مەرال بێشتاش: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی چاوەڕێی چییە؟
مەرال بێشتاش، هاوسەرۆکی وتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان، ڕەخنەی لە ملکەچکردنی ئیرادەی پەرلەمان بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی سەبارەت بە یاسای چوارچێوە بۆ داماڵینی چەک گرت، هۆشداریدا لە بەستنەوەی پرۆسەی سیاسی بە هەڵسەنگاندنی سەربازی.
ئەلیف ئاکگول
ئیستەنبوڵ- پەرلەمانی تورکیا لە مانگی ئابی ڕابردوودا بە زۆرینەی دەنگی ٤٦٧ دەنگی یاسای چوارچێوە پەسەند کرد، بەڵام جێبەجێکردنی بەندە بە دەرکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن و پشتڕاستکردنەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی (مەگەکە)، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ، هێشتا ڕاپۆرتەکە بڵاونەکراوەتەوە، لیژنەی بەدواداچوونی پەرلەمانیش پێکنەهێنراوە.
پرۆسەی سیاسی لە تورکیا لە وەستاندایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵ، جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە هێشتا پەیوەستە بە دەرکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی (مەگەکە) کە تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش پرسیار لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی و میکانیزمەکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەگەڵ جێبەجێکردنیدا دەوروژێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا، مەرال دانیش بێشتاش، هاوسەرۆکی وتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان ڕەخنەی لە بەستنەوەی پرۆسەی سیاسی بە پەسەندکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی گرت و ڕوونیکردەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕۆڵی دامەزراوە یاسادانانەکان و ئیرادەی لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر.
"پێویستە پەرلەمانی تورکیا ناوەندێک بێت بۆ چارەسەری سیاسی"
مەرال بێشتاش جەختی لەوە کردەوە، کە پێکهێنانی پلاتفۆرمێک لەناو پەرلەمانی تورکیا بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکانە جگە لە لایەنێک، نوێنەرایەتی هەنگاوێکی مێژوویی زۆر بەرچاو دەکات، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەر لە سەرەتاوە جەختی لەسەر پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵیدا کردووەتەوە وەک یاریزانێکی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان هەمان هەڵوێستی گرتەبەر، دووپاتیکردەوە، کە پەرلەمانی تورکیا پێویستە مەیدان و ناوەندی سەرەکی گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەر پێکبهێنێت، سەربەخۆ لە ملکەچکردنی ئیرادەی سیاسی و گەل بۆ ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی.
ڕوونیکردەوە، کە، ڕاپۆرتی لیژنەکە لەسەر دوو پایەی بنەڕەتی دامەزراوە، یاسای چوارچێوە بۆ داماڵینی چەک و هەنگاوەکان بەرەو گۆڕانکاری دیموکراتی (یان دامەزراندنی دیموکراتی)، ئەو ڕەخنەی لە بەستنەوەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بە پەسەندکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە گرت و وتی: کارێکی گرنگ و بەنرخ لەناو لیژنەکەدا ئەنجامدرا، ئەو زمانەی کە بەکارهاتبوو ڕێزدار بوو، سەرەڕای ئەو وتارە گشتییەی کە دروشمی ”تورکیا دوور لە تیرۆر”ی بەرەوپێش دەبرد، جگە لە چەند کەمکردنەوەیەک، بەڕاستی پرسی کورد و مێژووی تورکیا بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لەسەر مێزی دیالۆگ کرا.
مەرال دانیش بێشتاش جەختی لەوە کردەوە، کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو چارەسەرانەدا هەیە کە لایەنە جیاوازەکان لە سەرەتاوە پێشنیاریان کردوون، وتی: دواتر لیژنەیەکی هاوبەش بۆ داڕشتنی دەقەکان پێکهێنرا و ئێمەش بۆ ئەوەی بڕگەی پێشکەوتوو بە دەست بهێنین دەنگمان بە ڕاپۆرتی کۆتایی دا لەگەڵ تۆمارکردنی بۆچوونێکی دژبەری، لەسەر ئەم بنەمایە یاسایەکی چوارچێوەیی دەرکرا و سەرەڕای ئەو کەموکوڕیانەی تێیدابوو کە لە ڕەخنەکانماندا باسمان کردن، سەرۆک کۆمار پەسەندی کرد، بەڵام بە مخابنەوە جێبەجێکردنی یاساکە بە مەرجی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کرا، کە مەرجێکە هەرگیز نەدەبوو دابنرێت، چونکە لێرەدا ئێمە باس لە پێشنیارێکی یاسایی دەکەین کە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی ٤٦٧ دەنگ پەسەندی کردووە، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەی پشتگیرییە لە مێژووی کۆماری تورکیادا، لەبەر ئەوەی ئیرادەی پەرلەمان ناووکی ئیرادەی گەلە، بە گونجاوی نابینین کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە تەنها بەرپرسیارێتیی هەڵسەنگاندن و پەسەندکردن بگرێتە ئەستۆ.
