ڕێگای دڕکاوی بۆ نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی نوێی جەزائیر

لەنێوان یاسادانانی دەستوری و نەهامەتی ڕاستیدا، ڕاپۆرتی "بەشداری سیاسی ژنان" دەکەوێتە مەترسییەوە، کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت: بۆچی سندوقەکانی دەنگدان نەیانتوانیوە دادپەروەری بەرامبەر نیوەی کۆمەڵگە بکەن و بۆچی ڕێژەی ژنان لە ئەنجومەنەکاندا دابەزیوە؟.

ڕابیعە خریس

 

جەزائیر ـ لە دژبەیەکبوونێکی توندی سیاسیدا کە تێیدا مەودایەکی فراوان لە نێوان گروتینی بەڵێنە یاساییەکان و دەرەنجامە ڕاستەقینەکانی سندووقەکاندا دەردەکەوێت، ژنی جەزائیری تووشی پاشەکشەیەکی مێژوویی بێپێشینە بوو لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی کە لە دووی تەمووزدا بەڕێوەچوو، لە نێوان زیاتر لە دوو هەزار کاندیدی ژن کە چوونە نێو کێبڕکێی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، لە چوارچێوەی لیستی پارتە سیاسییەکان و سەربەخۆکاندا، تەنها ٢٣ ژنیان توانییان کورسییەکانی پەرلەمانی نوێ بەدەستبهێنن، لەگەڵ ئەگەری کەمبوونەوەیەکی کەمی ئەم ژمارەیە، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە قووڵانەی کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەوە ئەنجام دەدرێن.

 

پاشەکشەیەکی مێژوویی بەم شێوەیەی ژمارەی ژنان لە پەرلەمانی چاوەڕوانکراودا بووە ٢٣ پەرلەمانتار لە کۆی ٤٠٧ پەرلەمانتار، کە تەنها ڕێژەی لە ٥.٦٪ی پێکدەهێنن، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر لاوازە بە بەراورد بە پەرلەمانی پێشووی ٢٠٢١ کە کۆی ژمارەیان ٣٤ پەرلەمانتاری ژن بوو، کە ڕێژەی لە ٨٪ی پێکدەهێنا، سەرەڕای ئەوەی ژنان گەورەترین بناغەی نێوان دەنگدەرانی وڵات پێکدەهێنن بە ڕێژەی لە ٥٧٪ی کۆی گشتیی دەنگدەرانی تۆمارکراو لە لیستەکانی هەڵبژاردندا، واتە هاوتای نزیکەی ١٣ ملیۆن دەنگدەری ژن لە کۆی نزیکەی ٢٤ ملیۆن دەنگدەر بەپێی داتاکانی دەسەڵاتی سەربەخۆی هەڵبهژاردنەکان.

لە خوێندنەوەیەکی بابەتیانەدا بۆ ئاشکراکردنی پاشخانی ئەم پاشەکشەیە، نور هودا زویبی، چالاکوانی سیاسی و کاندیدی پێشووی ئەندامییەتی لە ئەنجومەنی گەلی نیشتمانی، پێی وایە قەیرانەکە لە نەبوونی لێهاتوویی ژناندا نییە، چونکە ژنی جەزائیری ئەمڕۆ ئامادەییەکی پێوانەیی و بازدانێکی بەرچاو لە بوارە جیاوازەکاندا تۆمار دەکات، وتی: نوێنەرایەتیی ژنان لە کەرتە جیاوازەکاندا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانەش دەرچووانی زانکۆ، فەرمانبەران، مامۆستایانی قوتابخانە و مامۆستایانی زانکۆ، بەڵام دژبەیەکبوونی سەرەکی لەوەدایە کە ئەم کشان و فراوانبوونە ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی توندی پەرلەمانی بووەتەوە.

 

میراسی کۆتا

نور هودا زویبی ئەم ناکۆکییەی نێوان فراوانبوونی کۆمەڵایەتی و بچووکبوونەوەی پەرلەمانیی ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار کە لە پێشەنگیاندا کاریگەرییە نەرێنییەکانی میراسی "کۆتا" دێت، وتی: ئەم سیستمە سەرەڕای ئەوەی بەشدار بوو لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئامادەیی ژنان لە بینای زیغود یوسف، بەڵام ئامادەبوونێکی پێشینەیی بەسەردا سەپاند کە بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی پێگەیشتوویی وەرگرتنی کۆمەڵایەتی نەبوو لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دەنگدەری جەزائیری بەجێهێشت کە ئەو سەردەمەیان بە ”پەرلەمانی جونکاری (زاراوەیەکی سیاسی و گەلی باو لە جەزائیر کە بە مەجاز بۆ پێناسەکردنی ئەو ئەنجومەنە پەرلەمانییانە بەکاردێت کە بێبەشن لە لێهاتوویی) ناوبرد"، وتی: ئەم میراسە قورسە بەربەستێکی دەروونی و کۆنەپەرستانەی پێکهێنا و هەموو ژنانی کاندیدی خستە بەردەم ئەرکێکی قورس بۆ وەرگرتنەوەی متمانەی لەدەستچوو.

