کەرکوک، کاندیدانی سەربەخۆ چی دەربارەی دۆخی ژنان دەڵێن؟
دوو کاندیدی سەربەخۆ لە شاری کەرکوک بۆ ژنها دەدوێن و دەڵێن دۆخی ژنان لەو شارەدا لە ئاستێکی خراپردایە، کوشتنەکان ڕێژەیان لە زیادبووندایە و یاساکان پشتیوانی لە ژنان ناکەن، ئەو کاندیدانە پێیان وایە هەلی کار بۆ گەنجان و هەمووارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە ژنان دەتوانێت چارەسەری هەندێک لە کێشەکان بێت.
تەوار پێنجوێنی
کەرکوک- شیرین عەبدوڵا، پارێزەر و کاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٣٣ لە بازنەی ١ی شاری کەرکوک و سارا ستار، چالاکوان و کاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٢٤ لە بازنەی ١ی شاری کەرکوک، لە دیمانەیەکی ژنهادا باسیان لەو کێشانە کرد کە لە کەرکوکدا بوونیان هەیە، هەروەها کار و پڕۆژەکانیان تایبەت بۆ گەنجان و ژنان خستەڕوو.
شاری کەرکوک، یەکێک لە ناوچە دابڕێندراوەکانە و دەکەوێتە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ەوە، لەو شارەدا هەریەک لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەوڵی هەژموون و دەنگی زیاتری خۆیان دەدەن، بەڵام ئەم ململانێیانە نەیانتوانیوە خزمەت بە کەرکوک بکەن، بەڵکو تادێت لەڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە و ژنان و گەنجانیش پشکی شێریان بەردەکەوێت.
"هەڵبژاردنی ئەمجارە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات لە بەڕێوەبردندا"
شیرین عەبدوڵا، پارێزەر و کاندیدی سەربەخۆ، دەربارەی کەرکوک دەڵێت: شاری کەرکوک و ژنانی شارەکە لە دۆخێکی هەستیاردان و پڕاوپڕن لە کێشە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣شەوە خولەکانی پەرلەمان و کاندیدەکان نەیانتوانی ڕاستگۆیانە لەگەڵ گەلی خۆیان ببن و خزمەت بکەن، کەرکوک بە کێشەی ئابوری، ئیداری، ئیداری و سیاسییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی هاوڵاتیان، بەو هۆیەشەوە هەستم بە بەرپرسیارییەتی کرد کە خۆم کاندید بکەم تا زیاتر و لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە خزمەت بکەم.
شیرین باسی لەوەکرد کاتێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەچنە ناو هاوڵاتیانەوە، دەبینن کە بێ باوەڕن لە هەڵبژاردن، هۆکاری ئەوەشی بۆ بانگەشە و بەڵێنی ناڕاستی حزبەکان گەڕاندەوە و وتی: هاوڵاتیان دەڵێن پێشتر چۆن هەڵبژاردن بە تەزویر بووە، ئێستاش هەروا دەبێت، بەڵام من ئەوە بە هاوڵاتیان دەڵێم کە هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازترە و دەتوانرێت بە هەڵبژاردنی کاندیدانی سەربەخۆ، گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردندا بکرێت و هەنگاوی باشتر بۆ خزمەتی کەرکوک بنرێت.
"هەندێک یاسا لێدان لە ژنان ئەرێنی دەکات"
سارا ستار، کاندیدێکی دیکەی سەربەخۆیە و ماوەی ٩ ساڵە لەناو ڕێکخراوەکاندا کاردەکات، وەک چالاکوانێکی مەدەنی و گەشەپێدانی تاک، نزیکی لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کە خزمەت بکات وەک کاندیدی سەربەخۆ بەربژێر بووە، دەربارەی دەستور و یاساکان سارا وتی: لە دەستوردا ماف دراوە کە هەر تاکێک، بەڵام یاساکانی سزادان بۆشایی تێدایە، بۆ نمونە یاسا هەیە کە لێدان لە ژن ئەرێنی دەکات، وە ئەم یاسایە دژی دەستور دەوەستێتەوە و پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، کاری ئێمەش بۆ تەواوکردنی یاسای توندوتیژی دژی ژنانە لە پەرلەمانی عێراق کە تا ئێستا پەسەند نەکراوە، هەروەها کاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان.
ئەو کاندیدە باسی لەوەشکرد کە تا ئێستا خانەی بێسەرپەرشتان لە شاری کەرکوکدا بۆ ژنانی گەنج بوونی نییە، یەکێک لە پرۆژەکانیشی کردنەوەی ئەو خانەیەیە، هەورەها چەندین کێشەی دیکە هەن وەک زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، بێکاری گەنجان و ئالودەبوونیان بە ماددەی هۆشبەر، کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
"گەنجان هێزی کۆمەڵگەن"
کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا بە ڕێگەی هات و نەهات، تێکچوونی باری دەروونی گەنجان و نەمانی هێز و توانایان بووەتە یەکێک لە پڕۆژەکانی شیرین و وتی: ئێمە دەتوانین هەوڵ بدەین تا لە پەرلەمانەوە کار بکەین بۆ گەنجان و هەلی کار بڕەخسێنین، هەروەها قەرزی ڕاستەوخۆ بدرێت بدرێتە گەنجان تا بتوانن پڕۆژەی بچوک و کار بۆخۆیان بنیاد بنێن.
شیرین عەبدوڵا سەبارەت بە ژنان وتیشی: کێشەی ژنان کێشەیەکی هەرە قوڵە کە لە کۆمەڵگادا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ڕۆژانە ژن دەکوژرێت و دەسوتێنرێت، بەڵام یاساکانیش مافی ژنان نادەن و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی ژنان ناکات، بۆیە من وەکو یاسا ناسێک بە پێویستی دەزانم کاری جدی لەسەر یاساکان بکەین بۆ هەمووارکردنەوەی.
"ژنان بوێرانە و سەربەخۆیانە بانگەشە و خزمەت بە کۆمەڵگا دەکەن"
هەردوو کاندیدی سەربەخۆ، شیرین عەبدوڵا و سارا ستار کۆکن لەسەر ئەوەی کە ژنان و گەنجان وەکو دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگە پێویستە کاریان بۆ بکرێت، باوەڕیشیان وایە کە هەڵبژاردنی هەمجارە و بوونی کاندیدی سەربەخۆ لە پەرلەماندا دەتوانێت خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگا بکات دوور لە بەرژەوەندی حزبی و شەخسی.
ئەو دوو کاندیدە ئاماژەیان بەوەشدا کە ئاستەنگییەکان بۆ ژنانی کاندید و بەتایبەت سەربەخۆ هەیە، بەو پێیەی حزبێک نییە داکۆکی و پاڵپشتیان لێبکات، هەروەها کۆمەڵگەش باوەڕی بە بانگەشەی هەڵبژاردن نەماوە و وەکو تریش کۆمەڵگە باوەڕ بەوە ناهێنن کە ژن دەتوانێت داکۆکیکاری مافی گەلەکەی بێت، بەڵام ژنان بوێرانە توانیویانە بێنە مەیدانی سیاسی و بانگەشەی خۆیان بە سەربەخۆییانە بکەن و ببنە دەنگی خەڵک لە پەرلەمانی عێراقدا.
ت.پ