"ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نەتەوەیی دەکەین"
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە لە بارەی سەردانەکانیان لە باشووری کوردستان وتی: ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نەتەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا و دامەزراندنی حکومەتی کاتی، فشارەکان لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە زیادی کردووە، گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان چەندین ساڵە بەرخۆدانی بێ وێنە بەڕێوەدەبەن و سەرکەوتنیشیان بە دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک مۆر کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی ١١ ساڵ هێرشی بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە و ئامانجی لەناوبردنی سیستمی پێکەوە ژیانی دیموکراتییانەی گەلانە، دواین هێرشیش، بۆردوومانی کاروانی گەل بوو لە کاتێکدا بۆ پارێزگاری لە بەنداوی تشرین بە کاروانێک لە کۆبانێوە بەرەو بەنداوەکە بەڕێکەوتبوون.
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە باس لەوە دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کوردان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هاوکاری ماددی و مرۆییان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کۆکردەوە، وەک کەنەکەش لە ڕێگەی کار و چالاکییەوە کاریان کردووە بۆ دانپێدانان بە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا، وتیشی: لەم قۆناغەی ئێستاماندا کار و خەباتمان چڕتر دەکەینەوە، سەردانی لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتووی دەکەین، تا بتوانین هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بکەین، هەروەها ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نەتەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەکەین تا کۆدەنگی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی گەل کۆبکەینەوە.
زەینەب موراد لە درێژەی بابەتەکەدا وتی: یەکڕیزی و کۆدەنگی گەلی کورد بەدی دەکرێت، ئەرکی ئێمەیە هەڵبستین بە یەکخستنی ئەو کۆدەنگییەی لە ناوچەکەدا هەیە، لە ڕێگەی بەشداریکردنی کەسایەتی سیاسیی، مامۆستایانی ئایینی و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تا پاڵپشت بین بۆ داخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە باشووری کوردستاندا دەبینین ژنان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرخۆدانیان سەری تەواوی ژنانی کوردیان بەرزکردەوە، بە بەرخۆدانی سەربازییان تەواوی ئەقڵیەتی پلە دووی ژنانیان بە درۆخستەوە، ئێمەی ژنان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەبێت هەوڵ بۆ کۆدەنگیمان بدەین هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان تا ڕۆڵی گرنگمان هەبێت لە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەماندا، نابێت ئەو بارودۆخەی لە باشووری کوردستاندا ژنان و بارودۆخی ئابووری پێدا گوزەر دەکات بکەینە هۆکاری نەبوونی هەڵوێست دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.
"بەرخۆدانەکانی کورد لە تەواوی جیهاندا بەردەوامی دەبێت"
لە کۆتاییشدا زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، لە ماوەی نزیکەی مانگێکە لە باشووری کوردستان و دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکان دەکەن، وتی: لە دوای ئەو دۆخەی لە سووریا ڕوویدا دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانی چڕتر کردەوە، لە عەفرینەوە تا سەرێکانی و ناوچەکانی دیکە بەردەوام لە ڕێگەی هێرشەکانەوە جەنگی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام گەلی رۆژئاوای کوردستان بە هۆکاری هەبوونی ئەزموونی بەرخۆدانی ساڵانی پێشوو لەسەر خاکی رۆژئاوا دژ بە چەتەکانی داعش، سەرەڕای دۆخە سەختەکەیان بەڵام بەرخۆدانیەکی گەورە بەڕێوە دەبەن، لە ئێستادا قەسەدە لەسەر پێیە بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیش لە سووریادا دەیەوێت ئیدارەیەکی دیموکراتی لە ناوچەکەدا بونیاد بنێت، کورد لە ڕێگەی پڕۆسەی ئاشتیەوە دەیەوێت لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن، بانگەوازیەکانی قەسەدەش بۆ دیالۆگێکی ئاشتیانەیە، بەڵام ئەوە مانای دەستبەردان لە بەرخۆدان نابێت، هەر ئەو بەرخۆدانەیە بۆتە هۆکاری چەسپاندنی مافی گەلەکەمان لە وڵاتاندا، ئێمەش وەک کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لە ڕێگەی هەڵوێستەکانمانەوە پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، کوردیش ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆ دەرخستنی تواناکانیان لە تەواوی جیهاندا.