"ئیرادەی گەل ڕێگری لە داگیرکاری دەکات و داگیرکەر دەتۆقێنێ"
دەوڵەتی تورکیا سیاسەتەکانی لەسەر شاری سلێمانی چڕ دەکاتەوە و هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: هێرشەکان بەهۆی ئەو هێز و ئیرادەیەی خەڵکی شاری سلێمانیەوەیە، کە بەردەوام بە ڕووی دوژمنان و داگیرکاراندا وەستاونەتەوە.
شنیار بایز
سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان و باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە. دەوڵەتی تورکیا تەنها بە شاخەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو لەناو شارەکان هێرشەکانی ئەنجام دەدات، هەبوونی ئەم هێرشانەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار و هەوڵدان بۆ چەند دەستکەوتێک تا لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت.
بوونی ئیرادە و هەستی نیشتمانی و پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی شاری سلێمانی بۆ دۆزی کورد و چوار پارچەی کوردستان، دەوڵەتی تورکیای توڕە کردووە، هەر بۆیە لە ڕۆژی ٣ی مانگی نیسانەوە تورکیا گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاگرتووە، دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند ئەم پێشهاتە تا مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت، هەروەها لە ٧ی نیسادا بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
"ئەو هێرشەی لە شاخەکان کران هاتنە ناو سەنتەری شارەکان"
تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، دەربارەی وەستاندنی گەشتەکانی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ئەو هێرشەی ئەنجامدرا، ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرش و ڕێگریانەی لە گەشتەکانی شاری سلێمانی و تورکیا کراوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێزی دەسەڵات و حکومەتی کوردستان، کە حکومەتێکی ماوەبەسەر چووە.
هەروەها دەڵێت: دەسەڵات و حکومەتی کوردی نەیتوانیوە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی پیلانگێڕی و هێرشی دەوڵەتی تورکیا ببێتەوە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە چەندین جار ئاماژەمان بەوە داوە ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و زاپ و ئاڤاشین، تەنها لەوێدا نامێنێتەوە و سەنتەری شارەکانیش دەگرێتەوە.
"نەبوونی حکومەت ڕێگەی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا زیاتر کردووە"
تارا حسێن باسی لەوەکرد، لە ئەنجامی نەبوونی یەکێتی دەسەڵات و حکومەتێکی دیموکراتی باوەڕ بە خۆبووی پشت بە گەل بەستوو، ڕێگا بۆ هەموو هێرش و بۆردومان و دەستێوەردانێکی دەرەکی و داگیرکاری دەکرێتەوە، وتیشی: ئەو ڕێگری و هێرشانەی کراونەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بێگومان پەیامێکن بۆ ئەم هەرێمە و خەڵکی سلێمانی بەگشتی، یاخود ئەو لایەنە سیاسیانەی لەو ناوچەیەدا هەڵوێستی نیشتیمانییان زیاتر بووە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا پێی وایە سزای ئەم ناوچەیە دەدات.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورکیا نایەوێت لە هیچ شوێنێک دەستکەوتنێکی گەلی کورد هەبێت، یاخود ڕێککەوتنی نێوان هێزە کوردییەکان ببینێت، بۆیە کاتێک یەکگرتنی نێوان دوو هێزی کوردی دەبینێت، بەتایبەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بێگومان تورکیا بە مەترسی لەسەر خۆی دەیبینێت، چونکە هێزێکیان دروستکردووە بە ڕووی داگیرکاران و تیرۆرستاندا وەستاوەتەوە، ئەم بۆردومانەی کۆتایی دژی ئەو هاوپەیمانەتییانە بووە کە بە ڕووی تیرۆرستاندا وەستاونەتەوە.
