"دەوڵەتی تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی داعشی شکستخواردوو دەدات"

حەنیفە خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمیتەی دادپەروەری ژنان لە ناوچەی جزیرە، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند: هەسەدە جیهانی لە دڕندەیی داعش پاراست، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت داعش زیندوو بکاتەوە".

قامیشلۆ

 

دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی نوێی داگیرکەریی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە، بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپخانە هێرش دەکاتەسەر هەموو ناوچەکان و بەتایبەتی سەرچاوەکانی ژیان دەکاتە ئامانج. لە هەمانکاتدا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت داعش زیندوو بکاتەوە، بۆیە هاوکاری دەدات بە بنەماڵە داعشیەکان و هێرش دەکاتەسەر زیندانەکانی چەتەکانی داعش و ئەو کەمپەی کە هەزاران چەت و تیرۆریستی تێدایە، هەوڵدەدات داعش و بنەماڵەکانیان هەڵبێن و بچنە ناو چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە.

 

"دەوڵەتی تورکیا سەرچاوە ژیانییەکان و بژێوییەکان دەکاتە ئامانج"

حەنیفە خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمیتەی دادپەروەری ژنان لە هەرێمی جزیرە، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی هەڵسەنگاند و وتی: لە ١٩ی ئەم مانگەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بیانووی تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ دەیەوێت بە فڕۆکە و تۆپ خاکەکەمان داگیربکات، هەڵبژاردنەکانی تورکیا نزیک دەبێتەوە و دەوڵەتی تورکیا سەرنجی خستووەتە سەر ناوچەکە و دەیەوێت شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنێت، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا گەلەکەمان ڕووبەڕووی هێرشی جددی بووەتەوە، بەتایبەتی سەرچاوە ژیانی و سەرچاوە سەرەکییەکانی خەڵکی خۆجێی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان دەکرێن، شوێنی تەندروستی و کارەبا و نەوت و ئاو دەکاتە ئامانج تا ژێرخانی کۆمەڵگە تێکبدات و دانیشتووانەکەی کۆچبەر بکات.

 

پلانەکە زیندووکردنەوەی داعشە

لە درێژەی قسەکانیدا حەنیفە خەلیل سەرنجی بۆ کردەوەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە دیلەکانی داعش دەرگای مەترسی بۆ جیهان دەکەنەوە و وتی: ٢٢ وڵاتی ئەندام لە ناتۆ دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگن و بەپێی بەرژەوەندییەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن، دەوڵەتی تورک لە هەموو لایەک و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری داعش دەکات، بە بیانووی هێڵی سنوورییەکەی پارێزراو نییە، هێرش دەکات،  بەپێچەوانەی ڕاستییەکانەوە کاتێک هەزاران بەکرێگیراوانی داعش لەسەر هێڵی سنووری تورکیا جێگیربوون، تورکیا لەو کاتەدا دەنگی نەبوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە دەتوانن دیسان پلانەکانی داعش و هاوبەشە تورکییەکانی پووچەڵ بکەنەوە، منداڵەکانمان بۆ پاراستنی نیشتمان خۆیان کردە قوربانی و جیهانییان لە تیرۆر پاراست، لەکاتێکدا هیچ دەسەڵاتێکی جیهان نەیتوانی بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە تاریکە بوەستێتەوە، لە شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدانی گەل و هێزەکانی گەریلامان، یەپەگە، یەپەژە، یەبەشە، یەژەشە، هەپەگە و یەژاستار، وەک یەک بۆ پاراستنی بەها ئینسانییەکان تێکۆشان.

 

"ئێمە دەبینە ئەڵقەی ئاگر بە دەوری وڵاتەکەماندا"

حەنیفە خلیل ڕایگەیاند کە بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ دژی هەموو هێرشەکان دەجەنگن و دەستبەرداری خاکەکەیان نابن، لە کۆتاییدا وتی: بە یەکڕیزی گەل و ئیدارەی خۆسەر و هێزە ئەمنییەکانمان، هەموو پلان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵدەوەشێنرێنەوە، ئیدارەی خۆسەر و هێزە سەربازییەکانمان خودی خەڵکن و ناتوانرێت لە یەکتر جیابکرێنەوە، هەروەها دەڵێین لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا سەبر دەگرین، کولتوور و زمان و خاکی ئێمە بە خوێنی هەزاران شەهید پارێزراوە، ئێمە بازنەیەک بە دەوری وڵاتەکەماندا دروست دەکەین و هەرگیز وڵاتەکەمان بەجێناهێڵین.