کەرکوک و هەرێم لە بەردەم پلانی داگیرکاریی و هێڵی خیانەتدا
ئەو چاوەی هەمیشە لەسەر داگیرکردنی کەرکوکە، پلانەکانی بۆ تێکدانی ئارامی شارەکە قورستر کردووە و هەوڵدەدرێت لەڕێگەی خیانەتەوە ناسنامەی کورد لەو شارە لەناو ببرێت.
لاڤە کوردە
سلێمانی- بە درێژایی مێژوو کەرکوک لە بەردەم خەونی داگیرکەران بووە و هەوڵدراوە پێکەوە ژیانی گەلان و بە تایبەت ناسنامەی کورد لەو شارە نەمێنێت، لە ئێستادا پلانی قورس لەسەر کورد و کەرکوکییەکان هەیە، ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكرا، ئێستا گەورەترین مەترسین لەسەر پرسی نەتەوایەتی، سەد ساڵە "تورکیا، ئێران، سووریا، عێراق" كورد دەچەوسێننەوە و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بەیەكەوە پلانەكانیان لەسەر نەتەوەی كورد جێبەجێ دەكەن.
ئەو چوار وڵاتە داگیرکەرە كاردەكەن بۆ تێكدانی ماڵی كورد و دروستکردنی جیاکاری لەنێوان نەتەوەکانی کەرکوک کە چەندین ساڵە پێکەوە دەژین، بینیمان گرژییەکانی سەرەتای ئەیلوولی ئەمساڵ بۆ فەرامۆشکردنی نەتەوەی کوردی ڕەسەنی شارەکەیە و بە تورک و عەرەب کردنییەتی.
گرژییەکە چۆن دروستکرا؟
بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان عێراق، پەدەکە و تورکیادا هەیە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگایانەی پەدەکە کە لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ جێیان هێشت، بەڵام دژی گەڕانەوەی پەدەکە لە سەرەتای ئەیلوول گرژی لە کەرکوک دروستبوو، کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
لە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکان تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، شارەکە لە بنەڕەتدا زێدی تورکمانەکانە و ڕێگە نادەن ئارامی ئەو جوگرافیایە تێکبچێت، هەروەها بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵنی سەرۆکی میتی ڕاگەیاند، لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی کەرکوک بن و بۆ ئەوەش پەیوەندیان بە خێزانی بارزانیەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.
وتەکانی ئەردۆغان دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک وەک خاوەنی کەرکوک دەبینن و تورکمانەکانیشی وەک ڕەسەنترین دانیشتووی شارەکە پێناسە دەکەن، بەشێک لە بەرپرسانی عێراقی هاتنە دەنگ و وەڵامیان دایەوە و کەرکوکیان وەک شارێکی عێراقی بەناو کرد، بەڵام هیچ بەرپرسێکی هەرێم وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی نەدایەوە.
بێدەنگی دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێم، پێمان دەڵێت کە دەوڵەتی تورک ئامانجەکەی بەدیهێناوە و هێڵی خیانەتی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.
ڕەوشی هەرێمی کوردستان
ئەو هەرێمەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە بوونی هەیە، دوای ٣٣ ساڵ پێگەیەکی لەقی هەیە، بێ هیوای و بێزاری خەڵك بەرامبەر دەسەڵات و حزبەكان لە لوتكە دایە، بێ باكی، كەمتەرخەمی و دەست تێکەڵاوی دەسەڵات لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەر گەورەترین مەترسین بۆ سەر قەوارەی هەرێم، هەروەها هەرچەندە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە حكومەتی فیدراڵی، بەڵام قوڵبوونەوەی كێشەكان و نەمانی گفتوگۆ و ديالۆگ لەگەڵ عێراق، دۆخەکە بەرەو مەترسى دەبات، دەسەڵاتدارانى هەرێم لەبری پاراستنی سەروەری خاکی هەرێم و گەلەکەیان لە باشوور لە چنگی دوژمنان، بوونەتە چاوساغی داگیرکەریی و هەر ڕۆژ زیاتر هەرێمەکە ڕادەست دەکەن.
