هاوڵاتییەک: هێرشەکانی تورکیا خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانییە لە داهاتوودا
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ناوچە سنورییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا کڕدراون و بۆ دروستکردنی ڕێگەی سەربازی تورکیا مۆڵەتی بڕینەوەی دارەکانی وەرگرتووە، هاوڵاتییەکیش دەڵێت: بێدەنگی حکومەت و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان هۆکارن بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە ئۆپەراسیۆنی بۆسەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەستپێکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردومانی ناوچەکانی بادینان و ئامێدی دەکات، داری دارستانەکان دەبڕێتەوە و خاکی کوردستان بە تاڵان دەبات، ئەو دارانەی دەبڕدرێنەوە، دەبرێنە وڵاتی تورکیا و بە کارگەکانی دروستکردنی مۆبیلیات دەفرۆشرێن و بازرگانییان پێوە دەکرێت، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیەوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی لە دەنگی ئەمریکادا ئاماژەی بەوەکردووە ئاگاداری بڕینەوەی دارەکانن و دەوڵەتی تورکیا بۆ دروستکردنی ڕێگای سەربازیی و ئاسانکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان مۆڵەتی بڕینەوەی دارەکانیان وەرگرتووە.
"بەپێی ئاماژەکان سنورەکانی باشوری کوردستان بە تورکیا فرۆشراوە"
لەلایەکی دیکەوە ١ی حوزەیران هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و هاکان کاراچای کونسوڵی تورکیا لە میانەی دانیشتنێکیان لەسەر ناڕەزایەتییەکان دژ بە بڕینەوەی دارەکان لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە، هاکان وتویەتی "کاردانەوەکان لەبەرامبەر بڕینەوەی ئەو دارانە لەجێی خۆیدا نییە، ئەو ناچانە دەمێکە کڕدراون".
بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە بڕینەوەی دارەکانی باشوری کوردستان بە مۆڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە ئەنجامدراون و بەپێی قسەی بەرپرسانی تورکیاش ناوچە سنورییەکان کڕدراون.
نەرمین عوسمان محەمەد، ڕۆشنبیر و هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە، دەربارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت پێویستە هەر تاکێکی کورد دەست و دەنگ هەڵببڕێت و بڵێت "نا بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا"، هێرشەکانیش بە نەخۆشی ئەقڵی دەوڵەتی تورکیا و قبوڵنەکردنی بوونی نەتەوەیەکی دیکە کە کوردە دادەنێت، پێشی وایە کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵ بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان و دەستدرێژی کردنە سەر تاکی کورد دەدات، دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا خەونی زیندووکردنەوەی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکانی هەیە.
"ناکۆکییەکانی نێوماڵی کورد هۆکارن بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا"
نەرمین دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا پێی بەس نییە لە باکوری کوردستان چ هێرشێک دەکات، بەڵکو دەیەوێت هێرش بکاتە سەر باشوری کوردستانیش، بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناکۆکییەکانی نێوماڵی کورد و سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنی عێراقەوە بە هەل دەزانێت تا پێ بنێتە ناو خاکی باشوری کوردستان و دژایەتی تاکی کورد بکات.
ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشدا کە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەل و ڕۆشنبیران لە باشوری کوردستان وەک پێویست نییە بەرامبەر بە داگیرکارییەکان، چونکە ئەم بابەتە پەیوەست نییە بە تەنها لایەنێک، پارتێک و شارێک بەڵکو هێرشەکان بۆ سەر گەلی کوردە بێ جیاوازی.
'نا بۆ تورکیا، تورکیا بۆ دەرەوە'
نەرمین عوسمان، ڕۆشنبیر، دەڵێت: "ئەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانییە لە داهاتوودا، هەروەها زیندووکردنەوەی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکانە لەم ناوچەیەدا"، بانگ لە گەل، خاوەن قەڵەم، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەموو لایەنەکان دەکات کە هۆشیاربن، بێ هێرش کردنە سەر یەکتر یەکبگرن و دژی داگیرکارییەکان بوەستەوە، دەشڵێت: لە مناڵەوە تا گەورە، لایەنە سیاسیەکان و ڕۆشنبیران، هەمووان پێکەوە خەبات بکەین و بڵێین 'نا بۆ تورکیا، تورکیا بۆ دەرەوە'.
ت.پ