"دەستی سیخوڕان هۆکارە بۆ زیادبوونی لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا"

مێژووی گەلی کورد دەیسەلمێنێت لەپاڵ تێکۆشانەکانی گەلی کورددا کۆمەڵێک هەن پشتیوانی داگیرکەران بوون، سیخوڕان ڕێگە خۆشکەربوون بۆ لێدان لە ئازادیخوازان و کەسانی وڵاتپارێز، لە ئێستادا پەدەکە لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا ئەو ڕۆڵە دەبینێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرشە یەک لە دوایەکەکانی دەوڵەتی تورکیا، سنور بەزاندنی و هاتنە ناوەوەی بە سەدەها کیلۆمەتر بۆ خاکی باشووری کوردستان پشتڕاستی دەکاتەوە پەدەکە و سیخوڕەکانی لە بەرژەوەندی خۆیان هاوکاری داگیرکەرانن، ڕووداوەکانی ئەم دواییانە دەیسەلمێنێت پەدەکە وەک پێشڕەوێک هاوکاری دەوڵەتی تورکیایە.

 

لەم بارایەوە شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بۆ نوژنها دوا و وتی: تورکیا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ئەنجامداوە تا بتوانن ١٥ کیلۆمەتر سنوری خاکی یەکدی تێپەڕێنن بۆ پارێزگاریکردن لە سنورەکانیان، هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە بە زهنیەتێکی دەسەڵاتداری ئەنجامدراوە و خۆی لە خۆیدا ڕێککەوتنێکی هەڵەیە و دوور لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی وڵاتەکاندایە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەو سیاسەتەی لەسەر هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات لەوە تێپەڕیوە کە ١٥ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی باشووری کوردستان، بەڵکو بە زهنیەتێکی داگیرکاری نزیک دەبێتەوە، تەواوی ئەو جوڵانەی ئەنجامی دەدات بە ئامانجی داگیرکارییە و بە پشتیوانی هێزی ناتۆ و وڵاتانی جیهانییە بۆیە نەک تەنها ١٥ کیلۆمەتر بگرە بە سەدەها کیلۆمەتر پێی خستووەتە ناو خاکی باشوری کوردستان هەروەها سیستمی داگیرکاری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەبات.

 

"چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا گرێدراوە بە چارەسەکردنی کێشەکانی گەلی کورد"

شەهێن محەحەد ئاماژەی بەوەدا تورکیا لە ئێستادا چاوی بڕیوەتە سەر ئەو ئازادیخوازانەی کە وڵاتپارێزن و لە پێناوی بەرژەوەندی گەلی کورددا تێکۆشان دەکەن، نمونەی ئامینەی کاکەباوەی هێنایەوە، لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتی باکووری کوردستانیش نییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تەنها لەبەر ئەوەی لەسەر دۆزی کورد هاتۆتە دەنگ داوا دەکات لە تورکیا دادگای بکرێت کە ئەمە هیچ یاسایی نییە.

"چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا گرێدراوە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد، وە لە ئێستادا هێڵی تێکۆشانی ئازادی بەرخۆدان دەکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی گەلی کورد، بۆیە تورکیا سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە بەکاردەهێنێت، لەیەک کاتدا هێرشدەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ٣٠ کیلۆمەتری لەسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان تێپەڕاندووە، هەروەها هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی ئەنجامدەدات بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، بەڵام سەرجەم پلانەکانی شکست دەهێنن و ناتوانن ڕێگە لە هێڵی تۆکۆشانی ئازادی بگرن".

 

"شکستەکانی دەوڵەتی تورکیا هۆکارن بۆ زیادبوونی سیخوڕ"

هەروەها شەهێن محەمەد وتی: سەرجەم شکستەکانی دەوڵەتی تورکیا هۆکارن بۆ بەرفراوانکردنی هێرش و پلانەکانی، ئەوەی ڕێگەی بۆ خۆشدەکات بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە، نەک تەنها هەڵوێست نانوێنن، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی خۆشیان کارئاسانی دەکەن بۆ بەرفراوانکردنی هێرشەکانی کە بەشێوەیەکی نا ئینسانی هێرش بکات، یەکێک لە ڕێگا ئاسانکەرەکان بۆ دەستێوەردان و هاتنە ناوەوەی دەوڵەتی تورکیا بۆناو خاکی باشوری کوردستان، بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی میتە لەناو باشووری کوردستان، زیادبوونی دەستی سیخوڕی، هەروەها بڵاوکردنەوەی کلتوورەکەی لەناو شارەکانی باشوور، هاوکات لە ڕێگای درۆنەوە هێرشەکانی ئەنجامدەدات تەنانەت بۆ کۆمەڵێک شوێن کە هیچ هێزێکی گەڕیلای تێدا نییە، تەنها هاوڵاتیان بەرکەوتە دەبن.

