"گەلی کۆبانێ بە ئیرادەیەکی بەهێز ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان بوونەوە"

لە ساڵڕۆژی جیهانی کۆبانێدا باس لە ئیرادە و بەرخۆدانی گەلی کۆبانێ کرا کە بە پاڵپشتی و هێزی ژنان توانیان ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان ببنەوە، هەروەها بەشداربوانی ساڵیادەکە جەختیان لە یەکبوونی گەلی کورد کردەوە.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- دوێنێ، ١ی تشرینی دووەم لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی حەوتەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ بەرز ڕاگیرا بە بەشداری سەدان هاوڵاتی باشور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان .

 

بۆ هاوسۆزی و پاڵپشتی کۆبانێ ژنان بەشداربوون و باسیان لەوەکرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژن بوو، بۆیەش سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، ئاوات حیسامەدین، بەشداربووی یادەکە، باسی لەوەکرد لە سەرەتای دروستبوونیەوە کوردستان یەک پارچە بووە و گەلی کوردیش یەک گەل بووە، لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا بە ڕۆح و ماڵ و سامان و تەنانەت بە خوێنیش بووبێت پاڵپشتی یەکترمان کردووە.

 

دەربارەی ساڵیادی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ئاوات وتی: "ئەو ڕووداوانەی بەسەر چوار پارچەی کوردستاندا هاتووە بەدرێژای مێژوو دووبارە دەبێتەوە ئەگەر ڕێگری نەکەین، بەڵام ئەمە وامان لێدەکات بە تینتر بین بۆ بەرخۆدان و خەباتکردن، چونکە ئەمە لە خوێن و کلتورماندایە و ئامادەین بە خوێن و ماڵ و سامان خۆمان بەختبکەین بۆ کوردستان و خۆمان شەهید بکەین."

 

ئاوات حیسامەدین باسی لەوەش کرد عەفرین و کۆبانێ یاخود هەر ناوچەیەکی دیکەی کوردستان کاتێک بکەوێتە بارودۆخێکی سەختەوە پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی ئەرکێکی مرۆڤدۆستی و ئەخلاقی هەموو تاکێکی کوردستانە.

 

دەربارەی بەرخۆدانی گەلی کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان وتی: " ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا خۆشەویستی خەڵکەکە بوو بۆ خاک و نیشتیمانەکەیان کە وای لێکردن ڕووبەڕووی دەوڵەتی تورکیا ببنەوە کە گەورەترین دەوڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و حەوتەم دەوڵەتی ناتۆیە، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا خاوەندی چەندین چەکی پێشکەوتووبوو  بەڵام ئیرادەی گەلی کورد وای کرد ڕووبەرووی ببنەوە."

هەروەها لە کۆتایدا ئاوات ئاماژەی بەوەدا "پێویستە بەردەوام یەکگرتوو بین و لە خەبات کردن لانەدەین و تا دوژمن نەتوانێت بەکارمان بهێنێت."

 

کەلسوم کەریم، بەشداربووی ساڵیادەکە، باسی لە گرنگی یەکگرتووی گەلی کورد و ڕۆڵی ژنان لە کاتی جەنگ و بەرخۆدانییەکاندا کرد و بۆ نوژنها وتی: "پێویستە کورد لە هەر شوێنێکی جیهان بێت کوردبوونی خۆی بسەلمێنێت، ژنان ئاشتیخوازن بەڵام چەندەها ساڵە بەدەست تیرۆرستان و دوژمنانەوە هەوڵی داگیرکاری و دابەشکردنی کوردستان دەدەن و پێویستە ئێمە وەکو ژنان پاڵپشتی یەکتربین هەمووان بەیەکەوە کاربکەین بۆ سەربەخۆیی و یەکبوونی کوردستان."

 

هەروەها باسی لەوە کرد کە ژنان لە کۆبانێ بە بەرخۆدان و خەباتکردن توانیان بەسەر دوژمندا سەرکەون هەروەک چۆن ژنانی باشوری کوردستان لە شاخ شانبەشانی پیاوان ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و هەروەها باسی لەوەکرد، "کوردان لە هەر شوێنێکی جیهاندا ڕووبەڕووی داگیرکاری ببنەوە پێویستە کوردان لە ناوچەکانی دیکە لە هەر پلە و پۆستێکدا بن هاوکارییان بکەن و پاڵپشتییان بکەن.".

 

دوای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ بەسەر ئازادکردنەوەی کۆبانێدا، هێشتا هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ڕێگەی هێرشی سەربازی و قەیرانی ئاو و ئابورییەوە بەردەوامە و ژنانی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان لە لێدوانەکانیاندا بۆ ژنها ئاماژە بەوەدەکەن کە وەک ژن ڕێگری دەکەن لە داگیرکردنی خاکی کوردستان لە هەر جێیەکەوە بێت.

 

ت.پ