سنور ڕەحمان: شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی گۆڕانکاری بونیادی مەودا درێژی هزرییە

شۆڕشێک لە پێناو ئازادی و نەهێشتنی دەسەڵات بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدرێت بێگوومان بەرخۆدانی دەوێت، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: شۆڕشی ژینا ئەو شۆڕشە بوو ژنان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەخت دەکرد.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵێک بەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕدەبێت، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، لە تارانی پایتەختی ئێران بە بیانووی حیجابەوە دەستی پێکرد، شۆڕشەکە بووە جیهانی و هەمووان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە، شۆڕش بە بیانووی حیجاب دەستی پێکرد، بەڵام خواستی گەل گەورەتر بوو، کە ئامانجیان لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە بوو، زیاتر لە ٤٠ ساڵ حوکمی وڵاتەکەی دەکرد و هەموو ئازادییەکانی ژنان و کۆمەڵگەیان زەوت کردبوو، بۆیە شۆڕش بووە هیوای ژنانی بێ هیوا لە بەرامبەر سیستمی دەسڵاتی پیاوسالاریدا.

 

"شۆڕشی ژینا هێندەی هەموو تەمەنی ڕژێم کاریگەری لەسەر ئیرادە و نزیکبوونەوەی یەکێتی گەلان لە ئێران هەبووە"

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، دەربارەی شۆڕشی ژینا ئەمینی و تێکۆشانی ژنان و ئەو کاریگەرییەی هەیبووە لەسەر ژنان لە جیهان و چوار پارچەی کوردستاندا، ڕوونیکردەوە، ساڵێک بەسەر شۆڕشی ژینا ئەمینی تێپەڕی بەڵام بە هێندەی هەموو تەمەنی ڕژێم کاریگەری لەسەر ئیرادە و نزیکبوونەوەی یەکێتی گەلان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەمووان دەزانن بارودۆخی ئێران لە پاش هاتنە سەر حوکمی سیستمی داپڵۆسێنەری ئێران زەحمەتی زۆری بینیوە، بەتایبەتی کورد، جگە لەوەی ئێران بۆ خۆی سیستمێک لە ناوخۆیدا جێبەجێدەکات، هەمیشە سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەری لەسەر ئەو دەوڵەتە کردووە، وەکو پارچەیەکی دابڕاوی سیستمی جیهانی هەمیشە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ ئێران کراوە، هەر مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ ئێراندا کرابێت، گەلانی دیکەی ناو ئێران بەتایبەتی گەلی کورد باجەکەی داوە.

 

"زوڵمی چەندین ساڵەی ڕژێمی ئێران بووە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا"

سنور ڕەحمان ئاماژەی بەوەدا، سەختی بارودۆخی کورد و گەلانی دیکە لە ئێران زەمینەی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی شۆڕسی ژینا ئەمینی بوو، چونکە بە نزیکەیی ٤٠ ساڵە گەلانی ناو ئێران بەهۆی سیاسەتی برسیکردن، سەرقاڵکردنیان بە مادەی هۆشبەر، دروستکردنی بەربەرەکانی ناو گەلان ئێران دیکتاتۆریانە سیاسەتی جێبەجێکردووە، بۆیە شۆڕشی ژینا لە چەندین لاوە ئەم سیاسەتانەی سەرەوژێر کرد بەتایبەتی مەترسی خستە سەر دەسەڵاتی چەندین ساڵەی ئەو دەوڵەتە.

 

دەربارەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت؛ دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەوە باڵاترە کە خەڵک تەنها داوای ئازادی بکات، دروشمێکە ئامانجی ئازادبوونی ژنە لەو ئاستەی ژن نمایندەی هەبوونی خۆی بکات، بتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە سیاسەت، جڤاک، کولتوور و فەرهەنگی گەلان لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکرد ئەو دروشمە ببێتە دروشمی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان و تەواوی جیهان.

 

"دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بووە دروشمێکی نێودەوڵەتی لە جیهاندا"

سنور ڕەحمان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پرسی ئیکۆلۆژی و پرسی ژن دوو پرسی جیهانین ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تەواوی ژنان و ئازادیخوازان لەناو جەرگەی پەرلەمانەوە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان دەوتەوە، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەموو دروشمە جیهانییەکان نێودەوڵەتی ترە، تەنانەت بە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنساشەوە کە باس لە کار و ئازادی و بژێوی ژیانیان دەکرد، بەڵام لەوە باڵاتر هەبوونی ژنێکی ئازادە بۆ چارەسەرکردنی کێشە فکری و مەزهەبییەکان.

