کوردستان ئاو دەیبات، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خەو دەیبات
لە هەر وڵاتێک پەرلەمان ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیە، بەڵام ئایا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تا چەندە بە ئەرکی خۆی هەستاوە و نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی کردووە؟
ژیان عەلی
سلێمانی- پەرلەمان، ئەرکی یاسا دانان و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیە، بەڵام ئایا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەم دۆخی ئێستای کوردستاندا بە خەبەرە؟ ئایا نەکەوتووەتە ژێر هەژموونی حزبەکانەوە؟ ئەم پرسیارەش لە ناو خەڵکدا بووەتە جێگەی مشتومڕ.
لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان دامەزرا و تا ساڵی ٢٠١٨ پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدرا، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠١٨ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ١١١ ئەندامی پەرلەمانیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی تا خولێکی دیکەی هەڵبژاردن، پەرلەمانتاران داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.
ماوەی چەندین ساڵە سیستەمی بەڕێوەبردنی جیهان کەوتووەتە ناو گێژاو و پەلەقاژێی لەناوچوون، ئەم دۆخە ڕۆچووەتە ناو تەواوی جومگەکانی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە و کاریگەری لە سەر ژیانی خەڵکی داناوە، وای کردووە کە خەڵک تووشی بێ هیوایی و سەرلێشێواوی ببن.
ئەم دۆخە لە هەرێمی کوردستانیش بە شێوازێکی بەرچاو بەدیدەکرێت و خەڵک ڕۆژانە بە دەم ئێش و ئازاری جیاوازەوە دەناڵێنن، باس لەوە دەکەن کە ئێمە بۆ بەدەستخستنی پاروە نانێک دایم لە نۆرە گرتن و ڕاکەڕاک داین، جیاواز لەوەش بەردەوام بوونی داگیرکاری وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە بە سەدان جار هێرشی جۆراوجۆری کردوەتە سەر خاکی کوردستان و گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان، ژیانی لەم هەرێمە هێندەی دیکە قورس کردووە.
زیاتر لە ٢٠٠٠ جار هێرشی جۆراوجۆر کراون
لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵ دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ئەم هەرێمە بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە چڕتر کردووەتەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگەوە بڵاوکراوەتەوە ٨١٧ جار لە ناوچەکانی بەرخۆدان و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، هێرشی ئاسمانی فڕۆکە شەڕکەرەکان ئەنجامدراوە، هەروەها ٧١٩ جار بە هێلیکۆپتەری شەڕ و هەزار و ٢٧٤ جاریش بە تۆپ بۆردوومان و تۆپباران کراون، جگە لەوەی ١٦٤ جار چەکی کیمیاییان بەکارهێنراوە.
ئەمە جگە لە ڕەوانەکردنی چەندین کاروانی سوپا بە چەکی قورس و هێرشکردن بۆسەر گەلی ئێزیدی لە شەنگال لەلایەن سوپای کازمی و بۆردومانی چەمچەماڵ و کامپی مەخمور و تیرۆرکردنی پەنابەرانی باکوری کوردستان، بەڵام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی نە بای دیبێ و نە بۆران، گوێی لە هەموو ئەو کێشە و ڕووداوانە خەواندووە، کە ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر ژیانی خەڵک.
بەهۆی ئەم دۆخەوە چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەلایەن هاوڵاتیان و کەسانی ئازادیخواز داوای هەڵوێست وەرگرتن لە پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام نەک تەنیا هیچ هەڵوێستێک نەبووە، بەڵکو بێ دەنگیشیان هەڵبژاردووە.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کۆچبەرییان دروستکردووە
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاش بووەتە خەمێکی گەورە بۆ ئەم میلەتە و هۆکاری کۆچبەری و بەجێهێشتی خاک و زێدیان، لە ئەنجامی ئەم کۆچبەرییانەدا ڕۆژ نییە کە تەرمی بێ گیانی گەنجەکان لە دەریای ئیجە و سنوورەکانی پۆڵەندا و بێلاڕوسیا نەگەڕێندرێنەوە بۆ بنەماڵەکانیان، هەروەها کوشتنی ژنان بووەتە دیاردەیەکی باو و رۆژ نییە هەواڵی کوشتنی ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە بڵاونەکرێتەوە و دڵەکان ڕانەچڵەکێنێت. بە پێی ئامارەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا تاکو ئێستا زیاتر لە ٣٠ ژن کوژراون یان ناچار بە خۆکوشتن کراون، لەکاتێکدایە کە سەرۆکی پەرلەمان پێشتر وەک کەسایەتی داکۆکیکاری مافی ژنان ناسراوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ چارەسەری و بنەبڕکردنی توندوتژی بەرامبەر بە ژنان هەڵنەگرتووە.
نەدان و لێبڕینی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سێکتەرە جیاوازەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری، گرانی بازاڕ، برسێتی و لەلایەکی ترەوە ڕووتاندنەوەی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە لە ڕێگای باج و ڕسومات، هۆکارێکی دیکەیە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و بێ ئاگا کردنیان لەوەی کە خاک و نیشتیمان بە چ دۆخیکدا تێپەڕ دەبێت، بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەتەوە لەلایەن بەشێک لە خەڵک بۆ مەرامی شەخسی خۆیان و زیان گەیاندن بە کەسانی چواردەوریان .
پەرلەمان بێ کاریگەر ماوەتەوە و ڕۆڵی نییە
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئەم پەرلەمانە تا چەند توانیوویەتی ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیان کەمبکات و شەڕی مافەکانیان بۆ بکات؟
لەم چوار ساڵەشدا پەرلەمان هیچ لێپرسینەوەیەکی لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم نەکردووە، بەرامبەر هەبوونی ئەم هەموو قەیرانانەی کە بەرۆکی هەرێم و گەلی ئەم هەرێمەی گرتووە.
پەرلەمانی هەرێم بەرزترین دامەزراوەی هەرێم و تاکە مەرجەعی سیاسی و یاساییە، تاکە دامەزراوەی هەڵبژێردراوە بۆ نوێنەرایەتی کردنی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کودستان، بەڵام زیاتر لە دوو مانگ و نیوە کە پەرلەمان داخراوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت هەموو هەفتەیەک ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بکرێت، واتا لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ جار کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی هەژموونی حزبەوە هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نەدراوە.
پرسیارەکە ئەوەیە/ ئایا پەرلەمانی کوردستان توانیوویەتی ببێت بە ئیرادەی سیاسی بۆ گەلی کورد؟ سەرەنجەکان دەهێڵینەوە بۆ خوێنەر و بینەر.