"کاتی ئەوە هاتووە مسۆگەر هەبوونی خۆمان بکەین"

فەلەک یوسف، هاوسەرۆکی یەکێتی رۆشنبیرانی ناوچەی فورات هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پرۆسەیە کرد کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە پێگە و بوونی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مسۆگەر بکرێت.

بەیدا عوسمان

 

کۆبانێ- زۆرێک لە هێزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان پلانی رێککەوتنی ئاشکرا و نهێنی لەسەر خاکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دادەڕێژن کە پێکهاتەکانی لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و هێزەکانی قەسەدە دایە، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە پرۆسەیەکی وەهادا تێدەپەڕێت کە هەموو زلهێزێک دەیەوێت دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ تەمموز لەناوببات.

 

"ئێمە لە ناوەڕاستی کێشەکاندا سیستەمەکەمان ئاواکرد"

فەلەک یوسف هاوسەرۆکی یەکێتی رۆشنبیرانی هەرێمی فورات شیکاری بۆ هێرش و هەڕەشە و ڕێککەوتنەکانی سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی: سەرەتای شۆڕشی سوریا دژی ڕژێمێکی دەسەڵاتدار بوو کە لەسەر بنەمای یەک ئایین، یەک زمان، یەک ئاڵا دامەزرابێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​خەڵک لە ناودا سەریانهەڵدا و بەهاری گەلان دەستیپێکرد، بەرەو گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک کە هەمووان بە کولتوور و ناسنامەی خۆیانەوە بژین، سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دامەزرا و خەڵک خۆی بەڕێوەدەبرد، بەڵام کاتێک ئیدارەی خۆسەر دامەزرا، هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک کە ئامانج لێی شکستپێهێنانی ئیدارەی خۆسەر بوو، بە ناوی سوپای ئازاد، جەبهەت نوسرە و چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شارەکانمان، بەڵام بە بەرخۆدانی کۆبانێ و خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، داعش تێکشکێندرا.

 

"ژنان پێشەنگ بوون و شۆڕش سەرکەوت"

فەلەک یوسف سەرنجی بۆ ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان لە شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا ڕاکێشا و بەم شێوەیە قسەی کرد: ئێمە وەک گەلی کورد دەمانەوێت خۆمان بەڕێوەببەین، دەوڵەتی تورک و هێزە هەژموونخوازەکان پاڵپشتی چەتەکانی داعشیان کرد بۆ لەناوبردنی نەتەوەی دیموکراتیک، بەڵام شکستیان هێنا، بە بەرخۆدان و قوربانیدانی زۆری گەل، کە نەک هەر خەڵكی ڕۆژئاوا، بەڵكو خەڵكی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەواوی لە دەستی داعش ڕزگاریان بوو، ئەو شارانەی كە ئازاد كران ئەنجوومەنی خۆیان دروستكرد، چونكە شۆڕشی ڕۆژئاوا لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەكرا گرنگترین ڕۆڵ ڕۆڵی ژنان بوو، ئەمەش هۆکاری سەرکەوتن و دەستکەوتەکان بوو.

 

"بێدەنگی هێزە هەژمونخوازەکان ئاشکرای دەکات کە بەڵێنێک هەیە"

فەلەک یوسف باسی لە بێدەنگی هێزە نێودەوڵەییەکان کرد و وتی: هەندێک هێز بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەرمان، بەڵام زۆرێک لە هێزەکان بە نهێنی دوژمنایەتیمان دەکەن، ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات نابێت، بەڵام لە لایەنی دیکەوە ڕێگری ناکات، هێزەکانی ڕووسیا دەیانەوێت قەسەدە بخەنە ژێر ڕژێمی بەعسەوە، هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خەڵکی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج و منداڵان و ژنان و گەنجان دەکوژێت، ئێمە وەک خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیارمان هەیە، دامەزراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ دەبێت بە ویژدان و ئەخلاقەوە ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن، بەو پێیەی ڕێککەوتنی لۆزان کۆتایی هاتووە، نەخشەیەکی نوێ دروستدەکرێت پێویستە ئاگاداری ماندووبوونی شەهیدەکانمان بین و مێژووی خۆمان لەم نەخشەیە پێناسە بکەین.