"هێزی گەل دەتوانێت هێرشەکان بوەستێنێت"

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەمیشە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و بە ڕێگەی سەربازی و فرۆکەی بێ فرۆکەوان تاوان ئەنجام دەدات، چرۆ شوانیش دەڵێت: دەبێت بە یاداشت بەرزکردنەوە ئەو هێرشانە بوەستێنین.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە ڕێگەی سەربازی و فڕۆکەی بێ فرۆکەوانەوە تاوانی جەنگ لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدات، وەک بۆردوومانی ناوچە گوندنشینە سنوورییەکان و سەیرانگاکانی وەک زاخۆ و کونەماسی و فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و عەربەت، لەناو شاریشدا تیرۆری سیاسی بە دەستی سیخوڕی دەکات و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئەو یاسایانە جێبەجی ناکەن کە مافی گەلێک یان وڵاتێک بدات، هەروەها لە ناوخۆشدا بەهۆی سەربەخۆنەبوونی دادگاکان و یاساوە دووبارە ئەو کەسانە سزا نادرێن کە لە ناوخۆدا ڕێگە بۆ داگیرکەران خۆش دەکەن.

 

"هێزێکی سیاسی لە باشووری کوردستان خیانەت لە کورد دەکات"

چرۆ شوانی، پارێزەر و ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا و ئێران هەمیشە هەوڵی داگیرکردنی باشووری کوردستانیان داوە، تورکیا لە ئێستادا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و دەیەوێت درێژە پێدەری دەسەڵاتی عوسمانی بێت، لە هەر شوێنێک دەنگێکی ئازاد هەبێت تورکیا هەوڵی کپکردنی دەدات، لە ساڵی ١٩٩١ گەلی کورد ئومێدی بەوە هەبوو باشووری کوردستان ئازادییەکی بەدەست هێناوە و باوەش دەکاتەوە بۆ ئازادیخوازانی بەشەکانی تر، بەڵام بەداخەوە دەبینین لایەنێکی سیاسی کە دەسەڵاتی باشووری کوردستانی لە ژێر دەستدایە، خیانەت لە گەلەکەی خۆی دەکات و ڕێگە بۆ دوژمنان و داگیرکەران خۆش دەکات کە وڵاتپارێزان تیرۆر بکەن.

 

"ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو خەباتەیە کە کردوومانە"

چرۆ شوانی ڕوونی کردەوە، گەلی کورد هەرگیز هەوڵی داگیرکردنی هیچ وڵاتێکی نەداوە و هەمیشە هێڵێکی شۆڕشگێڕانەی هەبووە کە بەرپەچی داگیرکارییەکانی داوەتەوە، ئەمەش دەریدەخات چەندێک خیانەت هەبێت دوو هێندە ئازادیخواز و هێڵی تێکۆشان هەیە، مێژوویەکمان لە خەبات تۆمار کردووە بۆ نەوەکانی دوای خۆمان، چونکە ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو شۆڕشەیە کە کردوومانە.

 

وتیشی: پەدەکە هەرگیز بەرژەوەندی گەلی کوردی ناوێت و تەنها دەیانەوێت خۆیان لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، بۆیە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە تیرۆری ئازادیخوازان دەردەخات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان هەمیشە خیانەت لە خوێنیاندایە، بۆیە یاسای ناوخۆیی هەر ئەوان دایانڕشتووە و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەهێنن، هەر کەسێکیش دەنگی ناڕەزایەتی لە ئاستیان دەرببڕێت لە زیندانەکاندا بە چەندین جۆر ئەشکەنجەی دەدەن، کەواتە یاسا وەکو شمشێریکە بە دەستیانەوە.

 

"لە وڵاتەکەی خۆماندا ڕێگریمان لێ دەکرێت ناڕەزایەتی دەرببڕین بەرامبەر هێرشەکان"

چرۆ شوانی ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕووی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشەوە دەبێت باس لەو یاسایانە بکەین کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ و گەل دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی گەلی کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە هیچ دەوڵەتێک لەسەری نایەتە دەنگ، ئەو هەموو کوشتن و قڕکردنەی بەرامبەر کراوە، بەڵام بە جینۆساید نەناسێندراوە لەبەر بەرژەوەندی هەندێک دەوڵەت، ئێمە ناتوانین بەوە بڵێین یاسا کە داکۆکی لە مافەکانمان ناکات.

 

لە درێژەی قسەکانی باسی لەوەکرد، دەبێت لایەنە سیاسییەکان و گەلی کورد بەیەکەوە بێنە دەنگ بەرامبەر بەو هێرشانەی لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە دەکرێتە سەرمان، تەنها هێزی گەل دەتوانێت خاکمان بپارێزێت، چونکە هیچ وڵاتێک بەرژەوەندی ئێمەی ناوێت، تەنانەت لە وڵاتەکەی خۆشماندا ڕیگریمان لێ دەکرێت ناڕەزایەتی دەرببڕین بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێتە سەرمان، کەواتە گەل یەکڕیزە و لایەنە سیاسییەکان ئەو پەرتەوازەییەیان دروست کردووە.

 

"دەبێت بە یاداشت بەرزکردنەوە هێرشەکان بوەستێنین"

چرۆ شوانی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، نابێت ئێمە بێدەنگ بین بەرامبەر بە هێرشەکان و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و وایان لێبکەین بێنەوە ناو گەلی خۆیان و بەرژەوەندی گەلەکەیان بووێت، وتیشی: ئێمە دەتوانین بە یەک دەنگ یاداشتێک بەرز بکەینەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندی هێرشەکان بۆ سەر خاکەکەمان و جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، کە ئەگەر یاسایەک هەیە داکۆکی لە مافەکان دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکەن هەموو نەتەویەک مافی ئەوەی هەیە خاک و زمان و ئاڵای خۆی هەبێت، ئێمە هەموو ئەوانەمان هەیە، کەواتە بۆچی بێدەنگن بەرامبەر ئەو پێشێلکارییەی دژ بە کورد دەکرێت، بۆیە دەبێت بە یەکڕیزی بەزۆر یاساکانیان پێ بچەسپێنین و مافەکانی خۆمان وەربگرین.