لیدا ڤێرتس: لە جەنگدا زۆرترین ئازار و سەختی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە

لیدا ڤێرتس، ئاماژەی بەو زیانانە کرد کە لە ئەنجامی جەنگ و داگیرکاری ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، هەروەها وتی پاش ڕۆشتنەوەیان کاردەکەن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمە بۆ ژنانی کورد لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە پێناو پاڵپشتی کردنیان.

سلێمانی

 

لیدا ڤێرتس خەڵکی وڵاتی سویسرایە و لە شاری ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج نیشتەجێیە، ئەندامی کۆمیتەی کوردییە لە شاری ئۆسلۆ، بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ژنانی باشور کاردەکەن بۆئەوەی کە یارمەتیدەریان بن، وەک ئەندامێکی شاندی ئاشتی بەشداری کار و چالاکییەکان لە کوردستان دەکات، دژی ئەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا لە سنورەکانی باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات.

 

لیدا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها  دووپاتی کردەوە هاتوونەتە کوردستان لەپێناو سەلماندنی هاوسۆزییان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، پاشان بەم شێوەیە قسەی بۆ کردین دەربارەی زیانەکانی جەنگ و داگیرکاری بۆ کوردستان و بە تایبەتیش بۆ سەر ژنان.

 

"ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت نیشانی جیهانی دەدەین"

لیدا دەربارەی هاتنی لەگەڵ شاندی ئاشتی بۆ کوردستان وتی:" ئامانجی من لە سەردانکردنی کوردستان ئەوەیە ئەو بارودۆخەی لە باشوور دەگوزەرێت نیشانی جیهانی بدەم، کە تورکیا شەڕ و داگیرکاری دەکات لە کوردستان و بۆردومانی هاوڵاتیان و ناوچە سنورییەکان دەکات، بەڵام هیچ کەسێک ناڕەزاییەتی پیشان نادات و هەوڵ نادات بۆ وەستاندنی داگیرکارییەکان، خەڵکی باشور هیلاکن و پێویستە پاڵپشتی بکرێن، چونکە ئەگەر پرسیاریان لێبکەیت دەڵێن نازانین چی بکەین و چۆن بەردەوام بین و هیلاکین، بەڵام ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی نیشانی کوردانی بدەین کە پاڵپشتی لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکەین".

 

"پیاوەکان جەنگ دروست دەکەن بەڵام زۆرترین ئازار ژنان دەیچێژن"

ئەو ئەندامەی شاندی ئاشتی باسی لە زیانەکانی جەنگ کرد بۆ ژنان و وتی: "کاتێک جەنگ هەبێت زۆرترین ئازار ژنان دەیچێژن، هەمیشە پیاوەکان هۆکاری دروستبوونی شەڕن و نایوەستێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی سەختییەکی زیاتر بۆ ژنان، چونکە پیاوەکان دەچن بۆ شەڕ لەپێناو پاراستنی هاوژینەکانیان و پێیان دەڵێن کە پێویستە ئەوان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و جەنگ بۆ ژنان سەلامەت نیە".

 

باسی لەوەشکرد ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە: "کاتێک پیاوەکان دەچن بۆ شەڕ و ژنان لە ماڵەوە بژێوی ژیانی پێویستییان نابێت بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە، ناتوانن پاڵپشتی خێزانەکەیان بکەن، منداڵەکانیان ئازار دەچێژن بۆیە دەبێتە هۆی ئازار بۆ دایکەکان، زۆرکات ژنانی گەنج و کوڕەکانیشیان بەهەمان شێوە دەچن بۆ جەنگ و دایکەکان دەمێننەوە".

 

"ژنان پێویستە لە پێناو نەوەکانی داهاتوودا هەڵوێستیان هەبێت"

سەبارەت بە گرنگی هەڵوێستی ژنان دژی جەنگ و داگیرکارییەکان، لیدا بەم شێوەیە ئامۆژگاری ژنانی کرد: "داوا لە ژنانی کورد دەکەم چیتر بێدەنگ نەبن و دژی داگیرکارییەکان دەنگ بەرز بکەنەوە، لەپێناو پاراستنی داهاتووی رۆڵەکانیان پێویستە ژنان خاوەن هەڵوێست بن، تەنها لە چێشتخانەی ماڵەکانیاندا نەمێننەوە، چونکە دایکان بەرپرسیارن لە ژیانی منداڵەکانیان".

 

"دەربارەی ڕووداوەکانی کوردستان قسە بۆ جیهان دەکەین"

ئەندامەکەی شاندی ئاشتی دڵنیاییدا دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتی نەرویج کوردستان بە جیهان دەناسێنێت، وتیشی: "پاش گەڕانەوەم بۆ وڵاتەکەم پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی ژنانی وڵاتەکەم دەکەم و دەربارەی ژنانی کورد قسەیان لەگەڵ دەکەم، باسی ڕووداوەکانی کوردستانیان بۆ دەکەم و دۆخی ئێرەیان بۆ ڕووندەکەمەوە، کاردەکەین بۆ دروستکردنی کۆمەڵەیەکی تایبەت بە کوردان لە دەرەوەی وڵاتی عێراق، هەوڵدەدەین ئەو بارودۆخانەی لە کوردستان دەگوزەرێت نیشانی جیهانی بدەین".

 

ت.پ