بەهرە عومەر: دەنگی ئازاد لە هەر کوێ بێت دەوڵەتی داگیرکەرهەولی کپکردنی دەدات

لە پاش ڕووداوەکەی دوێنێ و گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیانی چەتر، ڕۆژنامەنووسان و کەسانی ڕۆشنبیر ئیدانەی هێرشەکەیان کردوو و دووپاتیان کردەوە درێژە بە ڕێ و ڕێبازیان دەدەن.

سلێمانی

 

دوێنێ دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە سنوورى سەیدسادق ئۆتۆمبێلێکى بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێک لەوانە ناوى هێرۆ بەهادینە و کارى مۆنتێرى دەکات لە کۆمپانیاى چەتر و ئەوى دیکەشیان ناوى گولستان تارایە و خەڵکى شارى باتمانە لە باکوورى کوردستان.

 

لە چوارچێوەی ئیدانەکردنی هێرشە تیرۆرییەکان و درێژەدان بە خەباتی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەهرە عومەر ڕایگەیاند:

 

"دەوڵەتی داگیرکەری ئامانجی لەناوبردنی ناسنامەی کوردە"

بەهرە عومەر ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر دەربارەی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد ئەم هەوڵە تیرۆرستییە درێژکراوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، داگیرکردنی باشووری کوردستان بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد و لەناوبردنی ناسنامەی کوردە، وتی: ئێمە دەزانین بە درێژایی ساڵانێکە داگیرکاری لەسەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامە بە تایبەتی لە ئێستادا کە چەندین کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە.

 

بەهرە عومەر باسی لەوەکرد بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانەوە چەندین گوند چۆڵبوون، لە مێژە هۆشیاری دەدرێت لەوەی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەر تەنها بە ناوچە سنورییەکان ناوەستێتەوە بەڵکو ئامانجی داگیرکردنی هەموو خاکی باشووری کوردستانە، لەناوبردنی دەنگی ئازادە، بەتایبەت دەنگی ژنانی ئازاد لە چاپەمەنی ئازاددا، وتی: شەهیدبوونی دوو ڕۆژنامەنووس تەنها خەمێک نییە بەڵکو پاڵپشتمانە بۆ بەردەوامبوون تا دوا پلەی سەرکەوتن، بەردەم دەبین و خەبات دەکەین دژی هەر داگیرکارییەک کە لەسەرمان بەڕێوەدەچێت.

 

"داوا لە هەموو ئازادیخوازان دەکەم لە ئاست ئەم هەوڵە تیرۆرانە بێدەنگ نەبن"

لە کۆتاییدا بەهرە عومەر داوا لە هەموو گەلی کورد دەکات لە هەر کوێی دنیا بن هاوکاریان بن لە گەیاندنی دەنگی ئازادیان، دەڵێت: ئەمڕۆ دوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد شەهید بوون بەڵام ئەم مەترسییە بۆ هەموو گەلی کوردە و هێرش و داگیرکارییەکان لەسەر هەموو گەلی کورد بەڕێوەدەچێت بۆیە گرنگە تاکی کورد ئازادانە لە هەوڵدا بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و داگیرکارییەکان، دەنگی ئازادیان بڵند بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چالاکی و ئیدانەکردنەکان بەردەوام دەبن.