 

ئەم ئاڵەنگاریانە بە ڕوونی لە ئەزموونی مەیدانیی ئەودا دەرکەوتن، هەر کە خواستی خۆی بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢ی تەمووز ڕاگەیاند، ڕووبەڕووی جیاوازییەکی بەرچاو بووەوە لە هەڵوێستەکاندا، کە دابەش ببوون لە نێوان دەنگێکی بێهیواکەر کە داوای لێ دەکرد لە "مەیدانی پیاوان" دوور بکەوێتەوە و ئاگای لە خێزانەکەی بێت، لە بەرامبەریشدا بەرەیەکی پشتیوانیی ژنان کە متمانەیان بە توانای هەبوو بۆ گۆڕانکاری، لەم بارەیەوە وتی: هەر کە بیرۆکەی خۆکاندیدکردنم خستەڕوو، ئەو کاردانەوانەی پێم گەیشتن دابەش بوون بەسەر دوو بەشدا، یەکەمیان تەواو نەریتی بوو، ئامۆژگارییان کردم کە سەرنجم تەنها لەسەر گرنگیدان بە خێزانەکەم بێت، لە بەرامبەردا بەرەیەکی بەهێزی پشتگیریی ژنان دروستبوو کە تێیدا ژنانی دەوروبەرم ئارەزووی ڕاستگۆیانەی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییان بکەم و دەنگیان بگەیەنمە ناوەندەکانی بڕیاردان.

 

ناکۆکی خێزانی

بە بڕوای ئەو، ئەم بەربەستە تەنها لە چەقبەستوویی بیرکردنەوە لە شەقامی گشتیدا ناوەستێت، بەڵکو ئەزموونی ژنان لە خۆکاندیدکردندا بەربەستی "خێڵەکی" و "ناکۆکی هۆزایەتی" پێدادەکێشێت کە هێشتا سێبەرە قورسەکەی بەسەر دیمەنی هەڵبژاردن لە چەندین ناوچەی وڵاتدا دەکێشێت، لەم چوارچێوەیەدا، ئەزموونێکی زیندوو لە پشت پەردەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ناو لیستی بزووتنەوەی ”النهضة"دا بە بیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا کاندیدێکی ژن ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند و فشارێکی زۆر بووەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە، تەنها بەهۆی هەبوونی خزمێکی کە هەمان نازناوی خێزانی هەڵگرتبوو لە مەیدانەکەدا.

 

لەژێر پەتی سێدارەی لۆژیکی "خێڵ دابەش دەبێت و دەنگەکان پەرت دەبن"، پەراوێزخستنێکی نەرم لە دژی ژنان پەیڕەو دەکرێت کە ناچاریان دەکات دەستبەرداری تەماع و خولیای سیاسیی خۆیان بن لە بەرژەوەندیی پیاواندا، بەو بەهانەیەی کە پیاو "توانای زیاتری هەیە بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان"، ئەمەش جیاکارییەکی زەق و فشارێکی چەواشەکارانەیە کە کاندیدی پیاو بە هەمان توندی ڕووبەڕووی نابێتەوە.

 

یاسادانانی ڕاستەقینە و جەنگی هۆشیاری

نور هودا زویبی بە دڵنیاییەکی تەواوەوە وتی: ئێمە بەدوای تەنها ژمارەدا ناگەڕێین بۆ ڕازاندنەوەی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان، بەڵکو بەدوای ئامادەبوونێکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێین کە خۆی بەسەر ڕاستیەکی کۆتکراو بە دابونەریت و وێنا چەقبەستووەکاندا بسەپێنێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی قووڵە کە پێویستی بە پێدانی کاتی پێویست هەیە بە کۆمەڵگە تا بە سروشتی خۆی بگۆڕێت و پێبگات، هەرورها یاسادانانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە سیستمێکی دادپەروەرانە بۆ هەمووان دروست بکات، دوور لە یاسادانانی دەسەڵاتخوازانەی سەرەوە کە دابڕاوە لە ڕاستی.

 

نەبوونی ئەم دادپەروەرییە بەڵگەی ئەو فشارە ترسناکە کە ژنانی جەزائیر لە کەرتە گرنگەکاندا تووشی دەبن، ئەمەش پێویستی پەلەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ژنان پشتڕاست دەکاتەوە کە توانای بەرزکردنەوەی ئەم ئازارە هەبێت بۆ بەرزترین ناوەندەکانی بڕیاردان و گۆڕینی لە دروشمێکی تەنها سیاسییەوە بۆ پێویستییەکی یاسایی بەپەلە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەیرانە پیشەیی و کۆمەڵایەتیانەی کە گەمارۆی ژنانی جەزائیر دەدەن.

