مەهین ئەحمەد: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاستەنگی لەبەردەم بەڕێوەبردنی کاروچالاکییەکانیان هەیە

هەرچەندە ژنان لە باشوری کوردستان تا ڕادەیەک ئازادن بەڵام ئەو ئازادییە بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی گشت مافەکانیان و ئازادبوونی ژنان لە ناوچەکانی دیکە، چونکە تا ئێستا دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جۆرێکە نەتوانن لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیش داوای مافەکانیان بکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- توندوتیژی و کەمکردنەوەی توانای ژنان بۆ بوون بە سەرکردە و ڕێگریکردنی بەردەمیان تا دێت زیاد دەکات، مەهین ئەحمەد، ژنێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، باس لە دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان دەکات، هۆکارە بنەڕەتیەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو جیهاندا و باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەخاتەڕوو.

 

مەهین ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵاتە، ئاماژەی بەوەدا کۆمەڵەکەیان کاردەکات لەسەر کاری سیاسی و کارکردن لەسەر مافی ژنان.

 

توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاواز بەرامبەر بە ژنانی ناوچە جیاوازەکان دەکرێت

مەهین دەڵێت: توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بووەتە بابەتێکی جیهانی، بابەتێکی کلتوری و مێژووییە، یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی، بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری لە خودی هەر پیاوێک دایە، هەروەها یاسا، حکومەت و مەزهەب هەموویان هۆکارێکن بۆ بوون و زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان.

 

باسی لەوەشکرد توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر بە ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە، "لەژێر ناوی شەرەف ژنان دەکوژن، یاخود وایان لێدەکەن پەنا ببنە بەر خۆکوشتن، چونکە هیچ ئازادییەکیان نییە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت جیاوازە لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت لە باشوری کوردستان."

 

ئاماژەی بەوەشدا "ئەو بەشە ئازادییەی ژنانی باشور هەیانە بەهۆی هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان پێی گەیشتوون، ڕێگەیان پێدراوە ئازادانە سیمینار و کۆبونەوە بکەن، بەڵام لە ڕۆژهەڵات بەو جۆرە نییە، ڕێگە نادرێت ژنان بە ئازادانە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە".

 

هەرچەند لە باشوری کوردستان ئازادی هەیە بەڵام هێشتا ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت

"ئازادی بۆ ژنان لە باشوری کوردستان سنوردارکراوە، لە زۆر لایەنەوە ژنان ناتوانن ئازاد بن چونکە ئەقڵەیتێکی پیاوسالاری کۆمەڵگا و یاسا بەڕێوەدەبات و وەک ڕەگەزی دووەم مامەڵەی لەگەڵ دەکات، دەسەڵاتدارانیش ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە ژنان بەکاریبهێننەوە و زەمینەیەکی گونجاو دروستدەکەن و ڕێگە نادەن ژن بەشداری سیاسەت بکات، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویانە ئازادانە هۆکارەکانی توندوتیژی باس بکەن و مافەکانیان بخەنە ڕوو هەروەها لە ئاستێکیشدا بەشداری سیاسەت بکەن."

 

ژنان وەک کاڵا بەکاردەهێنن، دواجار لەژێر ناوی شەرەف دەیانکوژن لەوبارەیەوە مەهین دەڵێت "ڕۆژ نییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان لەژێر ناوی شەرەف نەکوژرێت".

ئاماژەی بەوەشدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنان ناتوانن باس لە توندوتیژی بکەن و بڵێن کە ڕۆژێک هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژیانەی ڕۆژانە بەرامبەریان دەکرێت.

 

پێی وایە هۆکارێکی دیکە بۆ بوونی توندوتیژی مەزهەب-ئایینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ژنی سەرکوت کردووە و لەژێر ناوی ئاین ژن دەچەوسێننەوە.

 

"ئەو ئازادییەی لە باشوری کوردستان هەیە بەس نییە بۆ ژنان"

سەبارەت بە ئازادی ژنان مەهین باسی لەوەکرد ڕاستە ئازادی بۆ ژن هەیە لە باشوری کوردستان، بەڵام ئەوەندە بەس نییە، "پێویستە ژنان کاروچالاکی زیاتریان هەبێت و زیاتر بە ڕووی توندوتیژی بووەستنەوە، هۆشیاری زیاتر بڵاوبکەنەوە، لە ڕێگای سیاسییەوە بێت یاخود سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە تا نەچنە ژێر باری توندوتیژییەوە".

 

ت.پ