پێویستی پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانی
سەبارەت بە میکانیزمە جێبەجێکارییەکان، جەختی لەسەر پێویستیی پێکهێنانی لێژنەیەکی پەرلەمانی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی بە دەستەی ”چاودێری” پێناسەی کرد، بەڵام ڕۆڵی تەنها لە چاودێریی نەرێنی یان وەستان لە پێگەی بینەردا سنووردار نابێت، وتی: لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم لێژنەیە دەبێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پەسەندکردندا بگێڕێت بە بڕیاری ئەوەی دامەزراوەیەکە نوێنەرایەتیی گەل دەکات، بە جۆرێک کە ئەركی چاودێریکردن و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەکان لە ئەستۆ بگرێت، ئەم لێژنەیە دەبێت دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ چاودێری و بەدواداچوونیش پێكبهێنێت، هێندەی من ئاگاداربم، بزووتنەوەی ژنان خاوەنی دەستپێشخەرییەکی هاوشێوەیە کە خۆی لە دەستەی چاودێریدا دەبینێتەوە و لە ئەکادیمیست، شارەزا، یاساناس، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی سەربەخۆ پێکهاتووە.
وتیشی: ڕۆژانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، تەنانەت ئەوانەش کە سەر بە حکومەتن، ڕاپۆرت دەخوێننەوە کە باسی کشاندنەوەی گەریلا و چۆڵکردنی ناوچە دیاریکراوەکان دەکەن، کەچی هیچ هەڵسەنگاندنێکی فەرمی یان ڕاپۆرتێک بۆ سەلماندنی ڕاستیی ئەم بابەتە دەرنەچووە، چاوەڕوان دەکرا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئێستادا یەکلا بکرێتەوە، ئێستاش کاتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بۆ ٢٧ی تشرینی دووەمی داهاتوو دیاری کراوە، سەرەڕای ئەوەی ناچار نییە چاوەڕێی ئەم ڕێککەوتە بکات و دەکرا کۆببێتەوە و ڕاگەیاندراوێکی بەپەلە بڵاو بکاتەوە، لە دۆخێکی نائەمەندیدا دەژین، چونکە ڕێڕەوی ئێستا سنووری وتار و لێدوانە دووبارەکانی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە و بەرپرسانی حکومەتی تێپەڕ ناکات بێ هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە، ئێمە پێویستمان بە هەنگاوی ڕوون و ناووکی ڕاستەقینەیە کە هەموو کەسێک بیبینێت، کۆتاییهێنانە بەم دۆخە چاوەڕوانییە تەمومژاوییە لە زووترین کاتی گونجاودایە.
"ئاشتی بە هەوڵی تاکلایەنە بەدی نایەت"
مەرال دانیش بێشتاش هۆشداریی دا لەوەی تەمومژاویبوونی ئێستا هیوای گەل لاواز دەکات و دۆخی بێ هیوای قووڵتر دەکاتەوە و ئاستی متمانە لە پرۆسەی ئاشتیدا پاشەکشە پێ دەکات، ڕەخنەی لە نەبوونی هەنگاوی کرداری و دووبارەبوونەوەی سەپاندنی مەرجی نوێ گرت، وتی: دیالۆگێک و میکانیزمێک لە ئارادایە لە نێوان دەوڵەت و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەدا کە ئێمە بەدواداوچوون بۆ وردەکارییەکانی دەکەین لە ڕێگەی ئەو ڕاگەیاندراوانەی لێیانەوە دەردەچن، کە ئەمڕۆ باس لە ”دۆخی چەقبەستوویی” و ڕێگەی بەستراو دەکەن، ئاشتی بە هەوڵێکی تاکلایەنە بەدی ناهێنرێت، بەڵکو پێویستی بە پابەندبوونی دوولایەنە و وەفاداری بە بەڵێنەکان و دابینکردنی کەمترین ئاستی متمانە هەیە، لەگەڵ دانانی یاسای چوارچێوەی بەرجەستە کە لە سنووری تەنها وتار و ڕاگەیاندنی نەتەوە سیاسییەکان تێپەڕێت.
