ڕەنگین عەبدوڵا: پەدەکە تاکە ئامانجی خزمەتکردنی ئەجێندای دەوڵەتی تورکە

دۆخی کەرکوک لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووس سازدایە کە پارتە سیاسییە کوردەکان هەوڵدەدەن بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی لەسەر ئەو شارە دەگوزەرێت، سەرکەوتوو بن، چالاکوانێکیش دەڵێت: پەدەکە هەمیشە بە سیاسەتە ژێر بە ژێرەکانی خزمەت بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کەرکوک، لە بنەڕەتدا یەکێکە لە شارە کوردییەکان و ناوچەی کێشە لەسەرە کە دەکەوێتە ناو قاڵبی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی، لە ڕووی ئیدارییەوە پارێزگایەکی عێراقە، بڕیارە لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەبچێت، بۆیە کەرکوک ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی چارەنووس ساز دەبێتەوە تا بزانرێت پارێزگاکە بە زۆرترین دەنگ دەکەوێتە دەست کێ و سیاسەت و ئەجێندای چ لایەنێک بەڕێوەدەبرێت.

 

ڕەنگین عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، باسی لە دۆخی کەرکوک کرد کە شارێکی ئارام نییە و بەردەوام ململانێی جیاوازی تێدایە، لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە فرەخاوەنە و ئەمەش کێشەی بۆ کەرکوک دروستکردووە، بەڵام لەناو گەلەکەیدا، کە سەر بە حزب و لایەنێک نین و تێکەڵ بە سیاسەت نەبوون، توانیویانە تا ئاستێک تەبایانە پێکەوە بژین و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان بگونجێنن، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ململانێ لەسەر پۆست و پلە و خاوەنداریکردنی کەرکوک، شارەکەی بەرەو خراپتر بردووە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە پێی دەوترێت "خاکە ڕەشەکەی عێراق"، ئەو خاکەی یەکێک لە باشترین نەوتەکانی عێراقی تێدایە و بووەتە هۆکاری چاوتێبڕینی دوژمنان و چەندین لایەنی دیکە، ئەمەش نەک تەنها کەرکوک، بەڵکو لە جیهاندا جەنگی زلهێزەکان لەسەر ئابووری و چاوتێبڕینی ئابووریە.

 

دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی پەدەکەوە کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکات

کەرکوک شاری پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکانە و هەر نەتەوەیەک بە هی خۆی دەزانێت، بەڵام بە "قودسی کوردستان" بە ناوە، سیاسەتی بەڕێوەبردنی شارەکە لەپێناو باڵادەستبوونیدا پێکەوە ژیانی گەلی تێکشکاندووە، تورکیا لە ڕێگای تورکمانەکانەوە دەیەوێت بە هەمووان بڵێت کەرکوک بەشێکە لە ویلایەتی موسڵ و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا، بەهەمان شێوە عەرەب بە شارێکی عەرەبی و یەکێک لە پارێزگاکانی عێراقی دەزانن. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای بانگەواز و هۆشیاری حزب و لایەنەکان، دەرکەوت کە پەدەکە بە پیلانگێڕییەک هەوڵیدا کورد، عەرەبی شیعە و تورکمانەکان بەیەکدا بدات، لەو بارەیەوە ڕەنگین عەبدوڵا وتی: مەرج نییە حزبە کوردستانییەکان لە کەرکوک یاخود هەر ناوچەیەکی دیکە بێت بە یەک ستراتیژ کار بکەن، لە ئێستادا بەشێک لە حزبەکان ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، ئاماژەی دەوڵەتانی دراوسێ وەردەگرن بۆ پشێوی نانەوە، هەندێک حزبە کوردییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان داردەستی سیاسەتی دەرەکین، تا ئێستا نەتوانراوە لە چوارچێوەی حزبە کوردستانییەکاندا یەکگرتوویەکی نەتەوەیی دروست ببێت و سنورێک بۆ دەستێوەردانەکان دیاری بکرێت، یاخود تەنها ئامانجیان پاراستنی کورد و خاکی کوردستان بێت، هەر ئەمەشە وایەکردووە چەندین جارە بەهۆی ململانێکانەوە لە کەرکوک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە ناچێت.

 

"پەدەکە پشێوی دروست دەکات لە پێناو باڵابوونی دووژمانیان لەم ناوچەیە"

ئەو چالاکوانە سیاسییە باسی لەوەکرد، ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک زیانی زۆری لە کەرکوک داوە، چونکە ئەو پێکهاتەیەی کە ئەنجومەنی پارێزگاکەی بە دەستە کاری نایاسای کردووە، چەندین هەوڵیداوە بۆ هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە خاکی کەرکوک، بەمەش ڕێژەی عەرەب لە کەرکوک لە کورد و تورکمانەکان زیاتر دەبێت، هۆکاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ئەو ململانێیانەی لە کەرکوکدا جێبەجێ دەکرێت، چونکە ململانێکان رێگرن لەوەی دیموکراسیەت واڵا بێت، کاتێک کورد جیادەبێتەوە و حزبێک یەکناگرێتەوە، پێکهاتەکانی دیکە خۆیان کۆدەکەنەوە و ڕێژەیان زیاتر دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشێوی نانەوە حزبە کوردییەکان سەرقاڵی خۆی دەکات، ڕێگە خۆشدەکات بۆ هێنانە ناوەوەی عەرەب و تورکمانەکان و باڵادەستکردنی ئەوان، بۆ بەرژەوەندی عەرەب و تورکمانەکان کار دەکات و هەوڵ بۆ سەرخستنی پلانەکانی ئەوان دەدات.

