بەشداری ژنان لە سیاسەتدا...هەنگاوێک بەرەو ئازادی

ڕۆڵی ئەو ژنانەی کە لە سەرەتاییترین مافەکانیان زەوت کرابوون هەمیشە پەراوێزخراوە، بەڵام لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان خەبات و بەرخۆدانیان کرد تا توانیان لە هەموو بوارەکاندا پێگەی خۆیان بسەلمێنن.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- شۆڕشی ڕۆژئاوا ئاسۆی زۆری بۆ ژنان کردەوە بۆ سەلماندنی پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا، هەروەها مێژووی بەرخۆدان و بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا دەرکەوت، هەوڵی زۆریان دا بۆ دامەزراندنی سیستمێک کە مافەکانیان مسۆگەر بکات و لە سایەی ئەو هەوڵانەشدا توانیان دەستکەوتی گرنگ لە هەموو ئاستەکاندا بەدەستبهێنن.

 

شیراز حەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، لە سەدەی ٢١دا هەمووان ئاگاداری ئەو ڕاستییە بوون کە ژنان کۆمەڵگایان بەڕێوە دەبرد ئەو کۆمەڵگەیە کە هەوڵیان دەدا بیپارێزن تا ئێستاش بوونی هەیە، و تا ئێستاش هەوڵی ڕێکخستن لە ڕێگەی بیر و بەرخۆدانیان و بەشداریکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیاردان پەرەپێدەدەن.

 

وتی: لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ژنان خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگاربوون و پەرەپێدانی خۆیان، ئێمە ڕێکخراو و تەڤگەری ژنانمان پێکهێنا کە خەباتیان بۆ ڕزگارکردنی ڕەگەزەکەیان کرد، هەموو ژنێک نوێنەرایەتی قۆناغێک یان خاڵی وەرچەرخانێکی لە ڕێگای ڕزگارکردنی ژناندا دەکرد تا بتوانن پێشەنگ بن.

 

"ژن ڕۆڵی هەبوو لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە و پێشەنگایەتی شۆڕشەکە"

شیراز حەمۆ جەختیشی لەوە کردەوە، کۆنگرەی ستار لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک سەکۆیەک کاردەکات کە ژنان کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی بناغەیەکی تۆکمە لەسەر ڕێگای ڕزگارییان بونیاد بنێن، هەروەها بۆ ئەوەی ژنان ئامادەبن بۆ هەر گۆڕانکارییەک بۆ پاراستنی خۆیان، لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمووز (شۆڕشی ژنان)، ڕۆڵی هەبوو لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە و پێشەنگایەتی شۆڕشەکە شانبەشانی تەڤگەرو کەسایەتییەکانی دیکە ژنان لە ناوچەکەدا بەشدارییان لە ڕزگارکردنی ژناندا کرد.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەی دیموکراتیکەوە ژنانی بەهێزکرد"

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕووی سیاسییەوە، پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا، بوونی ژن لە پارتە سیاسییەکاندا هەبووە، بەڵام بە تەواوی ڕۆڵی خۆیان لە نوێنەرایەتیکردنی مافەکانی ژنان نەگێڕا، بەڵام دوای شۆڕش، ژنان هەنگاوی بەرچاویان ناوە لە هەموو بوارەکاندا بە سیاسی و سەربازی، وەک چۆن توانیان بەرامبەر مەترسیدارترین ڕێکخراوەکان بەرخۆدان بکەن کە مەترسییان لەسەر ژنان دروستکردبوو، شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەی دیموکراتیکەوە ژنانی بەهێزکرد، دەریخست کە هەمووان سیاسەت دەزانن و بە پێی ئەوەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات جێبەجێی دەکەن، چ دەوڵەت یان دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان، بەڵام مانای ڕاستەقینە بە شاراوەیی ماوەتەوە، کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی خودی گەل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سیاسەت بووە موڵکی هەمووان.

 

شیراز حەمۆ ڕوونیشیکردەوە، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە سووریا، چونکە چالاککردنی ڕۆڵی ژنان لە ڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شیراز حەمۆ وتی: بە ڕێکخستن و بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا، بە کارکردن لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەگەینە هەموو ژنان، ژنان نوێنەرایەتی ئیرادەی کۆمەڵگە دەکەن، هەرکەسێک نوێنەرایەتی کۆمەڵگە بکات، لەلایەن ئەو هێزە دەکرێتە ئامانج کە دژایەتی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەکان دەکات، بۆیە دەبێت پێکەوە کاربکەین و دەستی یەک بگرین بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕش بپارێزین و ئازادی بەدەستبهێنین.