کۆبانێ، ناوەندی بەرخۆدان و سەرکەوتنی کوردستان

مێژووی گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی ژنانی کورد بنەمای چەندین بەرخۆدان و تێکۆشانی مەزنە، بەم بەرخۆدانانە بووەتە ئاگری سەرهەڵدان و بەرەو بنیاتنانی شۆڕشی ژنان هەنگاوی ناوە، یەکێک لەو ناوچانەی کە ئاگری سەرهەڵدان و شۆڕشی ژنانی تێیدا زیندوو بووەوە کۆبانێی خۆڕاگرە.

 

بەرچەم جودی

کۆبانێ- کۆبانێ یەکێکە لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێشەنگی هەنگاوی سەرەتای تەڤگەری ئازادیی کوردستانی کردووە، بەم هەنگاوەی لە دژی سیستەمی دەوڵەت وەستاوەتەوە بە هۆشیارییەوە خۆی بە ڕێکخستن کردووە، هەرچەندە بە چەندین ناوی جیاوازەوە چەتەکان بە عەقڵییەتی ئاینی و جیهادی هێرش و وێرانکارییان ئەنجامدابێت، بەڵام کۆبانێ بە ڕێکخستن و شایەتیدان بۆ سەرەتای تێکۆشانی ئازادی بەرخۆدانی کرد و بوو بە خوڵقێنەر و پێشەنگی دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان، سەرەڕای هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی هیوای ئازادی لە کۆبانێ و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا و داعش، بەڵام لە کۆبانی هیوای ئازادی سەرکەوت.

 

هێرشی چەتەکانی داعش

چەتەکانی داعش کە لەلایەن هێزە فاشیست و تاریک پەرستانەوە پشتیوانی دەکرێت و لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستیان بە کۆمەڵکوژی لە سەرانسەری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، بەتایبەتی لە عێراق و سوریا دەستیان بە داگیرکردنی خاکی کوردستان کرد و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هان دەدران بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر جەرابلوس و دوای کۆمەڵکوژی لە شەنگالیش لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠١٤دا ڕوویان لە کۆبانێ کرد و ئامانجیان بوو هەموو هەرێمەکە داگیر بکەن.

 

بەڵام بە بەرخۆدانی قارەمانانەی کورد هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ تێکشکێنرا و لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا شارەکە لە دوای ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی مەزن بە تەواوی لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا.

 

پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا

لەگەڵ ڕزگارکردنی شاری مەنبج لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدەوە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٦ هەسەدە پلانی ئازادکردنی جەرابلوسی داڕشت، لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنەی کەلە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستهێنرا، دەوڵەتی تورکیا پیلانی نوێی دژ بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دانا، لەسەر ئەو بنەمایە، لە ئابی ٢٠١٦دا بە ناوی "قەڵغانی فورات" ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد، ئامانجی سەرەکیشیان لەناوبردنی هێزە شۆڕشگێڕەکان بوو کە هەتا ٢٩ی ئازار ناوچەکانی عەزاز، ماری و باب-یان داگیرکرد.

 

هێرشەکانی سەر عەفرین

لە ساڵی ٢٠١٧دا هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە شاری ڕەوا و تەبقایان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد و دەستیان بە ڕزگارکردنەوەی دێرەزۆر کرد، دەوڵەتی تورکیا سەرکەوتنەکانی کەلە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن شۆڕشگێرانەوە بەدەستهاتوون لە دژی سیستم و ئەقڵیەتی پیاوسارییەکەی خۆی دەبینی، بۆیە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی بۆ داگیرکردنی عەفرین دەستپێکرد.

 

گەلی عەفرین و هێزەکانی پاراستن لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورک کە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و فڕۆکەی جەنگییان بەکارهێنا، بەرخۆدانییەکی مەزنیان بەڕێوەبرد، بەڵام بەهۆی پشتیوانی لە دەوڵەتی تورکیا و بێدەنگی بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان، عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی داگیرکرا.

 

ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر شاری سەرێکانی لە هەرێمی جەزیرە و کانتۆنی گرێسپی لە هەرێمی فورات داگیری کردن، بەمەش هەموو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکرد، بەڵام تا ئەمڕۆش هیچ هەڵوێستێکی جدی و ڕوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دژی ئەم داگیرکارییە نەخراوەتە ڕوو.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ەوە دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵکردنی خاکی سوریا بکات، چ لە ڕێگەی ئەو چەتانەی بەکاریدەهێنێت، یاخود لە ڕێگەی سوپا و دیالۆگەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکادا، دەوڵەتی تورکیا ئامانجی بوو لە ڕێگەی داگیرکردنی عەفرینەوە سەرهێڵی جەرابلوس و باب لەگەڵ حەلەب و ئیدلب کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام لەبەرئەوەی هەریەک لە شەهبا، ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە دەستی یەپەژە و یەپەگەدان، پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکاریی شکستی هێنا.

 

دەبینین لە ئەمڕۆدا دەوڵەتی تورکیا لە هەوڵی داگیرکردنی شارە ستراتیژییەکانی وەک تل ڕەفعەت، مەنبج، کۆبانێ، عەین عیسا و تل تەمر دایە، ئەمەش بە ڕوونی لە لێدوان و هەڕەشەکانی تورکیادا دەردەکەوێت.

 

٢٤ی ئاب یەکەم هەنگاوی هەوڵی زیندووکردنەوەی عوسمانیەکان بوو

پلان و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا پەیوەستە بە مێژووی دەوڵەتی عوسمانیەوە، هەڵبژاردنی ٢٤ی ئاب بۆ دەستپێکردنی داگیرکاریی جەرابلوس و هەرێمەکانی دیکە ڕێکەوت نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ مێژووی ٢٤ی ئابی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوو کە دەوڵەتی عوسمانی دژی مەمالیکەکان شەڕی کرد و لەو شەڕەدا توانی خاکی سوریا و جیهانی عەرەبی بۆ ٤٠٠ ساڵ داگیر بکات.

 

لەمڕۆشدا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ٤٠٠ ساڵ بە خوێنڕشتن، زۆرداری، هەژاری و پاشکەوتن بەڕێوەببات، بۆیە ئەو سیستەمەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بنیادی ناوە، هەمان دۆخی سەردەمی عوسمانییەکان نیشان دەدات و ئەمە بە عەفرینی داگیرکراوەوە بە ڕوونی دیارە.

 

ئێستا نزیکبوونەوە لە ڕووخانی سیستمی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو جیهان ڕوون بووەتەوە، بارودۆخی ناوخۆی تورکیا کە ئەردۆغان دەیەوێت بە هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی کوردستان بیشارێتەوە، ئاستی کۆنتڕۆڵکردنی تێپەڕاندووە، تورکیا ڕووبەڕووی ئاژاوەی سیاسی، دیبلۆماسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و چەندین لایەتی دیکە بووەتەوە، لەبەر ئەوەش بەرەو نەمان دەچێت، تورکیا دەیەوێت لەم دۆخەیدا کورد لەگەڵ خۆیدا ڕابکێشێت، بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین وڵات باسیان لە ناساندنی ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، هەروەها داواکاری زانایان، چالاکوانان و پارێزەرانی چەندین وڵاتی جیهان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەبوون.

 

لەناوبردنی داعش کە ئامرازێکی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا بوو لەگەڵ شکستی دیالۆگەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکا نیشانەی شکستی گەورەیە لە مێژووی دەوڵەتی تورکیادا کە بە ڕوونی لە مێژووی سیاسەتی ناوچەکەدا دەبینرێت.

 

ت.پ