 

"پەدەکە جگە لە ئابووری سەربەخۆ بە چەند شێوازێکی دیکە خزمەت بە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا دەکات"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕەنگین عەبدوڵا باسی لەوەکرد، لە کۆتا هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک پەدەکە زۆرترین ژمارەی بەدەستهێنا، ئەگەر پەدەکە مەبەستی ئەوەیە کە لە کەرکوک یەکڕیزی نییە بۆیە پشێوی دروستبووە، یاخود یەکێتی نیشتیمانی کە لە ئێستادا لایەنی باڵایە لە کەرکوک دەستی تێکەڵ کردووە لەگەڵ عەرەب و ڕێکەوتنی ژێر بە ژێریان هەیە، بۆچی لەڕێگەی زۆرترین ژمارەکانییەوە هەوڵ نادات ڕووبەڕووی ئەم ڕێکارە یاساییانە ببێتەوە لە پێناو مافی نەتەوەی کورد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، لە کاتێکدا پەدەکە دەتوانێت بە ڕێکاری یاسایی مافی نەتەوەی کورد وەربگرێت، بۆچی دێت و بایکۆتی هەڵبژارندەکان دەکات؟.

 

هەروەها وتیشی: لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێویستی بە کۆبوونەوە و دانیشتن هەبووە بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی کوردی بۆ پارێزگار، بەڵام پەدەکە ئامادە نەبوو و بایکۆتی دانیشتنەکانی دەکرد، ئەمەش دەری دەخات بە ئاشکرا خزمەتی ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکات، وەک چۆن لە لایەنی ئابووری سەربەخۆشدا خزمەتی ئەجێندای دەوڵەتی تورکی کرد.

 

"کوردستان بە تەنها لە ژێر چەپۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا نییە"

ڕەنگین عەبدوڵا تیشکی خستەسەر کردنەوەی سنوورەکان بۆ دەوڵەتی تورکیا، کە بە قوڵایی ٨٠ کیلۆمەتر و زیاتر تورکیا لەناو خاکی باشووری کوردستاندایە، وتیشی: ڕاستە ڕێکەوتنی عێراق و دەوڵەتی تورکیا هەیە بۆ هاتنە ناوەوەی سنوری یەکتر لە پێناو پاراستنی سنورەکان، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە دەوڵەتی تورکیا بارەگا دروستبکات لەناو خاکی باشوور، واتە پەدەکە لە ڕێی سیاسەت، ئابووری و دەستوریشەوە هاوکاری دەوڵەتی تورکیایە، هەر ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی تا ئێستا کێشەکانی ئابووری هەرێم چارەسەر ناکرێت و موچەخۆران موچەی چەند مانگێکیان خوراوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە وتی: هەرێمی کوردستان بە تەنها لە ژێر چەپۆکی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادا نییە، لەبەر ئەوەی کورد نەتەوەیەکی بێ خاوەنە، بێ دەستوور و چوارچێوەیە، زۆر ئاسانە بۆ دەوڵەتانی دیکەی وەک ئێران و تورکیا دەستوەردان بکات، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێ هەڵوێستن لە بەرامبەر دۆخی هەرێم و هەمووان چاویان تێ بڕیوە، بە شێوازی جیاواز هێرش دەکەن و پشێوی دەنێنەوە چونکە نایانەوە هەرێم و عێراق جێگیر بێت، هەر بۆیە تا ئێستاش تورکیا لەسەر سیاسەتی ئەتاتورک سیاسەت جێبەجێ دەکات.

 

"ئەوەی لە ئێستادا گرنگە یەکڕیزی نەتەوەی کوردە"

پەدەکە بە ئاشکرا ئەجێندا و سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ دەکات، تەنانەت ڕاگەیاندنەکانیشیان خستووەتەگەر، ڕەنگین عەبدوڵا جەختی کردەوە، لەوکاتەی کورد پێویستی بە یەکڕیز بوونە پەرتەوازە دەبێت ئەمەش بە ڕوونی لە کەرکوکدا ڕەنگی داوەتەوە، دۆسیەی کورد هێندە ورد و خاش بووە لە هەر جێگەیەوە دەستی بدەیتێ چارەسەری زەحمەتە، بەڵا باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە یەکڕیزی و یەکگرتووییە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ڕێژەی متمانەی خەڵک بە حزبەکان کەم بووەتەوە، ئەمەش کێشەی دروستکردووە بەوەی ئامادە نین بچنە سەر سندوقی دەنگدان، چونکە گەلی کورد لە ئێستادا ناتوانێت بە هیچ ڕێگایەکی دیکە شەڕ بکات و سەربەخۆ بێت، جگە لە پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن، دەنگ باڵاترینی هەموو ڕێگاکانە، بۆیە چی کراوە پێویستە گەل بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی کورد بێت، جگە لە یەکگرتووی و یەک ئامانجی هیچ ڕێگایەک نییە بۆ مانەوەی کەرکوک بۆ گەلی کورد.