کایوش چالکمان گاڤریلۆف: ڕزگاری لە ئازادبوونی ژناندایە

لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە کۆنفرانسێکدا گفتوگۆیان لەسەر کێشەکان، ڕێگرییە هەرێمییەکان و چارەسەری هاوبەش کرد، نوسەر و وەرگێڕ کایوش چالکمان گاڤریلۆف، باسی لە کێشەی ژنان لە وڵاتی تورکیا و چارەسەرییەکان کرد.

 

تەوار پێنجوێنی

بەیروت- ژنان بە ڕەنگ و زمانە جیاوازەکان بەشدارییان لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کرد، کە لە ٣٠-٣١ی تەمموز لە لوبنان بە دروشمی "بە یەکێتی ژنان شۆڕشی دیموکراتیک پێکدێنین" بە بەشداری ١٠٠ ئەندام لە ١٨ وڵات بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ٣٠ ژن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

 

کایوش چالکمان گاڤریلۆف، نووسەر و وەرگێڕ، لە کۆنفرانسەکەدا بە ژنهای ڕاگەیاند: "من دڵخۆشم بەم کۆنفرانسە"، هەروەها دۆخی ژنان و کێشە و گرفتەکانی نرخاند.

 

ئەرمەنییەکان، یەکێکن لە گەلە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداربووی دووەمین کۆنفرانسی ژنان بوون، کایوش کە خۆی ئەرمەنییە و یەکێک بوو لە نوێنەرانی وڵاتی تورکیا لە کۆنفرانسەکەدا، وتی: لە تورکیا کە منی تێدا دەژیم، من نامەوێت بڵێم فاشیست، بەڵام بەداخەوە بەو شێوەیەیە، تورکیا ئێستا بە شێوەی فاشیستی بەڕێوەدەچێت، ئەمە هۆکارێکە کە ئێمە لە دۆخێکی دژواردا بژین، ئێمە لەو وڵاتەدا بە قورسی هەناسە دەدەین.

 

کایوش ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی تورکیا لە دوا هەنگاوەکانیدایە، جەختیش لەوەدەکاتەوە کە حکومەت دەیەوێت شتەکانی دەوروبەری تێکبدات و دەڵێت: بیر لە میوەیەک بکەرەوە کە قۆناغی پێگەشتنی تەواو دەکات و دەکەوێت، ئاشکرایە کە دەسەڵات لە قۆناغی کەوتندایە، وە ئاگاداری ئەمەشە، چۆن کاتێک دەکەوێت دەیەوێت خۆی بەشتێکەوە بگرێت، بەداخەوە، ئەو دەیەوێت هەموو شتێک هەڵوەشێنێتەوە، وە ئێمە لەو وڵاتەدا بەو شێوەیە دەژین.

 

"تا دێت ئازادی هاوڵاتی بەرتەسک دەبێتەوە"

دەربارەی زیادبوونی نەتەوە پەرستی و دەسەڵاتی تاکەکەسی ئەو نووسەرە دەڵێت: بۆ شاردنەوەی کارەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی ئامانجەکان هێزەکان بەرەو نەتەوە پەرستی دەچن، کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە تێدەگەین لە وڵاتی تورکیا کە نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە دەژین ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە، بەو ئامانجەش، ئەمڕۆ هێرش لەسەر منە سبەی لەسەر تۆیە، لەو دۆخەشدا ژنان خاوەن کاریگەرییەکی بەهێزن، من گرنگی بە ڕۆڵی ژنان دەدەم لە تێکۆشاندا، هەروەها تەڤگەری ژنانی کورد لە وڵاتی تورکیا تا دێت بەهێزتر دەبێت، بەڵام ڕیکخستنەکانی فێمێنیست و تەڤگەرە فێمێنستییەکان ناتوانن هاوشێوەی تەڤگەری ژنانی کورد بەهێز بن، بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە ناتوانرێت ئەمە باسبکرێت و کاری بۆ بکرێت، هەروەها بابەتی LGBTI+ و چەندین بابەتی گرنگ هەیە کە لە قۆناغی پارچە بووندان، بەراستیش دۆخی وڵاتی تورکیا گرێدراوی ژنان و تێکۆشانیانە.

 

کایوش چالکمان گاڤریلۆف، ئاماژەی بەوەدا کە تەڤگەری ژنانی کورد دەتوانێت هەموو ژنانی تورکیا لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە و وتیشی: خۆزگە تەڤگەری ژنانی کورد وەکو چەترێک بووایە و هەموو ژنانی تورکیای لەبندا کۆببوایەتەوە، بەو شێوەیەش تەڤگەری ژنان بە دەنگێکی بەهێز لە تورکیادا دەنگی بایەتەوە، بەڵام لە ئێستادا دەسەڵات و هێزی کەلە تورکیادا هەیە ڕێگە نادات ئەمە بەتەواوی ڕووبدات.

 

"ئێمەی ژنانی ئەرمەنی زۆر شت فێربووین"

نووسەر و وەرگێر، کایوش چالکمان گاڤریلۆف، باسی لەوەکرد کە تەڤگەری فێمێنیست و ژنانی تورک، لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ هەنگاوی باشیان هەڵگهێنا، تەڤگەری فێمێنیست لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ توانییان بگەنە ئاستێکی بەرز لە تێکۆشانیان، وە ئێمەی ژنی ئەرمەنیی لە تەڤگەری ژنانی کورد زۆر شت فێربووین، بۆیە پێویستە من بڵێم و وەهاش بیردەکەمەوە، بۆ ئەوەی ژنان یەکتر بناسن، پێکەوە خەبات بکەن و تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوە ببەن، سەرباری هەموو جیاوازییە فکرییەکان، خاڵێکی هاوبەش و خەتێکی تێکۆشان هەیە.

 

کایوشی نووسەر لە کۆتاییدا دەڵێت: "من ڕزگاربوون لە ئازادبوونی ژناندا دەبینم، دڵخۆشیشم کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا هاتوونەتە لای یەکتر و ڕێکخستنی ژنانی هێز لە یەکتر دەگرن".

 

ت.پ