"حزبەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ژنان وەک کۆتا لە پەرلەماندا دادەنێن"

حزبە سیاسییەکان رۆڵی سەرەکیان هەیە لە لاوازکردنی پەرلەماندا، سۆز عەبدولقادر، دەڵێت: حزبە سیاسیەکان وەک ڕێژەی کۆتا ژنان بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەنی سیاسیی و پێگەی خۆیان لە پەرلەماندا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەڵبژاردن مافێکی یاسیاییە چوار ساڵ جارێک لە دەستوری عێراقیدا مافی هەڵبژاردن دراوە بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی ئەو کەسەی دەیانەوێت نوێنەرایەتیان بکات لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵیبژێرن و بیکەن بە نوێنەری خۆیان، بەڵام بە داخەوە پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی دیکەی وەرگرتووە، درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بۆتە نەریتێک، لە دوای چوار ساڵەکە خولەکە  درێژ دەکرێتەوە واتە ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە درێژ بکرێتەوە دەبێتە خولی شەشەم، هەروەها دۆخی پەرلەمانتاری ژن لە ناو پەرلەماندا بە هەمان شێوەی دۆخی پەرلەمانە، بەهۆی ڕێژەی کۆتاوە کە پێیان دراوە، وایکردووە ژنان بتوانن بە ڕێژەیەکی باش بچنە پەرلەمانەوە تا بتوانن کەم تا زۆر داکۆکی لە مافەکانی هاوڵاتیان و لە ناویاندا ژنان بکەن، هەروەها ژنان بتوانن چەند یاسایەک بچەسپێنن لە دادگاکاندا تا ئەقڵیەتی پیاو سالاری لە کۆمەڵگەدا نەمێنێت.

 

سۆز عەبدولقادر چالاکوانی ژنان باس لەوە دەکات، قۆرخکردن و بێدەنگ کردنی پەرلەمان لە لایەن حزبە سیاسیەکانەوە بۆتە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی پەرلەماندا، دەڵێت: حکومەت دەسەڵاتی بەسەر پەرلەماندا نییە، دوو دامەزراوەی تەشریعی و تەنفیزین واتە تەریبن بە یەکتر بە شێوازێکی نا ڕاستەوخۆ دەتوانن دەنگ هەڵببڕن چونکە پەرلەمانتاران لایەنی حزبێکن، هەروەها سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژاردەی حزب و لایەنێکە بە پشک و بەش دەتوانێت بەشداری لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی یاساکان حکومەت پێشکەشی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی دەکات، هەروەها حکومەت یاساکان پێشکەشی پەرلەمان دەکات بۆیە زۆرکات ئەو یاسایانەی دەهێندرێتە پەرلەمان کەمترینیان پەیوەستن بە پرسەکانی ژنانەوە یاخود کەمترین دەنگ بەدەست دەهێنن.

 

"نەبوونی پەرلەمان لە چاوی ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ نا دروستی پەرلەمان"

سۆز عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ژنان ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن بۆ بەدەست هێنانی مافەکان هەروەها ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر پابەندی یاساکانی پەرلەمان دەبن بەڵام ڕۆڵی ژنان کەمترە لە کایەی پەرلەماندا، دەڵێت: پەرلەمانتاری ژن لەناو پەرلەماندا تەنها ئەرکی کاری ژنان نییە، بەپێی ئەو پسپۆریەی کە هەیەتی ئەرکەکانی زیاتر دەبێت وەک ئەرکی چاودێری و پێشکەشکردنی یاسا و بەدواداچوونی مافی هاوڵاتیان لە بوارە جیاجیاکاندا، ژنان دەوری گرنگ دەگێڕن لە پەرلەماندا بەڵام لە چاوی لیژنە و ڕێکراوەکانی دەرەوەی پەرلەماندا ژنان دەوری گرنگیان هەیە بەڵام پەپێی خواستی ئەو لیژنە و ڕێکخراوانە نییە کە لە دەرەوەی پەرلەمان چاودێریان دەکەن.

