"ڕۆحی ئارین و ڕێڤان و ئاڤێستا زیندوو دەکەینەوە"

مەدیا عەفرین، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی ستار هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، کە بە شۆڕشی ١٩ی تەمووز داعش لە کۆبانێ تێکشکاوە و ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشە.

ڕۆناهی نودا

 

قامیشلۆ- ڕۆژی ١٩ی تەمووز شۆڕش لە کۆبانێ دەستیپێکرد و چەتەکانی داعش بە بەرخۆدانی ئارین میرکان لەوێ شکستیان هێنا، شاری کۆبانێ بۆ هەموو جیهان شوێنێکی پیرۆزە کە خەڵک لە هەموو وڵاتەکان چوونەتە مەیدانەکان و ڕێگریان کردووە لەوەی شارەکە بکەوێتە دەستی چەتەکانی داعشەوە، لە مێژوودا ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم بووە ڕۆژی کۆبانێ، چونکە هەموو جیهان لە دژی هەڕەشەی چەتەکانی داعش یەکیان گرت و ڕێگریان لە کەوتنی کۆبانێ کرد، کۆبانێ هیوا و هێزی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوو، وەک ئامرازێک بوو بۆ ڕزگارکردنی چەندین ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی چەتەکان.

 

سەبارەت بە دوایەمین هێرش و ئامانجی ئەو هێرشانەش مەدیا عەفرین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ناوچەی تربەسپیی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وتی: لە سەرەتای شۆڕشەوە چەتەکان لەژێر ناوی کەتیبەکان خۆیان ڕێکخست، بەڵام دواتر کۆبوونەوە و ناوەکانیان یەکخست، ئەو کاتە جارێک چووینە ناو گوندی شێخلەری کۆبانێ و توانیمان ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ نیشتمانپەروەران دروست بکەین و شەوێک هەموو شوێنەکانی دەوڵەتمان لە دەستیان وەرگرت، ئەگەر ئەو کاتە ئەو شوێنانەمان نەگرتایەتە دەست ئەوا دەکەوتە دەست چەتەکان، پرۆسەی ١٩ی تەمووز شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆبانێوە دەستپێکرد و لە ڕۆژێکدا توانیمان هەموو شوێنەکانی دەوڵەت بگرینە دەست.

 

"شکاندنی چەتەکان تێکشکانی ئەردۆغان بوو"

مەدیا عەفرین، دەربارەی پڕۆسەی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ و سەرکەوتنی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە لە دژی چەتەکان بەم شێوەیە قسەی کرد، "بە سەرکێشی ئەردۆغان دەیانویست کۆبانێ بکەوێت، ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٤ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کۆبانێ کەوت، بەڵام کۆبانێ نەکەوت و ڕۆڵەکانی ئەم گەلە قوربانییەکی گەورەیاندا و بەرخۆدانیان کرد، ئەوانەی کۆبانێیان لە دەست چەتەکان ڕزگارکرد، بە پێشەنگایەتی ژنان بوو، لە کەسایەتی ڕێڤان و ئارین میرکان و هەزاران شەهیدی دیکەدا کۆبانێ ئازادکرا".

 

"ئامانجی هێرشەکان دەستکەوتەکانی شۆڕشە"

مەدیا عەفرین هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە هەڵسەنگاند و وتی: ئەو خاکەی کە ڕێبەر ئاپۆ یەکەمجار پێی تێخست کۆبانێ بوو و لەوێ شۆڕش دەستیپێکرد و لەوێ داعش تێکشکێنرا، ئەمە هەمووی لە دڵی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی تەنانەت ناتۆش کۆبووەتەوە، ئەمڕۆ جارێکی تر دەبینین کۆبانێ دەبێتە ئامانج، ماوەی چەند ڕۆژێکە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆپباران دەکات و لە لێدوانەکەیدا دەڵێت "تا ٣٠ کم دەڕۆم" بەڵام تەنانەت هێرشی کردە سەر دێرەزۆر و شەداد و هۆل، ئامانجیان تەنیا سنوور نییە، بەڵکو دەستکەوتەکانی شۆڕشە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشدا تەنیا گەلی کورد خەباتیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ وا نییە، ئێمە لەگەڵ گەلانی دیکە خەبات دەکەین و کورد تەنیا نییە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا مەدیا عەفرین سەبارەت بە پێگە و هەڵوێستی هاوڵاتیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا وتی: پێویستە گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای ١٢ هەزار شەهید و هەزاران بریندار ئەمە قبوڵ نەکەن و بوەستنەوە، دەبێت ڕۆحی ئارین و ڕێڤان و ئاڤێستا و زەهرا بەرکەل و زەینەب سارۆخان زیندوو بکەینەوە و خۆمان ڕێکبخەین، ئێمە دەبێت هەمیشە لەسەر شەقامەکان بین و دەرفەت بە دەوڵەتی تورک نەدەین، پێویستە خۆمان لە ژێر سایەی سیستمی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا ڕێکبخەین و شۆڕشەکەمان بە ڕۆحی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکەوتن بگەیەنین.