 

لە پێشەنگی ئەم قەیرانانەدا، نور هودا زویبی ئاماژە بە کەرتی تەندروستی دەکات، کە تێیدا پزیشکە نیشتەجێبووەکان خۆیان لەبەردەم هاوسەنگییەکی پیشەیی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزدا دەبیننەوە، و بەڵگە بە "کاتی کارکردنی شەوانە" دەهێنێتەوە کە وەک کارێکی کۆمەڵایەتیی نامۆ و قبوڵنەکراو لەلایەن زۆرێک لە ژنانەوە دەمێنێتەوە، جگە لە گۆڕانی ئەم کاتی کارکردنانە بۆ ڕێکاری سزادانی نادادپەروەرانە کە پزیشکی نیشتەجێبوو لە کەمترین مافەکانی بێبەش دەکات، چونکە لۆژیکی و دادپەروەرانە نییە کە پزیشکێک ناچار بکرێت لە ماوەی یەک مانگدا ٥ کاتی کارکردنی شەوانەی تەواو ئەنجام بدات لە نێو سیستمێکدا کە بێ جیاوازی ستەم لە هەمووان دەکات.

 

ئەم کەموکوڕیانە تەنها لەناو دیواری نەخۆشخانەکان و دامەزراوە پزیشکییەکاندا ناوەستنەوە، بەڵکو درێژ دەبنەوە بۆ گرتنەوەی مافە سەرەکییەکانی ژنانی کرێکار و ژنانی ماڵەوە بە یەک شێوە، لێرەشدا بەڵگە بە "دەرماڵەی بێکاری" دەهێنێتەوە، دۆسیەیەک کە لە لایەکی ترەوە شاهیدی ناهاوسەنگییە لە دیدگا ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، پێی وایە ئاڕاستەکردنی دەرماڵەکە بۆ دایکی ماڵەوە وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینەیە، چونکە ئەو "یەکەمین و سەرەکیترین مامۆستایە لە کۆمەڵگەدا".

 

ئەم دۆسیە پڕ لە دڕک و کێشانە و دۆسیەکانی تریش، نور هودا زویبی، وتی: دڵنیایی ئامادەبوونی ژنانی جەزائیری لە ژێر چەتری پەرلەماندا دەسەلمێنن، چونکە پیاو هەرچەندە درکپێکردنی فراوان بێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە وردەکارییەکانی سەختی ڕۆژانەی ژنان تێبگات یان داکۆکی لێ بکات بە هەمان ئەو هێزەی کە خۆی بەرگری بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە گەیشتن بە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە کە ئامانجە ڕاستەقینەکە بەدی بهێنێت، بە ناچاری بە خوێندنەوەیەکی قووڵ و ڕاستگۆیانە بۆ دیاردەی بایکۆتکردنی توندی هەڵبژاردن کە لەم خولەدا تۆمارکراوە، شیکردنەوەی هۆکارە مەیدانییەکانی بۆ چارەسەرکردنی لە بنەڕەتەوە تێدەپەڕێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە لە پشت ئەم ژمارە بێ هیواکەرانەوە دووڕیانێکی دوولایەنە هەیە کە نەک تەنها ڕووبەڕووی کاندیدی ژن دەبێتەوە، بەڵکو لە خودی دەنگدەری ژنەوە دەست پێدەکات، لەگەڵیدا گشتاندنی چەمکی بایکۆت بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەستنیشانکردنێکی ناتەواوە، ئامادەنەبوونی ژنان جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ خۆبەدوورگرتنی پیاوان لەناو دەنگدەراندا هەیە.

 

چونکە ژن لە زۆرێک لە بارودۆخەکاندا بە بڕیارێکی هۆشیارانە بایکۆتی سندووقەکانی نەکردووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا لە هاوکێشەی پەیوەندیی سیاسی لادراوە بەهۆی ئەوەی کە کەناڵە نەریتییەکانی پەیوەندی "لەلایەن پیاوانەوە و بۆ پیاوان" دیزاین کراون، وەک قاوەخانەکان، کۆبوونەوەکان، ئەو شەقامانەی کە ژنان بە ئاسانی تێیاندا ئامادە نابن، ئەمەش بەربەستێکی کۆمەڵایەتی جدی لەبەردەم کاندیدە پیاوەکاندا دروست دەکات بۆ گەیشتن بە شوێنی ئامادەبوونی دەنگدەرانی ژن، بوونی ژنان لە پەرلەمان دەکاتە بەدڵنیاییەکی چارەنووسساز بۆ گەیشتن بە توێژە بەرفراوانەکان کە کەس نوێنەرایەتییان ناکات و دەنگیان پێناگات.