 

وتیشی: نەبوونی پەرلەمان لە چاوی هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵ نەگێڕانی پەرلەمان بە شێوەیەکی دروست، پەرلەمان دەنگ بە حکومەت دەدات بەڵام سیستمیک هەیە لە کوردستاندا کە دەنگت بە حکومەتدا پاشان دەسەڵاتی تەنفیزی جێبەجێ کردن دەسەڵاتی زیاتر دەبێت لە پەرلەمان، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت ڕۆڵی سەرەکی خۆی بگێڕێت، هەروەها حزبە سیاسییەکان ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە لاوازکردنی پەرلەماندا، هەروەها پەرلەمانتاران لەسەر ناوی حزبێک دەچنە پەرلەمان بەڵام بەشێک لەو پەرلەمانتارانە لە ئاستی کاری پەرلەمانیدا نین، کە دەبیتە دروست کردنی کێشە و تێکدانی شکۆی پەرلەمان لە ناو پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

 

"دۆخی پەرلەمانتارانی ژن لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق باشترە"

سۆز عەبدولقادر، دەربارەی ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمانی عێراقدا و دەرەنجامەکانی لە داهاتوودا بۆسەر کاری ژنان لە پەرلەماندا، دەڵێت: هەبوونی ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بەهۆی بەرزبوونەوەی پێگەی ژنانەوە نییە لە عێراقدا، چونکە پێگەی ژنان لە عێراق بەرزتر نیە لە هەرێمی کوردستاندا، بە پێچەوانەوە ئەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەمووارکراون گرنگی زۆرتری پێدراوە وەک لە هەموار کردنەوەی یاسا و مافەکانی ژنان لە عێراقدا.

 

سۆز عەبدولقادر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، حزبەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت لە ڕێگەی سیستمی کۆتاوە ژنان بۆ هێنانە پێشەوەیان لە پەرلەمانی عێراقدا بەکاردەهێنن، وتیشی: ئەگەری هەیە حزبەکان پێویستیان بە ناوچەیەک بێت لە ڕێگەی ژنانەوە ئەو ناوچەیە بەدەست بهێنن، جگە لەوە پیشاندانی ژنان لە پەرلەماندا بۆ ڕووکەشی نێودەوڵەتی گرنگی خۆی هەیە، سەرەڕای هەموو ئەم زیانانە ڕێژەی کۆتا و هەبوونی ژنان لە پەرلەماندا سودی تایبەتی دەبێت بۆ ژنان تا بتوانن فێری کایەکانی سیاسیی ببن.

 

"ژنان لەڕێگەی متمانەوە دەتوانن لە کایە سیاسیەکاندا سەرکەوتووبن"

سۆز عەبدولقادر ڕوونیکردەوە کە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمانی عێراقدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە وتیشی: لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە ژنان توانیان بەرفراوانتر بەشداری کایە سیاسیەکان بکەن، ژنان توانیان هەنگاوێکی گەورە بۆ مافەکانیان بنێن، بەڵام لایەنێکی دیکەی بەکارهێنانی ژنانە، بە ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئەو حزبەی ڕێگەی پێداوە بەشداری پەرلەمان بکات بەکاردەهێندرێ، ئێمەی ژنان تەنها بە سیستمی کۆتا ڕازی نابین، دەبێت ئێمەی ژنان لە هەر دەسەڵاتێکی سیاسیی و لایەنێکی حزبیدابین زیاتر لە حزبەکەمان بچینە پێشەوە، هەروەها هەوڵ بدەین ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ژنان چالاکی بۆ مافەکانی ژنان بکەن تا ژنان بتوانن ناسراوبن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ژنان لە ڕێگەی متمانەوە دەتوانن لە کایە سیاسییەکاندا سەرکەوتووبن، ژنان پێویستە وەک ژن لە پۆستە سیاسیەکاندا کار بکەن، نەک لەژێر سێبەری حزبێکدا کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەشێک لە پەرلەمانتاران و هەتا وەزیری ژن هەبووە بە فکری پیاوانە کاری کردووە، هەروەها لە ڕێکخراوەکاندا ژنان پێویستە تێکەڵ بە هاوڵاتیان ببن و لەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە خزمەت بە ژنان بکەن، ژنان پێویستە متمانەی هاوڵاتیان لەم ڕێگایانەوە بەدەست بهێنن تا بتوانن وەک وڵاتانی دەرەوە کە ڕێژەی لە ٪٥٠ یان لە بەشداریکردنی پەرلەمان بەدەست هێناوە ئەمانیش بە دەستی بهێنن، خەباتی ژنان لە قۆناغێکدا ناوەستێت و ژنان نابێت بڵێن ناتوانین کاری سیاسیی و چالاکیەکانمان ئەنجام بدەین، دەبینین چەندین ژنی خاوەن پێداویستیمان هەیە چەندین کاری جوان دەکەن بۆیە ئێمە دەبێت بەردەوامبین.