کارکردنی ژنان لەکاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا

جەنگی جیهانی، کاولکارییەکەی گەورە ڕووبەڕووی جیهان بووەوە، لەهەمان کاتدا بووە هۆکارێک کە ژنان بکەونە ناو ئەو کارانەی بە کاری پیاو دادەنران و کۆمەڵگە رازی نەبوو ژنان دەستیبەنێ، بەڵام ئەو تواناییەی ژنان پیشانیاندا لەوکاتەدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو ژنان هەر کارێک دەتوانن بکەن.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- لەکاتی جەنگی جیهانیدا ژنان ڕۆڵێكی بەرچاوییان هەبووە لەخزمەتکردندا، لەکاتێکدا چەندین جۆری کاری نوێ پەیدابوو لە ئەنجامی پێویستی شەڕەوە، لە ساڵی ١٩١٨ دا کارگەی دروستکردنی چەک لەئەنجامی پێویستی زۆری چەکەوە لە شەڕەکەدا دروستکرا، ژنان تێیدا بوونە خاوەنکاری سەرەکی، ئەگەرچی پیاوەکان لە شەڕدا بوون، بەڵام بەرهەڵستییەکی گەورە هەبوو بۆ بەکرێگرتنی ژنان، چونکە ئەو کارانەی دەیانکردن بە کاری پیاوان دەناسرا.

 

ژنان لەو شوێنانەدا کاریان دەکرد کە پێشتر پیاوان کاریان تێدا کردبوو، وەک پاسەوانانی هێڵی ئاسن و کۆکەرەوەی بلیت، پاس و ڕابەرانی ترام، کارمەندانی پۆستە، پۆلیس، ئاگرکوژێنەوە و کارمەند، هەروەها ژنان دەستیان دایە ئامێری قورس و کاری ئەندازیاریشیان دەکرد، ئەسپ و عەرەبانەیان لە کێڵگەکادا بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوە بەڵام کرێی کەمتریان وەرگرت بۆ ئەنجامدانی هەمان کار، بەم شێوەیە داواکاری ژنان بۆ پێدانی مووچەی یەکسان دەستی پێکرد.

 

لەکاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕێژەی دامەزراندنی ژنان زیادی کرد،، لە ساڵی ١٩١٤دا ٪٢٣.٦ بوو، ساڵی ١٩١٨ ڕێژەکە بەرزبووەوە بۆ ٪٣٧.٧، زۆرێک لە ژنان لە خزمەتی ماڵییەوە گواسترانەوە بۆ ئەو کارانەی بەهۆی شەڕەوە دروست بوون، دامەزراندنی ژنانی خێزاندار بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد بە نزیکەی ٤٠ ٪ تا ساڵی ١٩١٨.

 

لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەم، نیگەرانییەک لای ژنان دروستبوو، بەوەی خاوەنکارەکان بەردەوام دەبن لە دامەزراندنی ژنان تەنانەت دوایی گەڕانەوەی پیاوانیش لەجەنگ، لەبەرئەوەی ژنان کەمتر لە پیاوان پارەیان پێ دەدرا، بەڵام بەو جۆرە نەبوو، خاوەنکارەکان ژنانیان لەکار لابرد، بۆئەوەی ڕێگا بۆ سەربازە گەڕاوەکان خۆشبکەن دەستبەکارکردن بکەن، ژنانیش لە تەنیشت پیاوانەوە کاربکەن بەڵام بە کرێی کەمتر، ژنان بەمە ڕازی نەبوون،پێش کۆتایی هاتنی جەنگیش هەندێک لە ژنەکان ڕەتیان کردبوەوە کە پارەی کەمتر وەربگرن لەکاتێکدا هەمان کاری پیاوان بکەن.

 

ژنانی کرێکار لەسەر پاس و ترامەکانی لەندەن لە ساڵی ١٩١٨دا دەستیان بە مانگرتن کرد بۆ داواکردنی هەمان زیادکردنی پارەی (پاداشتی جەنگ) وەک پیاوان، مانگرتنەکە بۆ شارۆچکەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵات و بۆ ژێرزەمینی لەندەن بڵاوبووەوە ئەمە یەکەم مانگرتنی یەکسانبوو لە بەریتانیا کە دەستی پێکردبوو و لە کۆتاییدا ژنان براوە بوون.

 

دوابەدوای داواکاری ژنان بۆ پێدانی مووچەی یەکسان، لە ساڵی ١٩١٨دا کۆمیتەیەک لەلایەن کابینەی جەنگەوە بۆ پشکنینی پرسی کرێی ژنان دانراوە و دوای کۆتایی هاتنی شەڕ ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی بڵاوکردەوە .

 

ئەم ڕاپۆرتە بنەمای 'یەکسانی پارەدان بۆ کاری یەکسان'ی پەسەند کرد، بەڵام پێشبینی ئەوان ئەوە بوو بەهۆی ' کەمتر بوونی هێز و کێشەی تەندروستی تایبەتەوە بەرهەمی ژنان یەکسان نابێت بە هێزی پیاوان"، سەرەڕای بەڵگەکان کە ژنان ئەو ئەرکانەیان لە ئەستۆ گرتووە کە بە کاری پیاوان دادەنرێت و لە کاتی شەڕدا بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێیان کردوون، بەڵام ئەمە ڕای جەماوەر و حکومەتی نەگۆڕی کە ژنان کەمتر بەرهەمدار دەبن لە پیاوان.

یەکێتیەکان گەرەنتیان وەرگرت لەو شوێنەی ژنان بەتەواوی شوێنی پیاوە لێهاتووەکان دەگرنەوە، هەمان پارەیان پێدەدرێت وەک پیاوان - واتە موچەی یەکسان وەردەگرن، بەڵام ئەوە ڕوون بوویەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا بۆ ماوەی شەڕەکەیە و پێچەوانە بووەوە کاتێک کە شەڕ کۆتایی هات و سەربازەکان هاتنەوە.

 

ت.پ