گوڵستان سەعید: دەبێت حکومەتی هەرێم سەقامگیری سیاسی فەراهەم بکات
گوڵستان سەعید، پەرلەمانتار، بە ئەرکی حکومەتی دەزانێت، سەقامگیری سیاسی فەراهەم بکات، تا بەهۆیەوە ئەمن و ئاسایش بەرقەرار ببێت، بە ئەرکی دەوڵەتانیشی دەزانێت لەپێناو ئاسایشی خۆیاندا ئاسایشی دراوسێکانیان لەبەرچاو بگرن.
تەرزە تەها
سلێمانی- پاش هەوڵی تیرۆرکردنی هاوڵاتییەکی باکوری کوردستان بەناوی "فەرهاد بارش" لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، دواتریش تیرۆرکردنی یاسین بولوت ناسراو بە "شوکری سەرحەد"، ئەندامی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە، ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە، کە سەقامگیری و ئاسایش پارێزراو نییە.
گوڵستان سەعید، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەهۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیان پارێزراو نییە.
جەخت لەوەش دەکاتەوە، گەلی کورد بەهۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسییەوە، هەرگیز سەقامگیری و ئاسایشی بەخۆیەوە نەدیووە، هەمیشە کورد لە دۆخێکی ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێدا ژیاوە، لە دەرئەنجامیشدا زۆرجار دەربەدەری و ماڵوێرانی و ئاوارەیی بەشی بووە، بەردەوام داگیرکەران سنووریان بەزاندووە، لە کاتێکدا کورد هیچ کات داگیرکاری ئەنجام نەداوە.
گوڵستان سەعید ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە پێویستە دەوڵەتە زلهێز و هەرێمییەکان ڕێز لە ڕێککەوتننامە جیهانییەکان بگرن و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە، لەبەرئەوەی لەو کاتەدا ئاسایشی خۆشیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
گوڵستان ئاماژەی بەوەشدا: "سەرجەم دەسەڵاتە سیاسیەکانی وەک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتی داداوەری هەرێمی کوردستان ئەرکیان پاراستنی سەقامگیری سیاسی ناوچەکەیە، هەروەها دەبێت هەوڵێستییان هەبێت".
وتیشی پێویستە بەپێی دەستوور فشار بکرێتە سەر حکومەتی عێراقی تا هەڵوێستان هەبێت و هەوڵیستیش بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نیشانبدرێت، دەبێت هەم حکومەتی هەرێم و هەم حکومەتی عێراقیش هەڵوێستیان هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "حکومەت پێویستە ئەرکەکانی جێبەجێبکات، سەقامگیری سیاسی دەستەبەربکات، وە دڵنیای لە ڕووی ئاسایش و پاراستنی ژیانی هاوڵاتی دابین بکات، وەکو یەک هاوڵاتیان پارێزراو بن".
ت.پ