ههرێمی کوردستان له چهندین ڕوانگهوه پێگهیهكی دهگمهنی ههیه بۆ تورکیا، بهبێ سامانی سروشتی کوردستان، تورکیا ناتوانێت له گهشەکردن بهردهوام بێت و ئابووری تورکیا له قهیراندا دهبێت، بەبێ هەرێم تورکیا له نهوتی عێراق بێبهش دهبێت و داهاتووی پڕ قهیرانتر دهبێت، چونکە تورکیا خۆی هیچ سهرچاوهیهكی ئەوتۆی وزهی نیه، ئهم هۆکارەش کاریگهری لەسەر داڕشتنی شێوازی پهیوهندی تورکیا به ههرێمهوه هەیە و گرێبهستی نێوان تورکیا و ههرێم زیاتر له قازانجی تورکیایە و باڵادهستی تورکیا پیشان دەدات بهسهر شێوازی گرێبهستهکاندا، مهرجهکانی خۆی وەک ههرزانی و فشاری سیاسی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت.
گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانی، کەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لە وتارێکدا بەبێ خستنەڕووی هیچ وردەکارییەک، ڕێککەوتنێکی ٥٠ ساڵەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان بوو له كێڵگه نهوتییهكانهوه بۆ بهندهری جەیهان لهسهر دهریای ناوهڕاست، تا بە خاکی تورکیادا تێپەڕێت.
هەر گرێبەستێک کە لەلایەن حکومەتەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، بەڵام ئەم گرێبەستە ٥٠ ساڵەییە، نەک پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەنانەت عێراقیش هیچ ئاگادارییەکی لە گرێبەستەکە نەبوو، هەربۆیە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵای دژی توركیا تۆمار كرد، داوای قەرەبوونی ٢٦ ملیار دۆلاری بەهۆی كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ مۆڵەتی حكومەتی عێراق لە تورکیا کرد.
حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی کاردانەوەی هەبوو، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، قەیرانی دارایی ڕووی لە هاوڵاتیان کرد، پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە دەستیپێکرد، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرا، ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک پێویست نەدراوە، بەدەر لەمانە داگیرکاری دەوڵەتی تورک زیادی کردووە و تۆپبارانکردنی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی لە فراوان بووندایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر تۆپبارانەکان بێدەنگە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک دەست دەخاتە خاکی هەرێمەوە.
مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم
لە ١٢ی ئەیلوولدا، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی دەقی نامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاشكرا كرد، کە تیایدا داوای ھاوکاری و بەدەمەوە هاتنی کردووە و ترسی لە ڕووخان و ھەرەسی ھەرێمی کوردستان نیشان داوە.
نامەکە بەخێرایی بووە ڕۆژەڤی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تیایدا مەسروور بارزانی باسی لە خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم کردووە و نووسیویەتی: خوێن لە جەستەمان دەڕوات، لەوەتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمم، بە هێندەی ئێستا هەستم بە فشار و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەكردووە.
بەم شێوەیە نیگەرانی و نائومێدیەكی زۆری بە چارەسەری ئەو كێشانە نیشانداوە كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، یاسای نەوت و غاز و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان و پرسی چەک کردنی حزبەکانی ڕۆژھەلاتی کوردستان و داگیرکارییەکانی تورکیا، لە دیارترین ئەو بابەتانەن کە بوونەتە خاڵی ناکۆکی فشاری ئێران، عێراق و تورکیا لەسەر ھەرێمی کوردستان.
ئاسۆ ڕوون نییە و نیگەرانی خەڵک زیادی کردووە
حکومەتی هەرێم هەڵەی زۆر گەورەی کردووە کە چارەسەرکردنیان زەحمەتە، بە تایبەتیش لەم سەردەمەدا کە تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵک لە لوتکە دایە، هەموو قەیرانە کەڵەکەبووەکان لە سیاسەت و ئابووری سەربەخۆ و شکستی ئیدارەدان دایە، بەرتەسککردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ، دەسەڵاتی هەرێمی خستووەتە دۆخێکی چارەسەرنەکراو، هەر بۆیە دەبینین مەترسی ڕاستەقینە لەسەر قەوارەی ھەرێم و گەمارۆی ناوچەیی لەسەر ئەزموونی کوردستان ھەیە.
بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین سەرکردە و لایەنی سیاسی داوای یەکڕیزی ناو ماڵی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام ئاسۆیەکی ڕوون لەلای هاوڵاتیان نییە و تادێت دڵەڕاوکێ و نیگەرانی خەڵک ڕوو لە زیادبوونە.