هاوڵاتییەک: بستێک خاکمان بسوتێت وەک ئەوە وایە ماڵەکەم بسوتێت

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و هاوڵاتیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە ئاست سنور بەزاندنەکانی تورکیادا، هاوڵاتییەکیش دەڵێت: بێدەنگی حکومەت هۆکارە بۆ لەشکرکێشییەکان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هاوڵاتیان بەچالاکی و ڕێپیوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دژی لەشکرکێشییەکەی دەوڵەتی تورکیا، لە ڕێگەی میدیاکانیشەوە دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن و داوای هەڵوێست لە حکومەت و دەسەڵاتداران دەکەن، نافیعە عارف هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە، بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: نیشتمانی ئێمە بەش بەش کراوە و کوردستان پارچە پارچە کراوە، هەموو لایەک چاویان لەسەر نیشتمانە سەوزەکەمان و دارەکانمانە.

 

ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ڕابردوودا تورکیا داگیرکاری لەسەر خاکەکەمان بەڕێوەبرد دارەکانی بڕییەوە و بە تاڵانیبرد، بە بەرچاوی خۆمانەوە بردی، تەنانەت کەسێک نییە لەسەر ئەم نیشتمانەمان قسە بکات، وەک ماڵێکی بێ دەرگا و پەنجەرەی لێهاتووە و هەرکەس بێت یەتە ژوورەوە، ساڵانە هەوڵ بۆ پاراستنی ژینگە دەدرێت و بەڕوو دەنێژین، بۆ ئەوەی خاکەکەمان سەوز بێت، ئەوان دێن بەجارێک هەمووی دەبڕنەوە و دەیسوتێنن، بۆ من ئەگەر دارێک ببڕێت یان بستێک خاکمان بسوتێت وەک ئەوە وایە ماڵەکەم بسوتێت.

 

"ئێمە خاکمان خۆشدەوێت و دەبێت بەرگری لێبکەین"

نافیعە باس لە مێژوو دەکات و دەڵێت: بەدرێژایی مێژوو سەیر بکەین سیاسەتمەدار و حکومەتی هەرێم پەرتەوازە بوون، لەپێناو پارە و بەرژەوەندی کەڕ و کاسن، میللەتیان بێئاگا کردووە، سڕیان کردوون بە کۆمەڵێک موچەی کەم، نیشتمان بە بەرچاویانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر و بێدەنگ بووین، سەر کز بووین، بەدرێژای مێژوو شتی وا ڕووی نەداوە کە چاویان لەسەرت بێت و بێدەنگ ڕاوەستی سەیریان بکەیت.

 

هاوڵاتی نافیعە عارف دەڵێت: هەرجارەی بە بیانوویەک خەڵک مەشغوڵ دەکەن بە شتێکەوە خەریکیان دەکەن بۆ ئەوەی داگیرکەر بەئاسانی کارەکانی بکات و دزی خۆی بکات، لە کۆتاییشدا وتی: "ئێمە نیشتمانمان خۆشدەوێت و دەبێت بەرگری لێبکرێت".

 

ت.پ