کاندیدێکی لیستی هاوپەیمانی: پێویستە سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت
کاندیدێکی لیستی هاوپەیمانی باس لەوەدەکات کە پێویستە کار بۆ هەموارکردنەوە و چاکسازی لەو یاسایانەدا بکرێت کە تایبەتن بە ژنان، دەشڵێت: "ژنان بەرکەوتەی یەکەمی جەنگن، پێویستە سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت"، ئەو کاندیدە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاش ئیدانە دەکات.
تەوار پێنجوێنی
گەرمیان- دەوڵەتی تورکیا ماوەی نزیکەی ٦ مانگە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ باشوری کوردستان بەردەوامە، لە ٤ی ئەم مانگە و شەوی ڕابردووش فرۆکەی بێ فڕۆکەوان شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد و بە هۆیەوە ژنێک شەهید بوو، چوار کەس بریندار بوون، سروە محەمەد، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی لە گەرمیان دەڵێت: پێویستە بە یاسا سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت و دەوڵەتانی دراوسێ هێرش نەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو کاندیدە ژنانیش بە قوربانی یەکەمی شەڕەکان دادەنێن.
سروە محەمەد، پارێزەر و کاندیدی لیستی هاوپەیمانی لە گەرمیان، دەربارەی ئەو یاسانەی تایبەتن بە ژنان و ناتوانن مافی تەواو بدەنە ژنان، ئاماژەی بەوەدا کە ماددەی ٥٧ی یاسای باری کەسێتی لە ڕابردوودا کاری زۆری لەسەرکراوە تا هەمواربکرێتەوە و لە بەرژەوەندی ژناندا دابڕێژرێتەوە، چونکە مافی ژنان بە تەواوی نادات و ماف و کەرامەتی ژنانی عێراقیش پارێزراو نییە، دەشڵێت: "پێویستە بە یاسا ژیانی ژنان بپارێزرێت، لە داهاتوشدا کاردەکەین تا لە هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە ژنان، مافی ژنان دەستەبەر بکەین".
بەهۆی یاساکانەوە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت
هەروەها دەشڵێت ژنان لە کەرتی تایبەت و حکومیدا کاردەکەن، دەبێت لە ڕێی یاسای کارەوە دۆخی ژنان لەڕووی کارگێڕی، ئیداری و کۆمەڵایەتییەوە بپارێزرێت و یاساکان چاکسازی تێدابکرێت، هەروەها وتیشی: ژنانی گەرمیان بەهۆی دابونەریت و کەلتوری کۆمەڵگەوە زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، یاساکانی عێراقیش بەشێکی لەسەر بنەمای دابونەریت داڕێژراوە، بەمەش ناتوانێت بە تەواوی مافی ژنان بپارێزرێت، بۆیە دەبێت کار لەسەر گۆڕینی کلتور بکرێت تا ژنان توندوتیژیان بەرامبەر نەکرێت، ئێمەش هەوڵ دەدەین لە ڕێگای یاساوە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەین.
پێویستە خاکی عێراق بۆ هێرشەکانی دەوڵەتانی دراوسێ بەکارنەیەت
سروە ژنان بە بەرکەوتەی یەکەمی شەرەکان دادەنێت کە زیانیان بەردەکەوێت، دەشڵێت لە داهاتوودا کاردەکات تا چاکسازی لەو یاسایانەدا بکرێت کە پەیوەنددارن بە شەڕەوە، سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و شکاندنی سەروەری خاکی عێراق، ئەو کاندیدەی لیستی هاوپەیمانی دەڵێت عێراق دەوڵەتە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش خاوەن سەروەری خۆیەتی، بەڵام عێراق لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی شەڕ و نەهاتی بووەوە و پێویستی بەوەیە دووبارە خۆی دابڕێژێتەوە، دەبێت لە پەرلەمانەوە بە یاسا سەروەری ئەم خاکە بپارێزرێت و دەوڵەتانی دراوسێش وەک تورکیا و ئێران سنوری عێراق بپارێزن و ڕێز لە سەروەرییەکەی بگرن کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
هەروەها وتیشی: دەبێت خاک و ئاسمانی عێراق لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت، چ لە هەرێمی کوردستان چ لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، پێویستیشە یاساکان توندوتۆڵ بکەینەوە و لێپرسینەوە لە حکومەت بکرێت تا خاکی عێراق و کەرامەتی هاوڵاتی بپارێزرێت.
لە کۆتایشدا ئەو کاندیدەی یەنەکە وتی: لە ڕابردوودا جەختمان کردووەتەوە کە پێویستە سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت، لە خولی داهاتووی پەرلەمانیشدا لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوام دەبین، ئیدانەی هەر هێرشێکیش دەکەین کە بکرێتە سەر سنوری هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێ و ترکیا و ئێرانەوە.
ت.پ