 

"یەکنەبوونی سیاسەتی دەسەڵاتداران لە باشووری کوردستان، ڕێگەی بۆ دەوڵەتی تورکیا خۆشکردوە"

بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان لە ئاستێکدایە کە تەنانەت درۆنەکانیش لەو بنکانەوە بەکاردەهێندرێن، لەو بارەیەوە شەهێن وتی: "تاکە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی باشووری کوردستانە و ڕێگریکردنە لە بەرپاکردنی سیستمێک کە دژی داگیرکاری بووەستێتەوە وەک ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکنەبوونی سیاسەتی دەسەڵاتداران لە باشووری کوردستان و هاوکات هاوکاریکردنی داگیرکەران، هەبوونی سیخوڕ بووەتە هۆکارێک تورکیا پیلانگێڕییەکانی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان چڕ بکاتەوە و باشوور بکاتە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ لێدان لە هێڵی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد.

 

ئاماژەی بەوەشدا باشووری کوردستان سەرەڕای بوونی قەیران و کێشەی ئابووری، بە پێی ئەو جوڵانەوانەی عێراق و دەوڵەتی تورکیا بێت لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە بە جۆرێک مەترسی هەیە لەوەی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی تورکیا هێرش بەکەنە سەر خاکی باشوور.

 

"مێژووی گەلی کورد دەیسەلمێنێت هەمیشە سیخوڕان بوونیان هەبووە"

شەهێن باسی لەوەکرد کوردستان بە گشتی و باشوور بە تایبەت، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە و لەو سەردەمەی کە ئیتر کورد خاوەن ستاتۆیەکی خۆی بووە و تێکۆشانێکی بەڕێوەبردووە، داگیرکەر هەوڵیداوە گروپی بندەست دروستبکات و سیخوڕ بڵاو بکاتەوە بەناو هێزەکانی تێکۆشاندا، مێژوو بۆ خۆی ئەوەی سەلماندووە.

 

"کێشەی گەلی کورد ئەوەیە هەرچەند قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە و لە ئێستاشدا لە بەرخۆداندایە بەڵام هەمیشە لە شۆڕشە جیاوازەکاندا کۆمەڵێک هەن وەک سیخوڕ مامەڵە دەکەن، دەبنە پشتیوانێک بۆ هێزی داگیرکەر، لەم دواییانەش شەهیدکردنی چەندین کەسانی وڵاتپارێز پشتڕاستی بوونی سیخوڕان دەکەنەوە لە باشووری کوردستان، ئاستی وشیاری کۆمەڵێک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانن لە بەرامبەر بڕە پارەکە خۆیان بفرۆشن، هەمووان دەزانن دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت بەو ئاسانییە هێرشەکانی بکات، چونکە شارەزاییەکی لە شاخەکانی باشوور نییە، بەڵام کە دەتوانێت هێرشەکانی بکات بێگومان هاوکاریکردنی سیخوڕانە، یەکێک لەوانەش پەدەکەیە کە بووەتە پێشڕەویان".

 

"زیاتر لە دەزگاکانی ئاسایش میتی تورک لە باشوور جوڵانەوە دەکات"

بە بڕوای شەهێن محەمەد ئەوەی گرنگە لە ئێستادا بڵاوکردنەوەی هۆشیار و زانینی بەرژەوەندی گەلی کورد خۆیەتی، هەروەها گەل خۆی بەرپرسیار ببینێت لە بەرمبەر نەتەوەکەی، کەمبوونەوەی سیخوڕ لە پێناو سەرکەوتنی هێڵی تێکۆشانی گەلی کورد، "چونکە ئەگەر گەل هۆشیار نەبێت سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە جۆرێکە لە بەرژەوەندی داگیرکەر دایە، وەک ئەوەی ڕێگەی داوە داگیرکەر هێرشبکاتە سەر کامپی مەخمور، کاریگەری سیاسەتی بە جۆرێکە دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی خستووەتە زەحمەتییەوە، بەڵام چونکە یاسا نییە و عێراق نایەتە دەنگ پەدەکە ئازادانە هاوکاری داگیرکەران دەکات".

 

پەدەکە لە ڕێگای سیخوڕەکانیەوە بەرفراوانە لە باشوور جوڵانەوە دەکەن، بە جۆرێک زیاتر لە دەزگاکانی ئاسایش میتی تورک لە باشوور کار دەکەن، باشووری کوردستان تەواو وەک خاکێکی بێ خاوەن ماوەتەوە، لە کۆتایشدا وتی: "باشوور نەبووەتە جێگایەکی ئارام نەک بۆ پەنابەران بەڵکو بۆ هاوڵاتیانی خۆشی".