"بۆردومانی فڕۆکەخانی سلێمانی ڕاستەوخۆ بۆ هێزە هاوپەیمانییەکان بوو"
تارا حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، دواین هێرشی تیرۆرستی کە لەو ناوچانەدا کراوە داعش بوو، کە دەوڵەتی تورکیا ئاکەپە-مەهەپە پشتگیری تەواوی دەکرد، دەیان بەڵگەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتڕاستی هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێزەکانی داعش دەکەن، بەڵام ئازادیخوازانی کورد لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان توانیان بە هاوکاری هاوپەیمانان بە ڕووی داگیرکار و تیرۆرستاندا بووەستنەوە، بۆیە ئەم لێدانەش ڕاستەوخۆ بۆ بەرەی دژەتیرۆر بوو، جگە لەوەش دەوڵەتی تورکیا لە مانگی داهاتوودا بەرەو هەڵبژاردنی خۆی دەڕوات، هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەیە بۆ حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، بۆیە بەهۆی ئەو حکومەتەی ماوەی ٢٠ ساڵە بەڕێوەی دەبات و تیایدا چەندین پێشێلکاری و هێرشی جۆراو جۆری بۆسەر خاکی کوردستان کردووە، لە ئێستادا ترسی لە لەناوچوونی هەیە.
"دەوڵەتی تورکیا لە نزیکبوونەوەی لە لەناوچوون داگیرکاری زیاتر دەکات"
تارا حسێن باسی لەوەشکرد، لە باکووری کوردستان بەرەیەک دروست بووە بە هەموو پێوەرەکان سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، کاندیدی هێزە دیموکراتی خوازەکان هەیە کە ڕاستەوخۆ بەرامبەر ئەردۆغانن، بۆیە ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە هەموو شێوازێک ترسی لەناوچوونیان هەیە و هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات، ئەم بۆردومانی سلێمانیەش جۆرێکە لە هەوڵەکانیان، بۆیە دەبێت گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان بە یەکگرتووانە لە بابەتەکە بڕوانن و بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جگە لەوە مانگی تەمووزی ئەمساڵ کۆتایی بە پەیماننامەی ١٠٠ ساڵەی لۆزان دێت، کە بووە هۆی پارچەبوونی گەلی کورد، تیایدا کۆمەڵکوژ و جینۆساید کرا، کاتێک وادەی تەواوبوونی کۆتایی دێت، داگیرکەران دەکەونە پەلەقاژێ و هەوڵی دووبارە شوێنکردنەوەی خۆیان دەدەن.
"لە ڕێگەی پەدەکەوە دەنگی ئازادی لە بادینان بە پلانی تورکیا کپ کراوە"
تارا حسێن لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، ئەردۆغان لەپێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی پەنا بۆ هەموو کارێکی نایاسایی و نادەستووری دەبات، هەڵوێستی خەڵکی سلێمانی و ئەو ئازادیانەی دەیانەوێت، هەمیشە داگیرکەرانی بێزار کردووە، بۆیە بەردەوام دەوڵەتی تورکیا سەرنجی خستووەتە سەر سلێمانی، وتی: ئەم هەڵوێستانەی بەرامبەر بە شاری سلێمانی کراوە هەڵوێستێکی سیاسییە، تورکیا لە بادینان و هەولێر هەوڵی تەواوی داوە گەل بێدەنگ بکات لە بەرامبەر ئەو هێرش و پیلانگێڕیانەی ئەنجامی دەدات، ئەویش لە ڕێی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە، گەلی کورد لە هەرکوێ بێت، لەلایەن داگیرکەرەوە هێرشی دەکرێتە سەر، بەڵام گەلی بادینان و هەولێر لە ڕێی پەدەکەوە هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدرێت، وەک ئەو چالاکوانانەی زیندانیانی بادینان کە بەشێکیان تا ئێستاش لە زیندانەکاندان.
"ئەم هێرشانە ئیرادەی خەڵکی سلێمانی لەناو نابەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی باسی لەوەکرد، خەڵکی سلێمانی هیچ کات بێ هەڵوێست نەبووە و ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە ڕژانە سەر شەقام و سەلماندیان خەڵکی ئەم ناوچەیە داگیرکاری قبوڵ ناکەن، هەڵوێستی نەتەوەیی نیشتیمانی هەتا دوایی لە پێشە، وتی: هاتنە لای یەکتری هێزە کوردییەکان ئاماژەیە بۆ سەرکەوتن، هەموو هێزێک کە خۆی بە بەرەی گەل دەزانێت، پێویستە پاڵپشتی هێزەکانی بەرەی گەل و پاڵپشتی لە یەکێتی نەتەوەیی بکات.