خاپورکردنی سنورەکان و بڕینەوەی درەختەکان پەیامی تورکیا بوو بۆ هەناسە بڕینی کورد
هاوڵاتیان و ژنان لە باشوری کوردستان ناڕازین لە داگیرکاری و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا، ژنانی گەنج لە سەیدسادق ئامانجی تورکیا لە ژنهاوە ڕوون دەکەنەوە و داواش لە لایەنی بەرپرس و ژنان دەکەن دژی داگیرکارییەکان بووەستنەوە.
هاوڵاتیان و ژنان لە باشوری کوردستان ناڕازین لە داگیرکاری و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا، ژنانی گەنج لە سەیدسادق ئامانجی تورکیا لە ژنهاوە ڕوون دەکەنەوە و داواش لە لایەنی بەرپرس و ژنان دەکەن دژی داگیرکارییەکان بووەستنەوە.
هەوار محەمەد
سەیدسادق- سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان و بڕینی درەختەکان و سوتان و تۆپبارانکردن و لە ناوبردن و وێرانکاری ژینگەی کوردستان ژنانی گەنج لە شارۆچکەی سەیدسادق ئامانجی تورکیا دەخەنەڕوو، سیاسەتەکانی تورکیا ڕەت دەکەنەوە و ناڕازیبوونی خۆیان لە بەرامبەر داگیرکاری تورکیا و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژنها دەردەبڕن..
"هەڵوێستی دایکان دژ بە داگیرکاری کاریگەری دەبێت لەسەر منداڵیش"
شاگوڵ عوسمان، خوێندکاری زانکۆ بەشی کاری کۆمەڵایەتی، دەربارەی گرنگی توانای ژنان لە پەروەردە کردن و هەڵوێستیان لە دژی داگیرکاری پێی وایە دایک کاریگەری هەیە، چونکە بەخێوکەری منداڵە، بۆیە گرنگە ژنان ڕۆڵێکی گرنگ لە کۆمەڵگە بگێڕن بەوەی منداڵەکانیان بە هەڵوێست و خاوەنی بیرێکی ئازاد پەروەردە بکەن، هەروەها دەشڵێت ئەگەر ژن هەڵوێستی هەبێت لە هەر بوارێکدا زۆر سەرکەوتووانە دەبێت، چونکە بوێرییەک دەردەکەوێت کە لە پێشتردا لە کۆمەڵگادا نەبووە.
هەروەها دەشڵێت تورکیای فاشیزم لە مێژووی دەسەڵاتیدا هەمیشە ویستویەتی ئەو خاکانە داگیر بکات کە هی خۆی نەبوون و ئەوەش لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێتت، لە سەردەمی کەمال ئەتاتورکیشدا بە شانازیکردن بە خۆیانەوە ئەوە دەبینرێت، لەمێژووەوە تا ئێستای تورکیا نیشانمان دەدات کە ئامانجی تورکیا لە کوردستان چییە.
"بە خاپورکردنی ناوچە سنورییەکان و بڕینەوەی دارەکان تورکیا پەیامیدا"
شاگوڵ باس لەوەش دەکات هەمیشە کوردستان لە کێشمەکێشی چوار پارچەییدا بووە، یەکێک لەو پارچانەش باکوری کوردستانە کە هیچ ئازادییەکی نییە، تورکیای فاشیست دەیەوێت کورد بتوێنێتەوە، بۆیە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ باشوری کوردستانیش، بە خاپورکردنی ناوچە سنورییەکان و بڕینەوەی درەختەکان سیاسەتێکی تازەی تورکیا بوو پەیامی ئەوە بوو بە کورد بڵێت " تۆ ئیتر ناتوانی هەناسە بدەیت".
دەشڵێت ئەوەی کارەساتبار و ناخۆشە ئەوەیە کە هەڵوێستێکی وا گرنگمان نەبینیوە لە باشوری کوردستان بە تایبەت لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە، خەڵکی کوردستانیش بێ هەڵوێست بووە، نمونەی چالاکی و پشتگیری خەڵکی کوردستانیش بۆ فەلەستین دێنێتەوەو و دەڵێت: هەمیشە کورد ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر بەگەلانیتر هەیبووە بەرامبەر بە خاک و میللەتی خۆی هەیبوایە ڕووداوەکان بەم شێوەیە نەدەبوون.
فرۆشتنی خاکی کوردستان کارەساتێکی گەورەترە لە تاڵانکردنی لەلایەن تورکیاوە
شادی عادل، خوێندکاری زانکۆ بەشی فەلسەفە، و دەڵێت: بێدەنگی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان دەریدەخات ئەو ناوچە سنورییانەی دارەکانی لێ دەبڕێتەوە فرۆشرابێت بە تورکیا، ئەوە کارەساتێکی گەورەترە لە تاڵانکردن و وێرانکردنی کوردستان لەلایەن تورکیا.
لەبارەی داگیرکاری تورکیاوە دەڵێت ئەوە ئیشی یەکەمجاری تورکیا نییە و لەڕابردووشدا داگیرکاری کردووە، بۆیە ئامانجی سەرەکی تورکیا لە تاڵانکردن و وێرانکردنی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان داگیرکردنی باشووری کوردستان و زیندوو کردنەوەی خەونی دەوڵەتی عوسمانییە.
شادی لە بارەی دەستدرێژییەکانی وڵاتانی دراوسێ و سوتان و بڕینی دارستان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان دەڵێت: نابێت هێرشەکان قبوڵ بکرێت و بێدەنگی حکومەتیش ئەوەمان پێ دەڵێت کە خۆی دەستی لەگەڵ داگیرکاران تێکەڵە و ناوچەکانی پێ فرۆشتوون، بێدەنگیشیان پەل دەهاوێژێت بۆ ڕووداوی نەخوازراوی تر و بارودۆخەکە بەرەو خراپتربوون دەڕوات.
ئەو خوێندکارە دەربارەی هەڵوێستی هاوڵاتیانی کوردستانەوە دەڵێت: دەبێت ڕۆشنبیران و هەر تاکێکی ئەم وڵاتە و بە تایبەت ژنان هەڵوێستیان لە دژی داگیرکارییەکان هەبێت، کارێک بکەین بە دونیا بڵێین کە ئێمە دژی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاین و ناڕازین بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستان.
ت.پ