ژنانی باشووری کوردستان: بە یەکێتی ژنان پیلانی داگیرکاری هەڵدەوەشێتەوە

ژنانی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان دژ بە هێرش و داگیرکارییەکان دەخەنەڕوو، جەختیان کردەوە بە پێکهێنانی یەکێتی ژنان و یەکێتی نەتەوەیی دەتوانرێت ڕێگری لە هێرشی داگیرکاری بکرێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر چوار پارچەی کوردستان بەردەومە و جیهان لە ئاستیدا بێدەنگە، ئەو دەوڵەتە لە بۆردومانەکانیدا هاوڵاتی و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانەکان دەکاتە ئامانج و گەل کۆمەڵکوژ دەکات، ئامانجیشی داگیرکاری خاکی کوردستانە.

 

دوێنێ لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەری بۆ ئیدانەکردن و ڕاوەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەچوو، ژنانی بەشداربووی ڕێپێوانەکە بۆ نوژنها دووان و گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و یەکێتی ژنانیان خستەڕوو، جەختیشیان کردەوە کە ژنان هەمیشە پێشەنگی شۆڕشیان کردوە و بە یەکێتیان دەتوانن دژی داگیرکاری بووەستنەوە.

 

"باشوور دەنگی ئازادە بۆیە بەردەوام هێرش دەکرێتە سەری"

دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوان، بەشداری ڕێپێوانەکە بوو و ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی ئەم چالاکییەکە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەیە کە دەکرێتە سەر ناوچەکانی کوردستان و بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە، وتیشی: کورد نەیاری زۆرە و داگیرکەری خاکەکەمان زۆرە، بۆیە دەبێ گەلی کورد یەک دەنگ بێت، لە هەر دەرفەتێکدا بێت تورکیا و ئێران هێرش دەکەنە سەر باشوور، چونکە دەزانن باشوور دەنگی ئازادە، دەبێت گەلی کورد و ژنان بە تایبەتی یەکبگرن بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت کوردستان داگیر بکات، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەموو دنیای تەنیوە، لە وڵاتانی تر ئیشی لەسەر دەکرێت، بۆیە دەبێت ئێمەش وەک کوردی هەر چوار پارچە ئیشی لەسەر بکەین، دەبێت یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکێتی ژنان هەبێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە تیرۆرکردنی ژنان بهێرێت.

 

"ژنان دەبێت بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوام بن لە شۆڕش"

شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ بەرفراوانبوونی سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا دۆخی ژنانیش بە تەواوی کەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە، لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا ڕۆژانە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، باشووری کوردستانیش یەکێکە لەو ناوچانەی کە ئارام نییە بۆ ژنان، کە بتوانن خەون و خولیاکانی خۆیانی تیادا جێبەجێبکەن، چونکە توندوتیژیەکان زیاتر دەبێت، ئێمەش لە کۆمەڵگەدا دەبێت ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژی و پێشێلکاریانە ببینەوە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، دەبێت ژنان وەک ڕۆژەهەڵات بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕش بکەن و بەردەوام بن.

 

شۆخان میرزا ئەوەشی خستەڕوو، کە دەسەڵات لە باشووری کوردستان هەمان ئەو دەسەڵاتەیە کە لە ڕۆژهەڵاتیش هەیە و هەوڵدەدات مافی ژنان پێشێلبکات، وتیشی: پێویستە ژنان کۆببنەوە و پەرە بە خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی خۆیان بدەن پێویستە گەلی کورد یەکێتی نەتەوەییان هەبێت، چونکە پرسێکی گشتگیری تەواوە و لەسەر هەموو گەلی کوردە لە هەر جێیەک بێت، پرسی یەکێتی نەتەوەیش بۆ ژنان گرنگە، چونکە ژنان هەمیشە چارەسەری هەموو کێشەکانن، ژنان دەبێت یەکبگرن بۆ پرسەکانی ژنان، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو داگیرکاری و توندوتیژیانە ببنەوە کە دەکرێتە سەر کوردستان و ژنان، بە هۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاو سالاریەوە.

 

"داگیرکاریەکان بۆ سەر باشووری کوردستان بە هاوکاری هێڵی خیانەت دەکرێت"

زارا ئەحمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو داگیرکاری و توندوتیژییانەی کە لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، هێڵی خیانەتە و هێڵی داگیرکارییە، بە پێشڕەوی ناوخۆ هێرش دەکرێتە سەر ناوچەکانی کوردستان، لە ڕێگەی چەکی کیمیای و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی ناوچەکانی کوردستان دەکات، ئەو چەکەی کە لە هەموو جیهاندا قەدەغەیە، بەڵام بەرامبەر بە گەلی کورد بەکاردەهێنرێت، ئەمەش ناهەقیە کە دەکرێت بەرامبەر بە کورد.

 

زارا ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە ئێمە وەکو ژنان دژی ئەو هێرش و داگیرکاریانەین کە دەکرێتە سەر کوردستان، پێویستە گەلی کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت بەرابەر بەو هێرش و داگیرکارییانە، بێگومان یەکگرتنی ژنان پیشکەوتنی تەواوی مرۆڤایەتیە، بۆیە تا ژن ئازاد نەبێت هیچ وڵات و گەلێک ئازاد نابێت، ژنانیش پێویستیان بە کۆنفرانسێکی نەتەوەی و یەکگرتنە، دەبێت ژنان یەک بگرن بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چی لایەنێکن، پێویستمان بە کۆنگرەیەکی نەتەوەییە زۆرترین ژنی تێدا بێت، چونکە ژن دەتوانێت پیشەنگایەتی شۆڕش و گەل و تەواوی مرۆڤایەتی بکات، ئەوەش دەبێت بە بەرخۆدان و دەنگی ئازاد و تێکۆشان ئەو پێشکەوتنە بەرقەرار بکات.