کەمی هۆشیاری و توندوتیژی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی کەمی بەشداری ژنانی لیبیایە لە هەڵبژاردنەکاندا
ژنانی چالاکوانی لیبیا جەختیان لە هەوڵە بەردەوامەکان کردەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بە گرنگی بەشداری چالاکانەیان، چ وەک کاندید و چ وەک دەنگدەر، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە دوودڵی لەدەنگدان هەمووئەو ژنانە دەگرێتەوە کە خۆیان کاندید دەکەن.

هندیە عاشبی
بنغازی- لیبیا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە لە شێوەی کەمی ڕێژەی بەشداری دەنگدەران، ڕەنگە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتوودا دووبارە ببێتەوە، ئەم دابەزینە ڕەنگدانەوەی قەیرانە ئاڵۆزەکانە کە لایەنە کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی و ئاسایشی لەخۆدەگرێت، جگە لە لاوازی پارتە سیاسییە سەرهەڵداوەکان، کە بەدەست بنکەیەکی کۆمەڵایەتی سنووردار و ڕێکخستنی ناسک و نەبوونی دیدێکی ڕوون و بێتوانایی لە پەیوەندی کاریگەرانە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەناڵێنن، سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ هاندانی هاوڵاتیان بەتایبەتی ژنان بۆ ناو تۆمارکردن و بەشداریکردنی کاریگەر.
بەشێک لە ژنانی چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤ هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان، نەبوونی هۆشیاری و تێگەیشتن لە گرنگی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنە گەورەکانی شارەوانییەکان.
"نەبوونی هۆشیاری بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا لاواز دەکات"
وەفا شەریف، چالاکوانی مەدەنی و سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئینجاز پێی وایە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لەم قۆناغەدا زۆر لاوازە، پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەیە لە پێویستی بەشداریی چالاکی ژنان.
هۆکارەکانی ئەم بەشدارییە لاوازە گەڕاندەوە بۆ تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە و قسەی ناشرین و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیا کە ژنانی کاندید و دەنگدەر بە شێوەی جیاجیا بەرکەوتوون، بەتایبەتی لە سەرەتای قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدە ژنەکان و دەرکەوتنیان لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکاندا.
لە میانەی قسەکانیدا باسی ئەزموونی ژنێکی کرد کە بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام لەلایەن خێزانەکەیەوە ڕێگری لێکرا لە دەستکردن بە کارەکانی یان بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، کە تووشی فشاری کۆمەڵایەتی بوون، ئەمە وای لە باوکی کرد بەناوی ئەوەوە مامەڵە و بەشداری کۆبوونەوەکان بکات، بەناوی کچە کاندیدەکەی کە براوە بوو بڕیار دەربکات.
عائیشە بەرغسی، بەڕێوەبەری بەشی کاروباری ژنان لە فەرماندەیی گشتی دووپاتی کردەوە کە بەشداری ژنان زۆر لاوازە لای دەنگدەران و کاندیدەکان، بەهۆی نەبوونی هۆشیاری و پەروەردە سەبارەت بە گرنگی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە وڵاتدا.
"خێڵەکی و داب و نەریتی بەسەرچوو کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە"
لمیا ئاغا، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێی وایە ژنان لە هەموو بەشەکاندا بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری دەکەن، لەوانەش پەروەردە، تەندروستی، ئاسایش و ئەوانی تر، بەڵام بەشداری سیاسی لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لاواز ماوەتەوە.
ئەو پێی وایە کە نێوەندگیری و لایەنگری هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەشداری ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردن یان سیاسیدا هەبێت، هەروەها پێی وایە خێڵەکی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان ڕەنگە بەشداری سیاسییان لاواز بکات، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی وڵات.
تۆماری دەنگدەران بۆ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان گەیشتە نزیکەی ٥٦٠ هەزار و ٨٩٦ دەنگدەر کە ١٧٢ هەزار و ٨٦٣یان ژن بوون، لە نزیکەی ٦٠ شارەوانی لە سەرانسەری لیبیا، لەنێویاندا گەورەترین شارەکانی تەرابلوس، بنغازی، سەبها و تەبروق.
شایانی باسە کە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی لیبیا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، بڕیارە وادەی دەنگدان بۆ قۆناغی دووەم لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، بەپێی ڕاگەیاندنی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانیی هەڵبژاردنەکان.