بە ئیرادە و ڕێکخستن، ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرکەوتوو دەبێت.

دەنگدانەوەی ڕاپەڕینی ئێران لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە، ژنانیش لە ڕێگەی بەرخۆدان و خەباتی خۆیانەوە توانیان ڕاپەڕین بەرەو سەرکەوتن ببەن، لەپێناو شکاندنی ئەو کۆتوبەندانەی کە ڕژێمی ئێران بۆ ژنانی دانابوو.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- شیراز حەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان، دووپاتی کردەوە کە بە یەکڕیزی ژنان و ڕێکخراوەکان، ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، سەرکەوتوو دەبێت.

 

شیراز حەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: ڕووداوی کوشتنی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق گۆڕا بۆ پریشکی ڕاپەڕین لە ئێران، ئەم ڕاپەڕینە دەرئەنجامی ئەو ساتەوەختە نەبوو، بەڵکو درێژکراوەی ڕاپەڕینەکانی پێشووترە کە ئێران لەژێر دەسەڵاتی پاوانخوازی و دیکتاتۆریدا سەرکوتی کردبوو، دواتر ڕاپەڕین بووە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو سیستمە نادادپەروەرانەی کە گەل و بەتایبەت ژنانی دەچەوساندەوە.

 

شیراز حەمۆ وتی: هەر کەسێک دژایەتی سیاسەتی ستەمکار و دیکتاتۆر بکات کە ڕژێم بەڕێوەی دەبات و هەڵوێست دەرببڕێت، تووشی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و هەندێکجاریش تا ئاستی لەسێدارەدان دەبێتەوە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕین کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژنان بەشداری خۆپیشاندانیان کرد، هەموو توێژەکان بە تەمەن و گەلی جیاوازەوە، بە ئیرادەوە ڕۆڵیان لە ڕاپەڕیندا گێڕا، چونکە باوەڕییان هەیە کە دەبێت واقیعی ئێران بگۆڕدرێت تا وڵات بتوانێت چێژ لە ئازادی و یەکسانی وەربگرێت و ئیرادەی خۆی هەبێت کە نوێنەرایەتی دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک دروشمەکە بە وشەی 'ژن' دەستی پێکرد، زۆر باش دەزانین کە ژنان ڕۆڵێکی مێژووییان هەبووە لەو گەشەکردنەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، کاتێک داوای ژیانیان دەکرد و دەیانویست چێژ لە ژیانی ڕاستەقینەی دوور لە سیاسەتی دەوڵەتە پاوانخوازەکان وەربگرن، کە حەقیقەتی لێ زەوت کردوون، کاتێک دەیانگوت ئازادی بەو واتایەیە کە ژیان بەبێ ئازادی نییە، بۆیە ژنان خۆیان دۆزیەوە و ڕۆڵی خۆیان لە ژیاندا بینی، بۆیە شۆڕش لەپێناو بەدەستهێنانی واتای "ژن، ژیان، ئازادی" بوو، بۆ ئەوەی ئێمە چێژ لە ژیانێک وەربگرین کە دادپەروەری و یەکسانی، ئاشتی و پێکەوەژیان تیایدا زاڵ بێت.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا ئیلهامبەخشە بۆ هەموو ژنان

شیراز حەمۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان لە ئێران کەوتوونەتە ژێر کاریگەری شۆڕشی ڕۆژئاوا و لە دژی دەوڵەتی ئێران ڕاپەڕین و بە کوشتنی ژینا ئەمینی ڕاپەڕین دەستی پێکرد، وتیشی: ڕاپەڕینی ژنان لە ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد، ئەمەش بەڵگەیە کە کاریگەری شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش هەبووە، دەستکەوت هەن کە ڕۆڵیان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا هەبووە، ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگەیە، ئەمەش ئەوەیە کە بە شێوازی نوێی بەرخۆدان و تێکۆشان ناسراوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا کاریگەری خۆی لەسەر ئاستی جیهانیش هەبووە، بۆیە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەموو جیهانی گرتووەتەوە و لەلایەن ژنانەوە دووبارە دەکرێتەوە و باوەڕیان بەوە هەیە، کە ڕێگای ئازادی بە تێکۆشانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تێدەپەڕێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، "ژنانی جیهان بە ڕێکخستنی ڕێپێوانی شەرمەزاری یان قژبڕین، هاوسۆزی ڕاپەڕینی ئێران بوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرهەڵستی ژنان بەرامبەر ڕژێمی ئێران کە دژی ژینا ئەمینی و هەموو ژنان لە چوارچێوەی حیجابدا ئەنجامی دەدات، وەک ژنان دەبێت لە هەر شوێنێک بن پشتگیری یەکتر بکەین، بە بەرزکردنەوەی دەنگی خۆمان بۆ ئیدانەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە لە دژی ئێمە پراکتیزە دەکرێن، لە ڕێگەی بەرخۆدان و خەباتەوە دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین، ئەزموونی خۆمان لە ڕۆژئاوا باشترین نموونەی ئەمەیە، لە ڕێگەی ئەو ئاڵنگارییەی کە ئێمە لە ڕێگەی خەبات و ڕێکخستن و ئیرادە بەسەریدا زاڵ بووین، توانیمان دەستکەوتی گەورە بۆ شۆڕشەکەمان بەدەست بهێنین.

 

شیراز حەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان لە ئێران دەبێ خۆیان ڕێکبخەن، پێداگری بکەن و بە گەیاندنی دەنگی خۆیان بە هەموو جیهان بەرخۆدان بکەن، لە ڕێگەی ئەو میراتە گەورەیەی کە ژنان خاوەنیانن، ڕاپەڕینی ئێران بە ناچاری سەردەکەوێت.