هەروەها ڕەخنەی لە پێکنەهێنانی ”ئەنجومەنی ئاشتی و سیاسەتکردن” تا وەکو ئێستا گرت، جەختی لەسەر پێویستیی دامەزراندنی ئەنجومەنێک کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان کار بکات، لەکاتێکدا سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە ڕێنماییەکانی ڕێبەرایەتییەکەی دەکاتەوە، هێشتا بارودۆخی ئەم ڕێبەرایەتییە تەمومژاوییە، چونکە ڕێگە لە ڕۆژنامەنوسان و شارەزایان دەگیرێت سەردانی بکەن و پاڵپشتی بۆ پرۆسەکە پێشکەش بکەن، گەل چاوەڕێی زانینی وردەکارییەکانی ئەم ئەنجومەنە و پێکهاتەکەی و کاتەکانی کۆبوونەوەکانین، لە دژایەتیەکان ئەوەیە کە لێژنەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی وزاریی فەرمانی بەپێی یاسای چوارچێوەیی پێکهێنراوە و دوو کۆبوونەوەشی ئەنجام داوە، ئەگەر ئەم لێژنەیە بەڕاستی دامەزرێنراوە، دەبێتە چرای لێژنەکەی تر تاوەکو ئێستا پێکنەهێنرابێت؟
”پرۆسەکە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە ڕوون ناکاتەوە”
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی لەناو زیندانەکاندا بەدەست نەهێناوە، تیشکی خستە سەر دواخستنی ئازادکردنەکان لەلایەن لیژنەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارگێڕییەوە، جگە لە ئازاری زیندانیانی نەخۆش، وتی: لە ئێستادا کێشەیەک لە خێرایی کارکردن و نەبوونی ئەنجامی بەرجەستە و شکستهێنان لە هێنانەدی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ژیانی خەڵکدا هەیە.
دووپاتی کردەوە، کە دوو ڕۆژ پێش ئەویش بەشداریی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کردبوو کە لەلایەن "کۆمەڵەی کەسوکاری دەستبەسەرکراوان و سزادراوان" لە بەردەم زیندانی باکرکۆی سازکرابوو، بە بەشداری زیاتر لە هەزار ئەندامی بنەماڵەی زیندانیان کە شۆکی خۆیان دەربڕی لە درێژکردنەوەی سزاکان لە هەلومەرجی ئێستادا، وتی: لیژنەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارگێڕی ئێستا ماوەی دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە درێژ دەکەنەوە کە لەڕووی یاساییەوە مافی ئازادکردنیان هەیە، بە پشتبەستن بە بیانووی لاواز کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، بە ئاماژەدان بە ئامارەکانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی کە پشتڕاستکردنەوەی درێژکردنەوەی سزاکان بۆ ٩٩ کەس تەنها لە مانگی ڕابردوودا دەکات.
ئاماژەی بە دۆسیەی زیندانییە نەخۆشەکانی کردەوە، وتی: نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی زیندانی کاممی بوکام کرد و لەگەڵ سەعید یەڵدرم، زیندانی نەخۆش کۆبوومەوە کە ماوەی ٣٤ ساڵە لە پشت مێزی دادگادایە، هەرچەندە بڕیارە دوو ساڵی دیکە ئازاد بکرێت، بەڵام بەبێ هیچ پاساوێک دەستبەسەرکردنی درێژدەکرێتەوە، هەروەها سەدان زیندانی نەخۆش هەن کە چاودێری پزیشکی و ئامرازەکانی گواستنەوەیان لێ وەردەگیرێت و چیتر بەرگەی بارودۆخی زیندان ناگرن.
جەختی لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنی ئەم کەیسە مرۆییە سادەیە پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی نییە، دەتوانرێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن. لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ئاشتی ڕاستەقینە لە ڕێگەی گۆڕانکاری دیموکراتی و بەهێزکردنی ڕاستەقینەی بەشداریکردنی کۆمەڵگەوە دێت، لە کاتێکدا ئەم پراکتیزە ئارەزوومەندانە متمانە و تەواوی پرۆسەی ئاشتی تێکدەدەن.