کەدەبێتە ناوەندی کێشەو ململانێکانم بوینەتە ئامانجی ووڵاتانی سەرمایەداری و جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان لەناوچەکە.
باشووری کوردستان بووەتە هەرێمێکی فیدڕاڵ وچەندین ساڵە حکومەتی هەیە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی حوکومڕانی خراپ وکاریگەری دەستی ووڵاتانی دراوسێ تیایدا لەمەترسیەکی ڕاستەقینەی لەناوچووندایە، چونکە ئەوە بۆماوەی ١١ساڵ و زیاترە کەئەم حکومەتە لەبەر ململانێ حزبیتەژاب و ڕێکنەککەوتن و بەهەدەردان وبەتاڵانبردنی داهاتی ئەم هەرێمە لەقەیرانێکی خراپی حوکومڕانیدان وگەلیش بۆتە قوربانی دەستی ئەوان.
مەترسیە گەورەکە هەر ئەوەنییە، بەڵکو مەترسی ئەوەیە کەخەریکە بەهۆی سیاسەتی خراپی ئەم دەسەڵاتەوە ئەم بەشەی کوردستانیش دووبارە دەبێتەوە بەگۆڕهپانی جەنگ وداگیرکاری ووڵاتانی هەژموونگەراش خەریکە متمانەیان بەم حکومەتە نامێنێت، ڕەنگە بەوهۆیەوە بکەوێتە مەترسی داگیرکارییەکی دیکەوە کە بەتەواوی ئەو دەسەڵاترییە لەدەست دەرکەن، هەر لەڕوانگەی ئەو مەترسیانەوەیە کەڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەئیمڕاڵیەوە داوا لە بەڕێز مەسعود بارزانی دەکات ببێتە هاوسەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کورد لەپێناو یەکڕیزی و پاراستنی ماڵی کوردان ودەیەوێت هانی فەرمان ڕەوایانی ئەم هەرێمە بدات بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکومڕانیان وبەرگری کردن لەو پارچەیە.
مەترسیەکانی سەرژن لەم دۆخەدا
ژن وەک دامەزرێنەری بناغەی کۆمەڵگەو خێزان ڕۆڵی گەورەو گرنگی هەیە لە هەمو پڕۆسەکانی ئازادی ومافی گەلی کورد، هەربۆیە بەلەدەسدانی ئەو ئازادییەش دووبارە ژن دەبێتەوە بەژێردەستەی سیستمی خراپ و دژە ژنی دوژمنانی ئەم گەلە، حکومەتی ناوەندی عێراق وەک نمونە کە لەدەسەڵاتە خۆسەپێنەکەیدا هیچ ماف وئازادییەک بۆ ژن دەسەبەرنەکراوەو بەردەوام لەڕێگای حوکمی هۆزەکان ومەزهەبە ئایینیەکانەوە بڕگەی یاسایی خراپ وسەرکوتکار هەمووار دەکاتەوە بۆلێدان لەهەمو مافەکان ودەسەڵاتی ژن لەکۆمەڵگادا،،ئەوە تەنیا وەکو مەترسیەک نیە بۆسەر ژن بەڵکو لەڕێگای خودی ژنەوە دەست دەگیرێت بەسەرخێزان و کۆمەڵگەی کوردیدا، کاتێک ژن ژێردەستە بوو کۆمەڵگە ژێردەستە دەبێت ،کاتێک کۆمەڵگەش ژێردەست کرا، ئیتر شتێک نامێنێت بەناوی نیشتمان و خاک وگەلەوە هەموو ئەوانە دەبنە موڵکی داگیرکەران، خاک ئەگەر ئازادیش بێت ژن وکۆمەڵگەکەی کۆیلەبێت هەر دەرەنجامەکەی ئەمەی هەرێمی کوردستانی لێبەرهەم دێت کەهیچ ئیرادەیەکیان بۆ تاک و کۆمەڵگە و ژن نەهێڵدراوە، دێگەڵەیان لەنێوان دوو زۆنی سەوز و زەردا کردوە بەسنووری نێوان کۆریای باکور و کۆریای باشوور و هیچ هێز و لایەن و گروپێک لەخۆی ڕانابینێت ئەو سنوورە ببەزێنێت و ناڕەزایەتیەک لەزۆنەکەی دیکەدا پیشان بدات.
ژن دەبێی هۆشیارو بەئاگابێت لەم دۆخە
ژنانی باشووری کوردستان دەبێت هۆشیاروبەئاگابن لەم دۆخە مەترسیدارەی ئەم بەشەی کوردستانی تێکەوتوە،، دەبێت تێبگەن لە نرخی ئازادی خۆیان وبزانن ئازادی ژن گرێدراوی ئازادی نیشتمانە، پێویستە لەباشوور ژنان خۆیان بەڕێکخستن بکەن وخاوەندارێتی لەشۆڕشێکی فکری فراوان بکەن بۆ لادانی ئەوسیستمە خراپەی دەسەڵاتداری لەباشوور، ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر ژن پێویستی بەشۆڕشەو لەهەمووکات زیاتر ژن دەرگای هۆشیاری وخۆپڕ زانیاری کردنی بۆ واڵاکراوە .
ئەوەتا لەڕۆژئاوای کوردستان ژن بۆتە قارەمانی ئازادی خاک وگەلەکەی، هەر ژن لەوێ بۆتە نوێنەری ئاشتی وئارامی، لەوێ ژن مێژوو تۆمار دەکات بەدەستی خۆی و ناهێڵێت هیچ پیاوێک لەبری ئەو بڕیار بدات، ژنانی باشووریش دەبێت وانەیەک لەوان فێربین، پێویستە چاوێک لەژنانی باکوور بکەن کە لەناوجەرگەی حوکومڕانی خراپترین دوژمنی ئەوگەلەدا تێکۆشان وبەرخۆدانی خۆیان بەردەوامی پێ دەدەن، دەبێت وەکو ئەوان چاونەترسانە تێبکۆشن بۆ ئازادی خۆیان و وبەدەسهێنانی ژیانێکی شایستە بۆ مناڵ ونەوەکانیان کەتیایدا ژن ڕۆڵی مەزن دەگێڕێت، ژنان دەبێت لەومەترسیە ڕاستەقینە تێبگەن کە ئێستا باشووری کوردستانی تەنیوەو هەوڵ بدەن بۆ یەکڕیزی گەلەکەیان وبەئاگاهێنانەوەی دەوروبەریان.