"بە ئومێدەوە لەم خولەی هەڵبژاردن بڕوانن"
پەرێز عومەر، بەربژێر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، باس لە گرنگی و ڕۆڵی پارلەمانتارانی ژن دەکات و دەڵێت: ژنان دەتوانن باشتر لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ڕۆڵ بگێڕن.
نەرمین ئەحمەد
سلێمانی- بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە ٢٠ ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بوونی ژنانی بەربژێر لە هەڵبژاردندا دەتوانێت جێگای هیوا بێت بۆ ژنان، گەنجان و بەگشتی کۆمەڵگە.
لە بارودۆخی ئێستای کوردستان کە خەڵک بە دەست قەیرانە ئابوورییەکانەوە دەناڵێنن، کۆچکردنی گەنجان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و بێ هیوایی لە داهاتوویەکی باش، بوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزگەرا کە دەبێتە هۆی توندوتیژی و کوشتن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، دۆخی خەڵکی قورستر کردووە. هەڵبژاردن و دەنگدان بە بەربژێران و بە تایبەت بەربژێرانی ژن کە دەتوانن پارێزگاری لە خاکی ئەم وڵاتە بکەن و لە پێناو ئازادی ژندا تێکۆشان بکەن و دەنگ و کێشەکانیان بگەیەننە ناو پەرلەمان، ڕووناکییەکە بە ڕەنگی هیوا لەناو ئەو تاریکییەی باڵی بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشاوە.
پەرێز عومەر، بەربژێری ژمارە ٦ لەسەر لیستی ١٢٩ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، باس لە گرنگی بوونی ژنانی پەرلەمانتار لە پەرلەمان دەکات و دەڵێت: بە لە بەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردوو، ژنی کورد سەلماندنی کە لە ئاستی جیهاندا، مرۆڤ دۆست و ئازایە، هەر بۆیە بەشداری ژنانی کورد لە پەرلەمان وەک هەموو ژنانی دیکە گرنگە؛ چونکە ژنان بێ بەرژەوەندی، ورد و بە ڕێکخستووی لەسەر مژارەکان ڕادەوەستن. ژنان بە شێوەیەکی گشتی کەمتر چوونەتە ژێر بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان، هەر بۆیە ژنان دەتوانن باشتر لە بەڕیوەبردنی وڵات ڕۆڵ بگێڕن.
"ژنان دڵسۆزانە و جدیتر دەتوانن ڕۆڵ ببینن لە بەڕێوەبردندا"
پەرێز عومەر باس لە ژیانی خەڵک لە ژێردەستی دەسەڵات دەکات کە لە لایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە، تیشکیش دەخاتە سەر ئەوەی کە، حزب و ڕاگەیاندنەکان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران دەبێت ڕۆڵ بدەن بە بەربژێرانی ژن و وتیشی: من دڵنیام ژنان دڵسۆزانە و جدیتر دەتوانن ڕۆڵ ببینن لە بەڕێوەبردندا، باوەڕم بە شەقامی کوردی هەیە و دڵنیام کە ئەم جارە دڵسۆزانەتر بیر لە هەڵبژاردن دەکەنەوە و بڕیارێکی ڕاست و دەنگی باشتر بە بەربژێرانی ژن دەدەن.
"هەڵبژاردن چەکی بەهێزی دەستی هاوڵاتیانە"
پەرێز عومەر دەڵێت: لە سیستمە دیموکراسییەکاندا چەکی بەهێزی دەستی هاوڵاتیان، هەڵبژاردنە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا، "هەر هاوڵاتیەک گرنگە کە بزانێت ئەم چەکە چۆن بەکاربهێنێت. بۆ نموونە ئەگەر من بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردرێم و متمانە بە دەستبهێنم، بەڵام نەتوانم بە پێی پێویست خزمەتی وڵات و دۆزی نیشتمانی بکەم، دەبێت هاوڵاتی من سزا بدات و ئەمە بۆ هەموو حزبەکان و بەربژێرەکان وایە، هەر بۆیە لە ئێستادا هەر هاوڵاتییەک دەبێت لەوە تێبگات کە تەنها مافی دەنگدانێک نییە کە هیچ شتێک نەگۆرێت، بەڵکۆ خاوەن گرنگییەکی زۆرە و دەتوانێت گۆڕانکاری زۆریش لەگەڵ خۆی بهێنێت.
پەرێز عومەر وەک بەربژێرێکی ژن باس لەو سیاسەتانە دەکات کە لە کاتی چوونی بۆ پەرلەمان بۆ ژنان و گەنجان دەیگرێتەبەر و وتی: بە داخەوە لە کوردستان ژنان و گەنجان لە رێگای دوژمن، دەسەڵات و گەندەڵی دەسەڵاتداران تووشی هەراسانکردن و بێ هیوایی دەبن، گرنگە کە لەم هەڵبژاردنە بێ هیوایی گەنجان نەمێنێت و ئازایانە شەڕی ڕاستکردنی سیستمی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بکرێت. دڵنیام ئەم هەڵبژاردنە زۆرشت لە بەرژەوەندی خاک، گەل و گەنجانی لە دەسەڵاتی ئێستای کوردستان دەگوڕێت.
"ئێمە دەمانەوێت ژنان ئازاد بن"
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باس لە پلان و پرۆژەکانی بۆ ژنان و گەنجان دەکات، "یەکێک لە پرۆژەکانمان بۆ گەنجان پاراستنی مافەکانی گەنجان لە کارکردنە، ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کارە، بەرزکردنی تواناکانی گەنجانی خوێندکارە، بەڵێنمان ئەوەیە شەڕی جدی بۆ یەکسانی بکەین. هەروەها بۆ ژنانیش لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا کە دۆزی ژن و ئازادبوونی ژن لە ناو مێشکی کۆمەڵگەدا شێوێندراوە، دەیانەوێت وا دەریبخەن کە داواکارییەکانی ژن لە لاڕێدانی کۆمەڵگەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئازادی ژنه مافێکە کە دەبێت بۆ ژنیش دەستەبەر بکرێت، بۆ نموونە هیچ ژنێکی ئازادیخواز داوای بازرگانی بە جەستەی ژن ناکات. ئێمە دەمانەوێت ژنان لە خوێندن و کارکردن ئازاد بن و ڕێزیان لێ بگرن و ڕۆڵی خۆیان بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردن، سیاسەت و پارێزگاری لەم وڵاتە بەکاربهێن".
"بە ئومێدەوە لەم خولەی هەڵبژاردن بڕوانن"
لە کۆتاییدا پەیامی پەرێز عومەر بۆ خەڵکی باشووری کردستان ئەوەیە، "داواکارم بە ئومێدەوە لەم خولەی هەڵبژاردن بڕوانن بۆ ئەوەی کە سیستمی ئێستای هەرێمی کوردستان ڕاست بکەینەوە، داواکارم هەموو توێژەکانی باشووری کوردستان بە گەرموگوڕییەوە پێشوازی لە هەڵبژاردن بکەن و ئەو حزب و دەسەڵاتەی کە هەموو شتێکی لە کوردستان شێواندووە سزا بدەن".