هاوڵاتیاتى هەڵەبجە نیگەرانن لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا

هاوڵاتیانی هەڵەبجە ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و بە بەزاندنى سنور و بەتاڵان بردنی خاکی کوردستانی لە قەڵەمدەدەن، داواش دەکەن هەڵوێست لەدژی ئەو لەشکرکێشییە دەرببڕن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لە پاش بڵاوبوونەوەى چەند گرتە ڤیدیۆ و وێنەیەکى ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان و بڕینی دار و دەوەنەکەی و بەتاڵان بردنى لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، دەنگدانەوەی گەورەی لەلایەن هاوڵاتیان لێکەوتووە، ئاماژەش بەوەدەکەن بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هۆکارە بۆ لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

مامۆستا ئاشنا عەبدوڵا دەربارەی هێرشکردنە سەر خاکی کوردستان تایبەت بە ژنها وتى: مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەداخەوە ڕژێمی بەعس لە ساڵى ١٩٨٨دا هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و بە هەزارەها شەهیدمان دا و خاکەکەمان پیس بوو، ئێستا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە دەوڵەتی تورکیا دەستیکردووە بە بڕینەوەی دارەکان و سوتاندنی ڕەز و باخەکان، بە جۆرێکی دیکە دەیانەوێت لەناومان بەرن، نازانین حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتاران و کەسانی بەرپرس بۆ بێدەنگن لە ئاست ئەم کارەساتە، ئەگەر لەسەر بابەتێکی وا گرنگ بەدەنگ نەیەن چیتر هەیە گرنگتر بێت تا قسەی لەسەر بکەن، بەردەوامی بێدەنگی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئاگا نەهاتنیان دۆخەکە خراپتر دەکات.

ئەو مامۆستایە وتیشی: ئەمە کارەساتە ڕوودەدات، چەندین ساڵە کوردستان سەوز دەکرێت و دەپارێزرێت، ئێستا دەوڵەتی تورکیا ژیان لەناو دەبات و ژینگە دەسوتێنن، بێدەنگبوونی حکومەت و هاوڵاتیان لە ئاست ئەو داگیرکاری و بەتاڵانبردنی خاکی کوردستان دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبات و پێویستە هەموو لایەک هەڵوێستیان هەبێت.

شادی مەحمود، هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و ئاماژەی بەوەدا داگیرکارییەکانى دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان بە بیانووی هەبوونی هێزی گەریلاکانی پەکەکە و هێزی چەکداری کوردە کە ئەوان بە تیرۆریست لە قەڵەمی دەدەن، دەیانەوێت بەو بیانووە جیاوازانەوە زیان بە سروشتی کوردستان بگەیەنن، بەداخەوە کە ڕێژەیەکی زۆری دارەکانیان بڕیوەتەوە و بووەتە نیگەرانی لەلای هاوڵاتیان، پێویستە چالاکوانان و ڕێکخراوەکان بێنە دەنگ.

 

ئەو هاوڵاتییە باس لە هەڵەبجە دەکات و دەڵێت: لەگەڵ ئەوەى هەڵەبجە تووشی کارەساتێکی مێژووی بوو سروشتەکەی بەهۆی کیمیابارانەوە زیانی بەرکەوت بەڵام هۆشیاری هاوڵاتی ژیانی دایەوە بە هەڵەبجە، ئێستاش پێویستە هاوڵاتیان هۆشیار ببن و سروشتی کوردستان بپارێزن، داوا  دەکەین هەمووان بێنە دەنگ تا ئەو هێرش و بۆردومانانە ڕابگرن و دوژمن نەتوانێت سروشتی جوانی کوردستان لەناو ببات.

 

دەوڵەتى تورکیا بەبیانووی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە بادیناندا لە ٢٣ی نیسانەوە ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێکردووە، بەڵام ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی سی پی تی و هەواڵەکاندا دەردەکەوێت تورکیا هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتی مەدەنی و گوندەکان بە چۆڵکردن دەبات و ڕەز و باخی هاوڵاتیان دەسوتێنن و بۆ بازرگانیکرد داری ناوچە سنورییەکان دەبڕێتەوە.

 

ت.پ