"گۆشەگیری بۆ قوڵکردنەوەی ئاڵۆزییە لە جیهاندا"

شیرین ڕەشید، ئەندامی لێژنەی توێژینەوە لە ئەکادیمیای کۆمەڵایەتیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، باسی لە سەپاندنی گۆشەگیری توند بەسەر ڕێبەر ئۆجالان و بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی جیهان دەکات.

 حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ماوەی ٢٣ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە ژێر گۆشەگیریدایە. ئەم گۆشەگیرییە لەلایەن دەوڵەتە فاشیستەکانەوە بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە و قووڵکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی جیهان ئەنجام دەدرێت، چونکە ئەو دەوڵەتانە زۆر باش دەزانن، هزر و بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە، ئەمەش دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم سیاسەتەکانیاندا، لە هەمانکاتدا چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەراندا پچڕێنرا تا هەموو پەیوەندییەکانی ڕێبەر ئۆجالان بە دەرەوەی زیندانەوە داببڕن

 

شیرین ڕەشید، ئەندامی لیژنەی توێژینەوە لە ئەکادیمیای کۆمەڵایەتی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لەبارەی گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەر ئۆجالانەوە وتی: واتای ڕاستەقینەی ئازادی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا دەبینرێت کە لە ڕێگەی بیرکردنەوە و فەلسەفەی خۆیەوە ئازادی ڕاستەقینەی پێشکەش بە ژنان دەکرد. ژنانیش ئازادی خۆیان لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینن، چونکە دەرگای ژیانی بۆ کردنەوە و نیشانیدا کە ژن تەنها لە سنوری ماڵدا نییە، بە ناسینی کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی بە شێوەیەکی جیاواز خرایەڕوو، بۆ ئەوەش زیادکردنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ کاریگەری لەسەر ئازادی و کەسایەتی ژنانیش هەیە، ئەم گۆشەگیرییە لەلایەن دەوڵەتە فاشیستەکانەوە سەپێندرا کە بەناوی دیموکراسیەوە بانگەوازی دەکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ژنان لە ڕێگەی خوێندنەوەی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە چارەسەریان بۆ کێشەکان دۆزییەوە، وتیشی: بۆ ئەوەی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بشکێنین، پێویستە خەباتێکی بەهێز بەڕێوەببەین، بەرخۆدانی لە زیندانی ئیمرالی و دەرەوەی زینداندا وەڵامێک بوو بۆ سەپاندنی گۆشەگیری، ژنان بە ئیرادەی خۆیان کۆمەڵگا لە کۆمەڵکوژی ڕزگار دەکەن، چونکە فەلسەفەی ئازادی دەناسن و دەزانن کە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەرێکە بۆ شەڕ و ململانێی ئێستا، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە درێژەدان بە گۆشەگیری ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ بکاتەوە تا بەرژەوەندییەکانی خۆی پێکبهێنێت.

 

"ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی هەموو ژنانە"

لە كۆتایی قسەکاندا، شیرین ڕەشید دووپاتیكردەوە كە لابردنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی كورددا سەپێنراوە، ئەركە و دەكەوێتە سەر شانی ژنان، وتیشی: كۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان دەبێت ئاستی خەباتمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەرز بکەینەوە، ڕێبەرایەتی لە زینداندا لە ڕووی هزرییەوە ئازادە، ئێمەش لە ڕووی جەستەییەوە ئازادی دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر خاکی کوردستان پێکەوە بژین.