"یەکدەنگی و یەکگرتنی گەلی کورد دەتوانێت پەیماننامەی لۆزان هەڵبوەشێنێتەوە"
پەیماننامەی لۆزان پارچەبوونی کوردستانی لێکەوتەوە و لە گەڵیدا گەلی کورد چەوساندنەوەیەکی زۆری بینی، سارا ڕەزاش دەڵێت: یەکگرتنمان دەتوانێت ئەو پەیماننامەیە هەڵبوەشێنێتەوە.
شیرین ساڵح
سلێمانی-گەلی کورد بە درێژایی مێژوو زوڵمی لێکراوە و چەوسێندراوەتەوە لەلایەن دوژمنانەوە، لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣دا پەیماننامەی لۆزان بەسترا، کە تیایدا پارچەبوونی کوردستانی لێ کەوتەوە، پەیماننامەکە لە ١٤٣ ماددە پێکهاتبوو لە هیچ بەشێکیاندا ناوی کورد نەهاتووە و هیچ بۆچوونێک بۆ مافە سیاسیەکانی کوردی تیادا بەرجەستە نەبووە، لە ماددەی ٣٧ی پەیماننامەکەدا هاتووە، کە تورکیا مافی دەرکردنی هەر بریارێکی هەیە دژی بەرژەوەندییەکانی بێت.
"دوژمنان ویستیان لە ڕێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە کورد قڕ بکەن"
سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، پەیماننامەی لۆزان ئەو پەیماننامە شوومە بوو کە بەسەر کورد و پارچەبوونی کوردستاندا هات، ئەو پەیماننامەیە نکۆڵی کردن بوو لە ماف و ناسنامەی کورد و سڕینەوەی لە مێژوودا، دوای ١٠٠ ساڵ نەک نەیانتوانی کورد قڕ بکەن، بەڵکو کوردێکی نوێ بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە دایکبووەوە و لە ناویشیاندا ژنان پێشەنگایەتی بۆ ئەو تێکۆشانە دەکەن، چارەکە سەدەیەکە ئەو تێکۆشانە بەردەوامە و دژی ئەو پایماننامە شوومانە وەستاوەتەوە، کە گەلی کوردی پارچە پارچە کردووە و وای کردووە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالیدا گۆشەگیری بخرێتە سەر، ئەمانەش هەمووی درێژکردنەوەی پەیماننامەی لۆزانە.
"دەتوانین بە بەرخودان پەیماننامەی لۆزان هەڵبوەشێنینەوە"
سارا ڕەزا ڕوونی کردەوە، تاکەکانی کورد بەردەوامن لە خەباتکردن لەناو زیندانەکانی دوژمندا، ئەمڕۆ کوردێک لەدایکبووە کە خیانەت و خاکفرۆشی نازانێت و پارێزگاری لە ناسنامەی خۆی دەکات، ئیمە کارێکی وامان کردووە ٢٤ی تەمموز پێداچوونەوەیەک بە پەیماننامەی لۆزاندا بکرێت، کە کورد خاوەنی چی پرۆژە و فەلسەفەیەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەتوانین ئەو پەیماننامەیە هەڵبوەشێنینەوە بە بەرخۆدانی ئەو کورد پەروەرانەی لە شاخەکان دەجەنگن.
وتیشی: ئێمە نامانەوێت ئەو پەیماننامەیە کۆتایی بێت، چونکە تا بستێک لە خاکەکەمان داگیر کرابێت و تا ژن ئازاد نەبێت ئەو پەیماننامەیە شکست ناهێنێت، لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە وڵاتانی دەرەوە کۆنفرانس بەڕێوە دەچێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان، ئەمەش لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە و شکستی دوژمنانی کوردە.
"ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان"
سارا ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو، کورد تا ڕێبەرێکی وەکو عەبدوڵا ئۆجالانی هەبێت خیانەت و خۆفرۆشی نازانیت، لە ئیستادا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پێشەنگایەتی دەکەن و ئەمەش وای کردووە مێژووی ڕاستەقینەی ژن بزانین، ژنانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ ئەوەی ئەو پەیماننامەیە هەڵبوەشێنینەوە، داواش لە حزبە سیاسیەکانی باشووری کوردستان دەکەم بێنە لای یەک و یەکبگرن لەم کاتەدا، چونکە مەترسیەکی زۆر لەسەر خاکی ئێمە هەیە، بۆیە یەکدەنگی و یەکگرتنی ئێمە دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی پەیماننامەی لۆزان.