"کوردبوون و ژنبوون پاساوە بۆ سەرکوتکردنی زیاتر لە ئێران"

فرمێسک ڕەزایی جەختی لەوە کردەوە کە ژنان هەڵگری زانست و پێشەنگی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"ن، بێگومان ئەم ڕاپەڕینە بێ ڕەچاوکردنی ماف و داواکارییەکانی ژنان سەرناکەوێت.

ژوان کەرەمی

 

ناوەندی هەواڵ- نزیکەی حەوت مانگ بەسەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێراندا تێدەپەڕێت کە گەلی کورد و ژنان تێیدا پێشەنگن و سەرەڕای بەردەوامی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" حزبەکان لە ئێران ژنانیان لە پۆستەکانی بڕیارداندا بەشداری پێنەکردووە و وەڵامی داواکارییەکانیان نەداوەتەوە.

 

لەسەر ڕاپەڕینی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانیان، فرمێسک ڕەزایی، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتی ڕێکخراوی ژنانی خەبات هەڵسەنگاندنی کرد.

 

ئایا ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی تیشکی خستەسەر دوو پرسی سەرەکی: ڕەگەز و ڕەگەزگەرایی؟

کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە دووجار سەرکوتکردن هەیە و ئەوەش کە خودی وشەی ژنی کورد دەتوانێت وەڵامێکی پرسیارەکەی تۆی تێدابێتەوە، بەڕای من خواستی ژنانی کورد تەواو دەتوانێت هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە، لە ئێران کوردبوون و ژنبوون پاساون بۆ سەرکوتکردنی زیاتر، بینیمان لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتانی چەوساوە سەریانهەڵدا، بەتایبەتی کوردستان، ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە ڕاپەرینی ئەم دواییەی کردە شۆڕش و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی ئامادەبوونی گەورەی ژنانە، نەک تەنیا لە ئێران بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا.

 

ژنان چ جۆرە گۆڕانێک دەخوازن؟ ئایا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تاکە خواستی ئەوان دژایەتیکردنی حیجابی زۆرەملێیە یان بیر لە گۆڕانکاری بنەڕەتی سیاسی و یاسایی و فەرهەنگی دەکەنەوە؟

وەک دەبینن ژنان ئاڵاهەڵگر و ڕابەری ئەم شۆڕشەن، بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و داخوازییەکانی ژنان ئەم شۆڕشە کۆتایی نایەت، نابێت خواستەکانی ژنان کەمبکەینەوە، دەبێت ژنان ڕۆڵیان لە سیاسەتدا هەبێت و مافی یەکسانیان هەبێت، پێویستە یاسای جۆراوجۆر دەربکرێت کە مافی ژنانی لە کەمترینەوە تا زۆرترین تێدابێت، دەمەوێت ئاماژە بەو کێشانە بکەم کە لەم چەند مانگەی دواییدا زۆر باسیان لێوەکراوە، ئەویش بابەتی ئازادی جل پۆشینە، من بە تایبەتی لەگەڵ ئەم داوایەی ژناندا ١٠٠٪ هاوڕام، چونکە بەڕای من ئەگەر ژنێک بۆ مافی خۆی کە ئازادی جلوبەرگە و بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆی داواکاری هەبێت، بێشک دەتوانێت لە داهاتوودا مافی خۆی لە کۆمەڵگەی باوکسالاری بەدەستبهێنێت، بەم هۆیەوە پیاوێک کە هەمیشە ئازادی پۆشینی هەیە ناتوانێت کۆنترۆڵی ئازادی ژن بکات بۆ پۆشین و بەکەمی بزانێت.

 

ئەم ڕاپەڕینە بە هۆی بوونی ژنانەوە بووە بە شۆڕش، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە ڕوونتر قسە لەسەر داهاتوو و پێگەی ژنان بکەین، من زۆر گەشبین نیم بە ئایندەی ژنان و تەنانەت لەگەڵ گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سیاسییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و کوردستاندا، بە تایبەتی کۆمەڵگەی باوکسالار پێناچێت بەو شێوەیە بگۆڕێت.

 

بەڕای تۆ ئەم ڕاپەڕینە دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕژێم یان نا، ئەگەر گۆڕانکاری سیاسی ڕیشەیی لە ئەنجامی ئەم شۆڕشەدا هەبێت چۆن ئایندەی ژنان دەبینیت؟

دۆزی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە و ڕۆحیەتێکی گەورەی شەڕکەرانەی هەیە کە تەنیا بۆ شۆڕشی ژینا سنووردار نییە، بەڵکو لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە مەیدانی شەڕدا ئامادە بووە، بەڵام لەسەر بابەتی بەلوچستان ئایدیۆلۆژی گەیشتووەتە لوتکە و ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە هێشتا ناکۆکی شەقام بەردەوامە و خەڵک دوای نوێژی هەینی ڕژانە سەر شەقامەکان، هەرچەندە ژنانی بەلووچی چالاک و ئازان، بەڵام بەداخەوە ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادەییان لاوازە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی تێگەیشتن لە ڕەگەز و ئایدیۆلۆژی، هەموو چین و توێژەکان لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادەن و توانیویانە ببنە پێشەنگی خەبات و شۆڕش و ڕۆڵی پێشەنگ ببینن.

 

زۆربەی خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان باس لە پێویستی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی گشتگیر و هەمەجۆر دەکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا، هەڵوێستی ڕێکخراوەکەت چیە لەسەر ئەو جۆرە هاوپەیمانیە؟

بەڕای من، دەستوور یەکێکە لە پێداویستیەکانی خەبات لەم کاتەدا، بە ئەرێنی سەیری ئەم بابەتە دەکەم، چونکە ئێمە لە ئێران ڕژێممان تێپەڕاندووە و ئێستا زیرەکی و هۆشیاری سیاسی باڵای کۆمەڵگە لەم دەستوورانەدا ڕەنگی داوەتەوە، داخوازیەکانی خەڵک و کۆمەڵگە زیاتر بە شێوەیەکی پێکەوەییانە و شەفافانە ڕەنگی داوەتەوە، لەم دەستوورانەدا ڕێکخراوەکان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە چوون و داوایان کرد کە سەرانی ڕژێم دادگایی بکرێن وەک باسم کرد ئێستا قۆناغی ناتەواویمان تێپەڕاندووە.

 

لەم ڕۆژانەدا ڕەخنەیەکی جدی لە حزبە کلاسیکەکانی کوردستان هەیە کە ژنانیان لە ئاستەکانی سەرەوەی سەرکردایەتیدا نییە، بۆچوونی تۆ چیە؟

کێشەی نەبوونی ژنان لە سەرکردایەتیی حزبە سیاسییەکان کێشەیەکی ئەم دواییە نییە، ئێمە لە ناوەندی هاوکاری حزبە کوردستانییەکانی ئێران کە لە دوو حزب پێکهاتووە، شایەتی ئەوە دەدەین، کۆمەڵە و حزبی دیموکراتیش لە کۆبوونەوە و کۆنفڕانس و سیمینارەکاندا ئێمە شایەتحاڵی زۆر کەممان بۆ ژنان هەیە و سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک ڕەخنە لەو کێشەیە گیراوە و بەردەوام ئەم پرۆسەیە بەردەوام بووە، بەڵام گرنگی بە ژنان نەدراوە، تیشک خستنە سەر ئامادەبوونی ژنان لەو کاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی ژینا، کە بە دروشمی "ژن، ژیان ،ئازادی" دەستیپێکرد و ئامادەبوونی چالاکانەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.