لە کۆی ١٧ ژن تەنها چواریان بە کۆتا دەچنە پەرلەمان

لە کۆی ١٧ کاندیدی ژن لە هەرێمی کوردستان کە دەرچوون تا بچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنها چوار ژن بە سیستمی کۆتا دەچنە پەرلەمانی عێراق، ئەوانی دیکە بە دەنگی خۆیان دەرچوون.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕۆژی ١١ی مانگ، ڕۆژێک پاش هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی دەنگدانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بڵاوکردەووە.

 

پاش بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان، لە هەرێمی کوردستان لەکۆی ٤٤ کورسی بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، ژنان توانیان ١٧ کورسی بەدەستبهێنن، کە زۆرینەیان بە دەنگی خۆیان توانیوانە ببنە ئەندام پەرلەمان.

 

شەوی ڕابردووش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامە بەراییەکانی لە ماڵپەڕی سەرەکی خۆی سڕییەوە و ڕاشیگەیاند کە سڕینەوەی ئەنجامە بەراییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دەنگی هەشت هەزار و ٥٤٧ ناوەندی دەنگدانە، دوای دووبارە هەژمار کردنەوەی ئامارەکە دادەنێنەوە.

 

١٣ ژن بە دەنگی خۆیان دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بەپێی ئەو دەرئەنجامە بەراییانەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ١١ی مانگدا بڵاوی کردووەتەوە، جگە لەو چوار ژنەی بە سیستمی کۆتا دەچنە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو ١٣ ژنەی دیکە بە دەنگی خۆیان و بەبێ بەکارهێنانی سیستمی کۆتا دەتوانن بچنە پەرلەمان، لە بەشێکیشیاندا زۆرترین دەنگی ئەو بازنەیەیان بەدەستهێناوە.

 

هەولێر

لە پارێزگای هەولێر لە کۆی ١٥ کورسی، شەش ژن دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بازنەی دووی هەولێر کە لە چوار کورسی پێکهاتووە ژنان دوو کورسیان بەدەستهێناوە، وەزیرە ئەحمەد کاندیدی نەوەی نوێ بە ١٨ هەزار و ٤٥٩ دەنگ زۆرترین دەنگی ئەو بازنەییەی بەدەستهێناوە، هەروەها کوردۆ عومەر کاندیدی یەکێتی بە ١٣ هەزار و ٨٤٦ دەنگ توانی سەرکەوتووبێت.

 

لە بازنەی سێی هەولێر کە لە سێ کورسی پێکهاتووە، ژنان دوو کورسیان بەدەستهیناوە، ڤیان عەبدولعەزیز لە نەوەی نوێ ١١ هەزار و ٦٣ دەنگی بەدەستهێناوە، لەیلا ئەکرەم کاندیدی پارتی ٧ هەزار و ٧٨ دەنگی بەدەستهێناوە.

 

سلێمانی

لە پێنج بازنەکەی سلێمانی سەرجەم ژنان بە دەنگی خۆیان دەرچوون و هیچ ژنێک بە سیستمی کۆتا ناچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆی ١٦ کاندیدی دەرچوو حەوتیان ژنە.

 

لە بازنەی یەکی سلێمانی لە کۆی چوار کورسی ژنان دوو کورسیان بەدەستهێناوە، یادگار مەحمود کاندیدی پارتی بە شەش هەزار و ٦٩، نەرمین مەعروف کاندیدی یەکێتی پێنج هەزار ٨٦٢ دەنگیان هێناوە.

 

لە بازنەی دووی سلێمانی کە لە سێ کورسی پێکهاتووە، بەدریە ئیبراهیم لە نەوەی نوێ ١٩ هەزار و ٩٨ دەنگی هێناوە، کە زۆرترین دەنگی بازنەکەی بەدەستهێناوە.

 

لە بازنەی سێ سلێمانی کە لە سێ کورسی پێکهاتووە، چرۆ حەمە شەریف کاندیدی یەکێتی زۆرترین دەنگی هێناوە، کە ١٢ هەزار و ٢٥٦ دەنگ.

 

لە بازنەی چواری سلێمانی کە لە چوار کورسی پێکهاتووە ژنان دوو کورسیان بەدەستهێناوە، سروە عەبدولواحید لە نەوەی نوێ ٢٢ هەزار و ٦٤٣  زۆرترین دەنگی هێناوە، بەدریە حسێن لە یەکێتی ١٣ هەزار و ٤٦٥ دەنگی هێناوە.

 

لە بازنەی پێنجی سلێمانی کە لە چوار کورسی پێکهاتووە، سروە محەمەد لە یەکێتی پێنج هەزار و ٤٥٢ دەنگی بەدەستهێناوە.

 

دهۆک

لە بازنەی سێی دهۆک کە لە چوار کورسی پێکهاتووە، ژنان دوو کورسیان بەدەستهێناوە، ئەوانیش ئیمان عەبدولڕەزاق لە یەکێتی ١٤ هەزار و ١٦٤ دەنگی هێناوە، ڤیان سەبری کاندیدی پارتی ١٣ هەزار و ٨٦٧ دەنگی هێناوە.

