مامۆستایەکی زانکۆ: پێوەری پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ئاستی بەشداری ژنانیەتی
کوێستان لەتیف، مامۆستا باس لەوە دەکات، ئەگەر بتەوێت سەیری پێوەری پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەک بکەیت، سەیری ئەوە ناکەیت تا چەند ئەم وڵاتە جوانە و شەقامەکانی فراوانن، بەڵکو سەیری بارودۆخی ژنان دەکەیت، تا چەند بەشدارە لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و ئیداریدا
ئەڤین جبرائیل
کۆیە- بەشداری ژنان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بخوڵقێنێت، ژنان چەندە ئازاد بن و بەشدارییان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت، کۆمەڵگە هێندە ئازاد دەبێت و بەرەوپێش دەچێت.
کوێستان لەتیف، مامۆستای زانکۆیە لە شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر و بۆ نوژنها باسی لە ئاستی کاریگەری بەشداری ژنان کرد و وتی: ژنان سومبولی پێشکەوتنی وڵاتن، بۆیە پێویستە هان بدرێن بۆ بەشداریکردن، ئەوانیش گەنجەکان هان بدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، ئێستا خولێک بەڕێوە دەچێت هەر مانگە و لە شارێکی باشووری کوردستانە، کە کار دەکات بۆ کارکردنی ژنان لە بواری هەڵبژاردن وەک پسپۆڕ و شارەزا لە بواری هەڵبژاردندا، لە ئێستادا خولەکە ٢٥ ژن تیایدا بەشدارە و هەموو پارێزگاکانی باشووری کوردستان لەخۆدەگرێت، ئەمە خولێکی جۆریی باشە، ئێمە وەکو ژنان پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوانە دەکەین، چونکە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی لەوە دایە ڕێکخراوە مەدەنیەکان بخەنەگەڕ بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی ژنان.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو مامۆستایە هیوای خواست ژنان بتوانن بە تایبەت لە بواری پڕۆسە هەڵبژاردندا شارەزاییان هەبێت، چونکە ئەو بوارە هەمیشە پیاوان تیایدا دەستباڵا بوون، وتیشی: ئەو سەردەمە گۆڕا تەنیا پیاو شارەزا بێت، ئێستا سەردەم سەردەمی ژنە، بەڵام پێویستی بە هەل و بارودۆخ و خولە بۆ ئەوەی وزە و هێزی خۆیان دەربخەن، يەکێک لەو بوارانەش هەڵبژاردنە پێویستە ژن تێیدا شارەزا بێت و پڕ زانیاری بێت، چونکە هەڵبژاردن هۆکاری گۆرانکاری و سەرخستنی وڵاتە، هەر کۆمەڵگەیەک لایەنی ئابووری و سیاسی و بەشداری ژن تیایدا جێگیر بوو ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو دیموکراتیزم هەنگاو دەنێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا کوێستان لەیف ئاماژەی بەوەشدا، بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی دەنگدان و خۆپاڵاوتن گرنگ و فرە ڕەهەندیە، چونکە ژنەکە هەست بەوە ناکات ئەو دەنگەی ئەو چەند گرنگە، دەنگی ژنێک یەکسانە بەدەنگی سەرۆکی وڵات لە ڕووی هێزو و کایگەری و گۆرینی سیستمی وڵاتەوە، ئەم بیرۆکەیە ئەگەر ژن لێی تێبگات کە دەنگەکەی دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی، بە خۆشحاڵیەوە بەشداری پڕۆسەکە دەکات، هەروەها لایەنێکی نەرێنی هەیە کە پێیان وایە دەنگدان هیچ کاریگەرییەکی نییە و گۆڕانکاری دروست ناکات، بەڵکو خەڵکانێک لە دەسەڵاتن هەر لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە.