عێراق، لە نێوان شکستی سیاسی و ململانێی عەشیرەتدایە
گرژی و ئاڵۆزییەکان لە عێراق لە زیادبووندایە، لە چوارچێوەی لایەنە سیاسییەکان دەرچووە و بووەتە شەڕی عەشیرەت، ئەو حوکمەتەی لە عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە پێکهێنراوە شکستی هێناوە و ئەو دیموکراسییەی لە عێراقدایە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازیی خەڵک بێت
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی هەینی لە درێژەی چالاکی و ناڕەزەیەتییەکان دەیان هەزار کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕان لە ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا نوێژی هەینییان ئەنجامدا، گۆڕەپانی نوسور لە پایتەخت شاهیدی خۆپیشاندانی چالاکوانان بوو کە بۆ جەختکردنەوە لەسەر داواکارییە جەماوەرییەکان گردبوونەوە.
گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان لایەنە جیاوازە سیاسی، مەزهەبی و عەشیرەتەکانی عێراق بەدیدەکرێت، جاران لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی نەتەوەیی کۆدەبوونەوە و دانوستانیان دەکرد و تا ڕادەیەک هەماهەنگی هەبوو بەڵام ئێستا چوارچێوەکان گۆڕاوە و کۆبوونەوەکان پێکدێت لە بەرەکانی شیعە، سوننە و کورد و هەروەها تورکمانەکان.
ئەو حوکمەتەی لە عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە پێکهێنراوە شکستی هێناوە و ئەو دیموکراسییەی لە عێراقدا هەیە ناتوانێت حکومەتێک بهێنێتە کایەوە کە وەڵامدەرەوەی داخوازیی خەڵک بێت و ئێستا لە عێراق رێژەی هەژاری مەترسیدارە و بەردەوام لە زیادبووندایە.
دۆخی سیاسی لە عێراق ئیفلیج بووە
تا ئێستا دۆخێکی ئیفلیجی زاڵە بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بەو پێیەی هێزە سیاسییەکان زیاتر لە ١٠ مانگ دوای هەڵبژاردنەکان نەیانتوانی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆمار هەڵبژێرن ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی عێراق بەدیبهێنن، لە شرۆڤەی بەردەوامی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی پێیان وایە جیاوازییەکانی ئێستای نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدری ڕەنگدانەوەی ئەوەی نییە کە شەقام بەڕاستی چی دەوێت، چونکە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بەدوای بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەتدا دەگەڕێن زیاتر لەوەی بەدوای دەستکەوتی نیشتیمانی بگەڕێن بۆ گەلی عێراق.
ئەو چینە سیاسییەی کە لە دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ ئەرکی کارەکانی ڕاپەراندن و سیاسەتییان گرتووەتە ئەستۆ بۆ بەردەوامبوون لە دەسەڵات سەرەڕای شکستەکانیان بۆ چەندین جار، بووەتە هۆی رێگری لە هەر پێشکەوتنێک لە پرۆسەی سیاسی عێراق و ئەمەش بە هۆکاری ناسەقامگیری وڵات دادەنرێت.
لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا لە ئێستادا ململانێی نێوان دوو بلۆکی شیعە لەسەر بەرژەوەندییە سیاسییەکان دەگوزەرێت، و هیچ یەكێك لە رەوتی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی پرۆژەی نیشتمانیی یەكگرتووی عێراقیان نییە، قەیرانی متمانە لەنێوان زۆرێک لە هێزە مەدەنییەکان و رەوتی سەدرییشدا هەیە.
لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکەدا هێزە دیارەکانی شیعە وەک بلۆکی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو نەیاری سەرەکی موقتەدا سەدر و بلۆکی فەتح کە نوێنەرایەتی کۆکردنەوەی جەماوەری دەکات، کە فراکسیۆنی دڵسۆزی ئێران لەخۆدەگرێت.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی کە تێیدا سەدان کەس کوژران و دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، خوازیاری رۆیشتنی چینی سیاسی و نەهێشتنی گەندەڵی و فراوانکردنی کاریگەریی ئێران لە عێراق بوون، ڕەوتی سەدری سواری شەپۆلی داواكارییە جەماوەرییەكان و دوژمنایەتیی ئێرانە، بەڵام دەیەوێت بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی و بەهێزکردنی پێگەی تایبەتی خۆی.
لایەنە سیاسیەکان هەوڵدەدەن جەماوەر لە شەقامدا کۆبکەنەوە، بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە ئەو خۆپیشاندانانەی گۆڕەپانی نوسور کە ڕۆژی هەینی بە سەدان کەس ئامادەی بوون، پشتگیری لە داخوازییە جەماوەرییەکان دەکات، بەشێکی دیکەش پێیان وایە ناڕەزایەتییەکانی شەقام لە ژێر کاریگەری لایەنە سیاسییەکاندایە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەتی خۆیانە و لەوانەیە داواکارییەکانی بزووتنەوەی سەدری کاریگەری لەسەری هەبێت بۆ زیادکردنی گوشارەکان، سەدر هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی و ئەو هەوڵەی دەستپێکردووە لە خۆپێشاندان و مانگرتنی سەر شەقام، کە یەکێکە لە رێگەکانی کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پەنای بۆ دەبات.
ڕەوتی سەدر، پێداگری دەکات لەسەر بەربژێرکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران
نۆ مانگە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە حکوومەت پێکبهێنرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گرژییەکانی عێراق ڕوو لە زیادبوونە، لەنێوان هەریەکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدردا ناکۆی سەری هەڵداوە بۆ ئەوبەرەیەی بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە و هەڵوەشاندەنەوەی پەڕلەمانی کردووە و ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لەو دۆخەی عێراقی تێکەوتووە دەبینێت، بەڵام بەشێک لەسەر کردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە بریتین لە نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق داوکەی سەدر رەتدەکەنەوە.
دوای ئەوەی سەدر ئەندام پەرلەمانەکانی کشاندەوەو ڕێگای نەدا کە لەسەر بنەمای زۆرینە حوکمەت پێک بهێندرێت، پاشان پەنای برد بۆ بەکارهێنانی بەرەی شەقام چونکە هێزی جوڵاندنی ئەو بەرەی هەیە، دوو هۆکار سەدری نیگەران کردبوو کە بە نادیدە گیرابوو لە چوارچێوەی هەماهەنگی، چونکە بەزوویی شوێنی پەرلەمانتارەکانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕکرایەوە، دووەمیش سەدر بە بێئەوەی ڕاوبۆچوونی وەربگیرێت محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەربژێرکرا. لەکاتێکدا سەدر، جەعفەر سەدری بەربژێر کردبوو پێش راگەیاندنی وەکو بەربژێر گفتوگۆی لەسەرکردبوو.