"لە خراپی دۆخی هەرێمدا ژنان زەرەرمەندی یەکەمن"

سەرەڕای نزیکبوونەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات و بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروستبووە، لەو قەیرانانەی کە دروستبوون، ژنان زەرەرمەندی یەکەمن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خراپی باری ئابووری و قورسی ژیان ناڕەحەتی لای هاوڵاتیان دروستکردووە و بەهۆی پێنەدانی مووچەوە بازارەکان کز بوون و خەڵکی ناتوانێت پێداویستییەکانی دابین بکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و بێدەنگبوونی خەڵک، هەروەها دەوڵەتانی داگیرکار تەنها بە هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازی نەوەستاوە، بەڵکو دەستێوەردانی ناوخۆیش لە هەرێمی کوردستان دەکەن و قەیرانی ئابووری و سیاسیان قوڵکردووەتەوە.

 

"لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندی خۆیان لە پێش بەرژەوەندی گەلەوە داناوە"

فەوزیە عەبدولکەریم، چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی ئێستای هەرێم مەترسیدارە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، ئەو ئازادییەی هەمانبوو وردە وردە خەریکە لەدەستی دەدەین و بەشێکی زۆریشمان لەدەستداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نا یەکڕیزی کورد، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکان دەبوو هەموویان یەکبگرن، بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد و باشتر کردنی ژیانی خەڵك، بەڵام ئەوان لە پاشەکشەدان و بەرژەوەندی خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندی خەڵکەوە، هیچ یەکێك لە لایەنەکان ئامادە نییە لەپێناو گەلەکەیدا واز لە بەشێک لە پەرژەوەندییەکانی بهێنێت و لەگەڵ لایەنێکی تردا ڕێک بکەوێت.

 

"لە سایەی حکومەتی هەرێمەوە ئازادییەکان بەرتەسک بوونەتەوە"

فەوزیە عەبدولکەریم ڕوونی کردەوە، بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێویستە لایەنەکان هەموو شتێ پشتگوێ بخەن بۆ پاراستنی قەوارەکەی، وتیشی: ئێمە لە خەمی ئەوەداین هەرێممان لەدەست دەربچێت، ڕۆژ بە ڕۆژ حکومەتی عێراق مافەکانی کورد پێشێل دەکات و لایەنەکانی ئێمەش بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە تەواوی تێکچووە و ئەو هەموو کوشتنە بە ئاشکرا دەکرێت، لە کاتێکدا ئێمە ئەو خەباتەمان کرد و دڵمان خۆشبوو کە حکومەتی خۆمانمان هەیە و ئازادییەکانمان زیاتر دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو، هیچ کارێک ناکات بۆ تاکەکەکانی کۆمەڵگە.

 

دەربارەی مامەڵەی حکومەت بەرامبەر بە گەلی کورد فەوزییە عەبدولکەریم دەڵێت: ئەوەی حکومەت دەیکات، هیچ گەلێک پێی قبوڵ ناکرێت، بەڵام ئێمە بە بێدەنگی سەیر دەکەین و داوای مافەکانی خۆمان ناکەین، دوو مانگە مووچە وەرنەگیراوە، بازاڕەکان وەستاون و دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە، کرێی ئاو و کارەبا لەسەر خەڵک زیادی کردووە، ئازادی بەرتەسک بووەتەوە، جێگەی داخە حکومەتی هەرێم ئەوەی پێ قبوڵ بێ، کە خەڵکەکەی هانا بۆ بۆ بەغدا ببەن بۆ ئەوەی مووچەکانیان وەربگرن.

 

"دوژمنان چاویان بە ئازادی ژناندا هەڵنایەت"

فەوزیە عبدولکەریم ئەوەشی خستەڕوو، لە وڵاتان هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بگۆڕن و بتوانن کاری باش بۆ خەڵک بکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خەڵک ئومێدی بە هەڵبژاردنیش نەماوە، چونکە هەر هەمان دەسەڵاتە، لەم نێوەندەشدا هەر لە کوشتنەوە تا خراپی باری ئابووری ژنان زەرەرمەندی یەکەمن و ئازادیان بەرتەسک بووەتەوە، لەم دۆخەشدا کەس نایەتە دەنگ، لە کاتێکدا دەبوو هەموو خەڵک بێنە شەقام و ئەم بێ دەنگییە بشکێنن و فشاری مەدەنی هەبێت، بە بێ گوێدانە ڕەگەز و بیرۆکە هەموومان فشار بخەینە سەر دەسەڵات.