"مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وا لە ژنان دەکات ڕووبەڕووی جەنگی جیهانی سێهەم ببنەوە"
سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی دەڵێت: لە باشووری کوردستان بەهۆی نامووسگەراییەوە ژنان قوربانی دەدەن، ژنان دەمرن و پیاوان ژیان دەکەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- سەدەیی ٢١ سەدەی تێکۆشانی ژنانە بەرامبەر سیستمی مۆدێرن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کە هەموو کات لە دژی ئیرادە و فکری ژنان کار دەکات، لە دژی ئەو ئەقڵیەتە پێویستە ژنان ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژی و ئەقڵیەتە بوەستنەوە تا ئازادیان بەرقەرار ببێت و پاراستنی ژنان بڵندتر بکرێت، هەروەها لە جەنگەکاندا ژنان دەکەونە بەر شاڵاوی دەستدرێژی و توندوتیژی، وەک لە ئەنفالی گەرمیان و فەرمانی ٧٤ی شەنگالدا بەهۆی نەبوونی هێزی پاراستنی ژنانەوە ڕووبەڕووی کوشتن و کۆمەڵکوژی و بە کۆیلەکردن بوونەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆردیناسیۆنەکانی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان "پاژک" و کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەوازی لە ژنان دەکەن، شەڕی جیهانی سێیەم شەڕێکە لە دژی ژنان و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبرێت، ئەگەر لە بەرامبەردا تێکۆشانی خۆپاراستنی نەبێت، ڕزگاری، ئازادی و دادپەروەری پێش ناکەوێت، بۆیە پێویستە ژن تێکۆشانی خۆپاراستن پێش بخەن و هاودەنگی و یەکگرتووی بە بنەما بگرن.
لەو بارەیەوە، سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ژنان لە باشووری کوردستان کرد و ووتی؛ پیلانەکان لە باشووری کوردستاندا لە دژی ژنان و دانانی بەربەست لە بەردەم ژناندا چڕ بووەتەوە، کە وادەکات ژنانی باشووری کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا جەنگی جیهانی سێهەم لە دژیان سەرهەڵبدات، ژنان دەکوژرێن و پیاوان ژیان دەکەن، بەهۆی نامووسگەراییەوە ژنانی باشووری کوردستان قوربانی دەدەن و پیاوان دەیانەوێت ژیان بە یەکڕەنگی ببیندرێت، ئێمەی ژنان بە ئیرادە و توانای خۆمان ڕوبەڕووی ئەم داگیرکارییەی ژنان دەبینەوە، وەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرەنگاری ئەو ئەقڵیەتە بوونەوە و ئێمەی ژنانی باشووری کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا ئازادی خۆمان بڵندتر بکەین.
"مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە هێزی ژنان و فکری ژنان دەترسێت"
سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەشدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە هێزی ژنان و فکری ژنان دەترسێت، چونکە لەگەڵ ئازادبوونی ژنان کۆمەڵگە ئازاد دەبێت، بەڵام بەداخەوە کۆیلەبوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا پیاوانی هانداوە باڵادەست ببن، هەروەها سیستمی سەرمایەداری مەبەستی قۆرخکردنی ژنان و زاڵکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و بە کاڵا کردنی ژنانە، ئەمەش دەگەڕێتەوە هۆشیار نەبوونەوەی ژنان و پێچانەوەیان لەڕووی فکریەوە، سارا ڕەزا باسی لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و وتی: لەناو پارتی کرێکارانی کوردستاندا ژنان پێشەنگایەتی دەکەن و هاوسەرۆک و دەستەی خۆبەڕێوەبەرین، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، لە هەر شۆڕشێکدا ژنان پێشەنگایەتی نەکات ئەو شۆڕشە سەرناکەوێت، کەواتە ئێمەی ژنان پێویستە لەم چوارچێوەریەدا کار بکەین.
"پێویستە ژنان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی خۆیان بەرەوپێش ببەن"
سارا ڕەزا، ئاماژەی بەوەشدا، ژنان لە باشووری کوردستاندا خەبات و ڕێکخستنی خۆیان لە ژێر سێبەری پیاواندا ئەنجام دەدەن، ئەم شێوازە خەبات کردنە دەبێتە هۆی مردنی ژنان و کەوتنە ژێر ڕکێفی پیاوانەوە، وتیشی: ساڵ بە ساڵ ئاماری توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان زیاد دەکات، پیاوان شەرەفی خۆیان لە چوارچێوەی ژنێکدا دەبیننەوە، بەداخەوە بێ گائا لەوەی خەتابار کێیە هەڵدەستن بە کوشتنی ژنێک، پاشان دوای کوشتنیشی دەبینین کۆمەڵگەیەک کە کاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالارییان لەسەرە، هانیان دەدەن بۆ کوشتنی ژنان و دەستخۆشیان لێ دەکەن، بۆیە پێویستە ژنان لە چوارچێوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا پێشەنگایەتی بکەن تا بە ئامانجەکانمان بگەین.
لە کۆتاییدا بانگەوازی لە ژنان کرد وتی: دەبێت ژنان تێکۆشان بکەن بۆ نەمانی ئەم توندوتیژیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها دوژمنانمان هەمیشە ناسنامە و کولتوورمان داگیر دەکەن، ئەمانە وایکردوە ژنان ڕووبەڕووی ئەم داگیرکاریە ببنەوە، ئێمەی ژنان بە کۆدەنگی بێینە لای یەکتری دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو کۆمەڵکوژی و مەرگەساتەی دژی ژنان هەیە، ببینەوە.