 

ئەو ژنانەی بە کۆتا دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

لە بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر، کە لە چوار کورسی پێکهاتووە، لە چوار کورسی سەرەتادا هیچ ژنێک دەنگی پێویستی نەهێناوە، زۆرترین دەنگی ژن جوان عەبدوڵا کاندیدی پارتی بەدەستیهێناوە، کە ٩ هەزار و١٧٤دەنگە، شەشەم کاندیدە کە زۆرترین دەنگی هێنابێت، بەڵام بەهۆی سیستمی کۆتا دەبێتە ئەندام پەرلەمان.

 

لە بازنەی چواری هەولێر، کە لە چوار کورسی پێکهاتووە، لە چوار کاندیدی سەرکەوتووی یەکەمدا هیچ ژنێک نییە، لەبەر ئەوە بەپێی سیستمی کۆتا نەهلە قادر کاندیدی پارتی کە ٩ هەزار و ٩٩٥ دەنگی هێناوە دەبێتە ئەندام پەرلەمان.

 

لە بازنەی یەکی دهۆک کە لە چوار کورسی پێکهاتووە، هیچ ژنێک لە چوار زۆرترین دەنگدا نییە، لەبەر ئەوە ئەڤین سەلیم کاندیدی پارتی کە پێنجەم زۆرترین دەنگی لە بازنەکەدا هێناوە دەبێتە پەرلەمانتار، کە ١٥ هەزار و ٥٠٦ دەنگی هێناوە.

 

هاوکات لە بازنەی دووی دهۆک بەهەمان شێوە زۆزان عەلی بە ١٦ هەزار و ٥٩٠ دەنگ بە سیستمی کۆتا دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو بازنەیە لە سێ کورسی پێکهاتووە، لە سێ کاندیدی دەرچووی سەرەتا هیچیان ژن نین، زۆزان عەلی کاندیدی چوارەمە کە زۆرترین دەنگی لەو بازنەیە بەدەستهێناوە.

 

٪٣٨ ژنان دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 بەپێی ئەو ئەنجامانەی دەرکەوتووە، لە کۆی ئەو ٤٤ کورسییە بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دیاریکراووە، ژنان توانیویانە ١٧ کورسی بەدەستبهێنن، بەمەش ٪٣٨ ئەو پەرلەمانتارانە ژن دەبن.

 

لەسەر ئاستی عێراق کورسی ژنانی کورد

لەسەر ئاستی عێراقیش ژنانی کورد توانیویانە ٦ کورسی بەدەستبهێنن، کە لە پارێزگای کەرکوک بە پلەی یەکەم دیلان غەفور کاندیدی یەکێتی لە بازنەی یەک دێت بە ١٨ هەزار و ١٧٣ دەنگ، هەروەها نەجوا حەمید کاندیدی پارتی لە بازنەی دوو توانی بچێتە پەرلەمانی عێراق بە ١٠ هەزار و ١٨ دەنگ.

 

هەروەها لە پارێزگای نەینەوا ڤیان دەخیل کاندیدی پارتی ٩ هەزار و ٢٩٤ دەنگ و رۆنزێ زیاد کاندیدی یەکێتی، بە ٥ هەزار و ٨٤٠ دەنگ و ئەحلام ڕەمەزان کە کاندیدی یەکێتییە بە هەبوونی ٤ هەزار و ٩١٠ دەنگ توانییان ببنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

لە دیاش ژنانی کورد توانیان یەک کورسی بەدەستبهێنن بە ڕێژەی دەنگی خۆیان و بێ سیستمی کۆتا، ئەویش سۆزان مەنسور کاندیدی یەکێتییە کە ١٦ هەزار و ١٧٥ دەنگی پێویستی هێناوە.

 

بەپێی ئامارە بەراییەکانی کۆمسیۆن ژنانی کورد لە کۆی ٦٣ کورسی هێزە کوردییەکان ٢٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێناوە، هەروەها لە کۆی گشتی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق ژنان ٩٧ کورسیان بەدەستهێناوە، کە ١٤ کورسی زیاترە لەو ڕێژەیەی کۆتا دیاریکردووە.

 

ئەم ڕێژەی بەشدارییەی ژنان کە سیستمی کۆتای تێپەڕاندووە لە کاتێکدایە لە پەرلەمانی عێراقیش کوردی لایەنە کوردییەکان بە گشتی لە ٥٨ کورسییەوە بۆ ٦٣ کوردی زیادی کردووە.

 

ئەگەرچی زۆرینەی ئەو ژنانەی دەرچوون لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەبێ سیستمی کۆتا ئەو ئەنجامەیان بەدەستهێناوە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوە دەبێت، ئایا ئەو ژنانە دوای چوونە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانن بە ئەقڵیەتێکی ژنانەوە کار دەکەن یاخود دەکەونە ژێر هەژموونی حزبەکانیان.

 

ت.پ