 

دەربارەی درێژەپێدانی ئەم شۆڕشە لە باشووری کوردستانەوە سنور ڕەحمان ڕوونیکردەوە، وەک ڕۆژهەڵات و تەواوی جیهان بەهەمان شێوە لە باشووری کوردستان ژنان گرفتیان هەیە، نوێنەرایەتی ژن نییە، ئەجێندایی حزبی دەبینرێت، تا ئێستاش کاریگەری کۆمەڵگە بەسەر ژنانەوە دیارە، ژنان لە باشوور هەمان ئەو گرفتانەیان هەیە کە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیانە، لە ڕووی خێزان و بەشداریکردنیان لە کایەی سیاسی و داواکردنی ئازادی و مافەکانیان، بۆیە ژنان لە باشوور پێویستە ناکات دوور بڕۆن و هەوڵی خوێندنەوەی تێکۆشانەکانی ژنان بدەن لەو پارچەیە، بەڵکو بە خوێندنەوە بۆ دۆخی ژیانی خۆیان و بینینی بەربەستەکانی بەردەمیان دەتوانن بگەنە ئەو بیروباوەڕیەی شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی هاوبەشە، پێویستە هاوشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم شۆڕشە لە باشووریش سەرهەڵدات، چونکە مەترسیەکان گشتگیرن و سیاسەتی دەڵەتانی داگیرکەر وەک تۆڕێک وایە و هەمیشە دەستوەردانیان هەبووە لە سیاسەتی یەکتردا بەتیابەتی بۆ کوردستان.

 

هەروەها وتی: هەتا ئێستا پرسی ژن لە باشووری کوردستان چارەسەر نەکراوە و ژنان ئازاد نەبوون، پرسی ئابووری، سیاسی چارەسەر نەکراوە بە ئێستاشەوە چەواشەکاری، قۆرخکاری و مامەڵەکردن بە چارەنووسی گەلەوە بوونی هەیە و پرسی نەتەوەی چارەسەر نەکراوە، بۆیە بیرکردنەوە و بیروبۆچوونێکی هاوبەش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا سەردەخات.

 

"ژنانی میدیاکار دەبێت میدیا وەک ناوەندێکی بەرخۆدان تەماشا بکەن"

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕوونیکردەوە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، شۆڕشێکی گۆڕانکاری بونیادی مەودا درێژی ئەقڵییە، ئامانجی نییە ئەم دەسەڵاتە وەلانێت و دەسەڵاتێکی دیکە بهێنێت، بەڵکو ئامانجیەتی خودی دەسەڵات نەهێڵێت، ئەو هەوڵەیە کورد لە دوای ٤٠ ساڵ لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان و فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکردووە، بۆیە گرنگە بزانرێت دەرەنجامەکانی لە ماوەی ساڵێکدا ناتوانرێت بەدی بکرێت، چونکە بە دەیان نەوە لەسەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری پەروەردە کراوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سنور ڕەحمان باس لە بەرپرسیارێتی میدیا دەکات کە، یەکێک لەو ڕێگایانەی دەتوانێت دەرەنجامی سەرهەڵدانەکە زووتر بخاتە ڕوو، توانای کاریگەری فراوانی لەسەر کەسێتی مرۆڤ هەیە لە سەرانسەری جیهان، بۆیە دەڵێت: میدیا دەتوانێت هەموو ڕایەڵەکانی پەیوەندییە جیهانییەکان پێکەوە کۆبکاتەوە، ئەمەش وایکرد شۆڕشی ژیان هێندە تەشەنە بسێنێت، میدیا دەتوانێ پێشێلکارییەکان بگەیەنێتە دادگا نێودەوڵەتییەکان، پێویستە ژنان بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس خاوەنداریەتی لە بوونی خۆیان بکەن و ئەو پەیامە بگەیەنییە تەواوی ژنان، بۆ ئەوەی چیتر ئاستی تاوانکاری دەوڵەتانی زلهێز لە بەرزبوونەوەدا نەبێت، بۆ ئەمەش ژنانی میدیاکار دەبێت میدیا وەک ناوەندێکی بەرخۆدان تەماشا بکەن.