ڕێحان حەمید: مەترسی گەورە بێدەنگبوونی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانە

ئەندامێکی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان باس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات لەسەر خاکی باشوری کوردستان، دەشڵێت داگیرکردنی خاکی کوردان بە درێژایی مێژوو هەبووە و دەوڵەتی تورکیا ویستوویەتی گەلی کورد لەناو ببات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕیحان حەمید، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەرێمی کەرکوک، باس لە داگیرکارییەکان دەکات بۆ سەر خاکی کوردستان و دەڵێت: لەوەتەی کورد و کوردستان هەیە داگیرکردن و پیلانگێڕی لەسەر خاکەکەی هەبووە، ئێستاش بەردەوام لە چوار پارچەی کوردستان بەرخۆدان هەیە و دوژمنیش داگیرکاری دەکات، لە باشوری کوردستان ئەو بەرخۆدانیەی لە گارە کرا و هێرشەکانی لە مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و تا دەگاتە ئامێدی و بۆ باکوری کوردستان بەردەوامە یەکانگیرن و درێژەی هێرشە یەک لەدوا یەکەکانن و پیلانێکی مەترسیدارە لەسەر باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی پێی وایە مەترسیدارتر لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بێدەنگبوونی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانە، دەشڵێت: "هەندێک کات لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگێكی ناڕەزایەتی دەردەکەن و بەیاننامەیەک بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەمە شەرمنانەیە و نەتوانراوە جێگەی خۆی بگرێت و ئەنجامی هەبێت، نەتوانراوە بە بوێرانە بوترێت ئێمە کوردین و بەو داگیرکاری و لەشکرکێشییەی دەوڵەتی تورکیا ڕازی نابین"، ئاماژە بەوەش دەکات هیچ وڵاتێک و نەتەوەیەک بەوە ڕازی نییە دوژمن پێ بنێتە خاکەکەی و داگیری بکات، دەوڵەتی تورکیاش زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوری کوردستان و هێرشەکانشیشی بۆ ئەوەیە زیاتر بێتە ناو خاکەکەمانەوە.

 

"هێرشەکانی داعش درێژکراوەی پیلانی دەوڵەتی تورکیایە"

ڕیحان باس لەوەدەکات، ئەم پیلانانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە یەکترەوە هەیە و هەوڵ دەدرێت داعش زیندوو بکرێتەوە: "هێرشەکانی داعش لە نزیک شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە، ترسی کردووەتە دڵی دانیشتووانەکەیەوە و نائارامی هێناوەتە کایەوە، بەتایبەت کە هێرشەکانی داعش لەو ناوچانەدا دەکرێت کە لە ٢٠١٤دا داعشی لێبووە، زۆر شەو لەنزیک دوبز، داقوق، بەشیر و تا دەگاتە کەرکوک و پردێ هێرشی داعش هەیە، کە هەمان پیلانی دەوڵەتی تورکیا و دەستتێوەردانی تێدا دەکات بە پاڵپشتی هەندێک وڵاتی زلهێز".

 

ڕیحان حەمید بانگەوازی لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکات و دەڵێت: نابێت بێدەنگ بین و پێویستە هەر تاکێکی کورد خاوەن لە خاک و وڵاتەکەی دەرکەوێت و چالاکی بکرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و هەڵوێستیان هەبێت تا ڕێگری لە داگیرکارییەکان بگیرێت، چونکە ئەگەر یەکڕیز و یەک هەڵوێست نەبین دۆخی باشوری کوردستان بەرەو خراپی دەچێت.

ت.پ