هێڵی زەرد و ڕەفحی سەوز؛ پڕۆژەکانی دووبارە کێشانەوەی سنوورەکانی غەززە

جوان ساڵح، توێژەری سیاسی جەختی لەوە کردەوە، کە پڕۆژەی "ڕەفحی سەوز" ڕەنگدانەوەی دیدێکی ناڕوون و ترسناکە بۆ داهاتووی دانیشتووانی غەززە، نەک چارەسەری ڕاستییان پێشکەش بکات.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە- لەناو ئەو دیالۆگە بەردەوامەی لەسەر داهاتووی غەززە، پڕۆژەیەک بە ناوی "ڕەفحی سەوز" سەریهەڵداوە، ئەم پلانە ئیسرائیلی-ئەمریکییە وەک شارێکی نوێ بەرەوپێش دەچێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفح دروست دەکرێت.

 

بیرۆکەکە، لە ڕووکەشدا، مرۆڤدۆستانە دەردەکەوێت، بەو پێیەی دەوترێت بۆ ئەو فەڵەستینییانە دیاری کراوە کە سەر بە حەماس نین، شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک خوێندنگە و بنکە تەندروستییەکان و هەلی کاریان بۆ دابین دەکات کە پەیوەستن بە ئاوەدانکردنەوە، بەڵام لە پشت ئەم وێنە گوڵاوییەوە، زۆر کەس پێیان وایە پڕۆژەکە ئامانجی قووڵتری سیاسی و ئاسایشی لەخۆگرتووە.

 

ئەو شوێنەی بۆ شارەکە هەڵبژێردراوە، ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو لەناو ئەو ناوچەیەدا دایە کە بە "هێڵی زەرد" ناسراوە، ناوچەیەکی فراوانە کە زیاتر لە نیوەی کەرتی غەززە پێکدەهێنێت و لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە.

 

لە ڕوانگەی فەڵەستینییەوە، "ڕەفحی سەوز" شارێکی هیوا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی غەززە بۆ دوو ناوچە، ناوچەیەکی "سەوز" لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل، ناوچەیەکی دیکەی "سوور" کە لە ژێر کاریگەریی حەماسدا ماوەتەوە، وەک بەشێک لە پلانێک بۆ دووبارە داڕشتنی کۆمەڵگەی فەڵەستین بە دروستکردنی ژینگەیەکی نوێ و لاوازکردنی پەیوەندییە نەتەوەییەکان کە بنەمای بەرخۆدان پێکدەهێنن، سەیر دەکرێت.

 

جوان ساڵح، توێژەری سیاسی، وتی "شاری سەوزی ڕەفح"، پڕۆژەیەک کە میدیا ئیسرائیلییەکان لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بەرەوپێشیان بردووە، بەشێکە لە شاری ڕەفح لە باشووری کەرتی غەززە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕی ئەمریکا پەرەی پێدەدرێت بۆ گواستنەوەی ئەو دانیشتووانەی کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەژین.

 

ڕوونیشیکردەوە، تەواوی ڕووبەری ٦٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەی ڕەفح پەرەی پێنادرێت، بەشێک لەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵکراون و هەندێکی دیکەش لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دووردەخرێنەوە، ئەو ٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی شارێک بەکاردەهێنرێت کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانێت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەخۆبگرێت، ئەمەش مەحاڵ و نالۆژیکییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان لەسەر پێداویستی و قەبارەی دانیشتووان.

 

"تەنها مرەکەبە لەسەر کاغەز"

جوان ساڵح، وتی: پلانی شارەکەی "ڕەفحی سەوز" تەنها مرەکەبە لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، کەرتی غەززە بە گشتی لەناو داروپەردوودا دەژی و شارەکە بە چەند قۆناغێک دروست دەکرێت، سەرەتا بە پاککردنەوەی پاشماوەکان و دواتر دروستکردنی خانووی گەڕۆک کە بە "کاروان" ناسراون، لەگەڵ ژێرخانی سەرەتایی وەک سیستەمی ئاوەڕۆ و خوێندنگە، بەو پێیەی شارێک ناتوانرێت بە شەوێک دروست بکرێت.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە بەخشەرەکان و وڵاتانی بەرپرسیار لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بیرۆکەی دروستکردنی شارێکی لەو جۆرە ڕەتدەکەنەوە، چونکە هیچ بودجەیەک لەبەردەستدا نییە، جگە لەوەش باڵی ڕاستی توندڕەو دژایەتی دروستکردنی شارەکە دەکەن و وەک بارگرانییەک بۆ سەر هێز و سەربازانی ئیسرائیل سەیری دەکەن، بۆیە تەنها دەتوانرێت بە پێشنیارێک بۆ دیدێکی نوێ بۆ شاری غەززە هەژمار بکرێت.

 

پێی وایە ئەم نموونەیە بۆ بونیادنانی شاری ڕەفح، ئەگەر جێبەجێ بکرێت و لەلایەن دانیشتووانەوە قبوڵ بکرێت بۆ ئەوەی لەناو ئەو شارەدا بژین، واتای هەنگاونان بەرەو نەزانراو و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەم سەردەمەی ئێستادا ئاستەنگ لە بەردەم بونیادنانی شاری ڕەفح هەیە، وەک بیرۆکەی ئاوەدانکردنەوەی شاری ڕەفح و ڕێگەی چوونە ناوەوەی دانیشتوان بۆ ناو شارەکە، لە لایەنی یاساییەوە بەربەستێکیش هەیە، بەو پێیەی زەویەکانی ناو شار تایبەتن، واتە خاوەندارێتی هاوڵاتیانی ئەو شارەیە کە ناچار بوون لێی دەربچن، بە پێچەوانەی زەوییە حکومییەکانی مەواسی.

 

بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لە میدیا عیبریەکاندا بڵاوبوونەتەوە، جوان ساڵح ڕوونیکردەوە، کە چوونە ژوورەوە بۆ ناو شارەکە پشکنینی توندی ئاسایشیی بۆ دەکرێت، هەر کەسێک کە دۆسیەیەکی ئاسایشی پەیوەندی بە حەماسەوە هەبێت ڕێگەی پێنادرێت بچێتە ژوورەوە، بەو پێیەی "بەپێی ئیسرائیل ناوچەیەکی دوور لە تیرۆرە"، لە ئێستادا ناوچەکە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە نیشتەجێیە و بە نهێنی پۆشراوە، هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانرێت.

 

سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، دووپاتی کردەوە کە بەستراوەتەوە بە پرسە ئاڵۆز و چارەسەرنەکراوەکانەوە، بەندە بەو بەخشەرانەی کە ئاوەدانکردنەوە بە بەردەوامی بوونی حەماس لە کەرتەکەدا دەبەستنەوە، تا حەماس بمێنێتەوە ئاوەدانکردنەوە بەردەوام نابێت، چونکە ئەگەر دووبارە ئاوەدانی بکەنەوە باڵەخانەکان دووبارە بۆردوومان دەکرێنەوە، هاوکات ئیسرائیل ئاوەدانکردنەوە بە چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتەکەدا دەبەستێتەوە.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوەی لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەدا دەوترێت، نەبوونی دیدگا یان پلانێکی ڕوون بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە بارودۆخی دانیشتووان وەک خۆی دەمێنێتەوە تا دیدگایەکی دیاریکراو لەسەری ڕێکدەکەون کە مافی نیشتەجێبوونی شایستەیان بە خەڵکی مەدەنی شارەکە ببەخشێت، کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا لێی بێبەش بوون.